ئه‌مریكیه‌كان دابه‌شبون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا.. تره‌مپ چى وت‌و ئێستا چى ڕوده‌دات؟

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌ساته‌وه‌ختى هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ بەدروشمێكى گەورەوه‌ هاته‌سه‌ر ته‌ختى شانۆو سەبارەت بەگەڕاندنەوەی ئاشتی‌و کۆتاییهێنان بەشەڕە جیهانییەکان ڕوى له‌هه‌ڵمه‌تى له‌هەڵبژاردنەكان كرد.


لەوتارو چاوپێکەوتنەکانیدا به‌ر له‌وه‌ى ببێته‌ سه‌رۆك، به‌رده‌وام جەختیده‌كره‌وه‌، ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئاشتی لەجیهاندا جێگیردەکات‌و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا چارەسەردەکات.

یەکێک لەگرنگترین بەڵێنەکانیشى کۆتاییهێنان بوو بەشەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا؛ ترەمپ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد، دەتوانێت لەیەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم شەڕە بوەستێنێت، هەروەها شەڕی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل کە ئێستا گەیشتوەتە قۆناغێکی زۆر هەستیارو خوێناوی.

ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنیدا ئەمریکا لەخەرجییە سەربازییە قورسەکان دوربخاتەوەو دیپلۆماسی لەپێشینەی کارەکانیدا دابنێت.

ئەو بەڵێنیدا هەردوو لایەنی ململانێکان ئێران‌و ئیسرائیل بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان.

لەهەمانکاتدا ئاماژەی بەوەدا، ئامادەیە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان وەک ڕوسیاو چین کاربکات بۆ دامەزراندنی ئاگربەستێکی بەردەوام لەناوچەکەدا، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل‌و هێرشی قورسی هەردولا بۆ دامەزراوە سەربازیی‌و مەدەنیەکان، ئەم بەڵێنانە چونەتە قۆناغی تاقیکردنەوە.

لەم شەڕە ئێستا كه‌ جیهانى سه‌رقاڵكردوه‌و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی وردی بۆ سەر دامەزراوە سەربازیی‌و ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامداوەو ئێرانیش وه‌ڵامێكى توندى داوه‌ته‌وه‌، تره‌مپ له‌ئاستى بڕیارو به‌ڵێنه‌كانى هه‌ر ڕۆژه‌ى قسه‌یه‌ك ده‌كات.

ئەم دۆخە، ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى بەرەو قۆناغێکی هەستیار  بردوە، سەرکردەکانی ئیسرائیل باس لەچونە ناو "خاڵێکی نەگەڕانەوە" دەکەن‌و بەرپرسانی ئێرانیش بەڵێنی وەڵامدانەوەی توندتر دەدەن، لە کەشێکی ئاوادا هیوای ئاشتییەکی دەستبەجێ لەهەموو کاتێک لاوازتر دەردەکەوێت.

ترەمپ سەرەتا داوای لەئیسرائیل کرد کە دان بەخۆیدا بگرێت، بەڵام دوای هێرشەکان بە"سەرکەوتوو و پێویست‌و نایاب" ناوی بردو ڕایگه‌یاند، "ئەمکارانەی ئیسرائیل لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران تەسلیم بێت‌و بەرەو ڕێککەوتن هەنگاو بنێت".

تره‌مپ لەلێدوانەکانی ئەمدواییەیدا دوپاتیکردەوە، دەیەوێت دەستبەجێ کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت‌و ڕایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، ئەو بابەتەیان تاووتوێکردوە.

له‌ئەمریكاش دوبەرەکی لەنێوان لایەنگرانی تره‌مپدا پەرەیسەندوە، بەشێک لەکۆمارییەکان پێیانوایە، ئەو لەدروشمی "ئەمریکا یەکەم" دورکەوتوەتەوەو ڕێگه‌یەکی شەڕخوازی گرتوەتەبەر.

لەبەرامبەردا بەرەیەکی دیكە کە لایەنگری ئیسرائیلن، پشتیوانیی لەکردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکەن‌و دەیانەوێت ترەمپ هەڵوێستێکی شەڕانگێزانەتر بگرێتەبەر.

به‌بڕواى چاودێران ئەوەی ڕونە ئەوەیە، ترەمپ ڕوبەڕوی تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورس دەبێتەوە، دروشمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەبارەت بەگەڕاندنەوەی ئاشتی لەگەڵ واقیعێکی توندو پشێوی لەسەر زەوی بەرەو ڕوبوەتەوە.

هه‌روه‌ك شرۆڤه‌كاران بۆچونیان وایه‌، ئەدای تره‌مپ لەبەرامبەر شەڕی ئێران‌و ئیسرائیلدا ئەوە دەردەخات کە ئاشتی زیاتر ئامرازێکە بۆ یاری سیاسیی، نەک پرەنسیپێکی درێژخایەن بۆ سەرۆکی ئەمریکا.

بەپەلە