شارپرێس:
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: دەسەڵاتی ئێران بە ڕەشبگیری و شەپۆلی نوێی سێدارە دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک بکاتەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی لەسێدارەدانی دوو گەنجی خەڵکی سەردەشت و گەنجێکی خەڵک پشدەر دەڵێت، لەسێدارەدانی ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ لە کاتێکدایە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەوەندەی زاندراوە سێ کەسی دیکەش هەر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە لە سێدارە دراون و ئەم بابەتە بۆتە جێگای مەترسیەکی جیددی بۆ سەر خەڵکی ئێران بە گشتی و دەسپێکی زنجیرەیەک کوشتار و لەسێدارەدانی خەڵکی بێتاوان بە تۆمەتی بێبنەمای هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
هەروەها دەشڵێت، هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی ئەم شەش کەسە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سەدان کەسیش لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی دیکەی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و تۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە دژە مرۆییەی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بیروڕای گشتیی جیهانی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاگادار دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دۆخەی ئێستایدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ئێران شەپۆلێکی دیکە لە گرتن و لەسێدارەدانی خەڵکی وەڕی خستوە و لە هەمان کاتدا دەیهەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک و زیندانییانی سیاسی بکاتەوە. وێرای وریاییدان لە ئەگەری وەها تاوانێک، داوا لە هەموو ڕیکخراوە سیاسییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی وڵاتان و پێشگرتن لە کارەساتێکی وا بخەنە گەڕ.
ئ.ه
