نه‌وه‌ى نوێ قسه‌كانى بارزانى ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.."پاره‌ى موچه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌و نایده‌ن به‌موچه‌خۆران"

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فراكسیۆنى نه‌وه‌ى وه‌ڵامێكى توندى قسه‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پاره‌ى موچه‌ به‌زیادیشه‌وه‌ له‌هه‌رێم له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌ڵام موچه‌ى پێناده‌ن".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا فراكسیۆنى نه‌وه‌ى لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت:"لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بەگشتیی‌و موچەخۆران بەتایبەتی چاوەڕوانبون حکومەتی هه‌رێم لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاربدات لەسەر دابەشکردنی موچە لەو پارەیەی نەوت‌و داهاتی ناوخۆ کە لاى پارتی‌و یەکێتیە، کەچی سەرۆکی حکومەت دیسان لەسەر شاشەکان دەرکەوتەوەو شکستی خۆیی‌و جێگرەکەی سەلماندەوەو بێشەرمانە دەڵێ موچەمان پێنادرێت لەگەڵ ئەوەی 23 ترلیۆن دیناریان لەبەردەستدایە هی داهاتی ناوخۆو نەوت". 

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت، دزییەکی بێشەرمانەیه‌، به‌بێ گوێدانه‌ ژیان‌و گوزەرانی خەڵکى كوردستان".

فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ڵێت، "سەرۆکی حکومەت دیسانەوە باس لەوەدەکات کە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن بۆ ڕێککەوتن، لەکاتێکدا هەر ئەم حکومەتە پابەندی هیچ یەکێک لەو ڕێککەوتنانەی پێشتر نەبوە کە کردویەتی‌و هاوکات پابەندی بریاری دادگای فیدراڵیش نەبوە، چ بە ڕادەستکردنی نەوت‌و داهاتەکان‌و چ بەتەوتینکردنی موچەی موچەخۆران".

له‌كۆتاییشدا نه‌وه‌ى نوێ نوسیویه‌تى، "قسەکانی سەرۆکی حکومەت سەلماندی کە پارتی‌و یەکێتی دوو هێزی شکستخواردون‌و هیچ باکیان بەژیان‌و گوزەرانیی هاوڵاتیان نییەو پارەی داهاتی نەوت‌و داهاتی ناوخۆیان زۆر لا گرنگترە لەژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان‌و موچەخۆران، ئەگەرنا بەپێچەوانەی قسەکانی سەرۆکی حکومەت، داهاتی ناوخۆو پارەی نەوت زۆریشی زیادە بۆ دابەشکردنی موچە".