شارپرێس:
بەرپرسێکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، شەڕی ئێرانو ئیسرائیل سەلماندی پرۆسەی ئاشتی چەندە گرنگو پێویستە، دەشڵێت:"نابێت دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی بەکاربهێنرێت".
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، لەنوێترین لێدوانیی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیای حزبەکەی، باسی لەپرۆسەی نوێی ئاشتی لەتورکیاو باکوری کوردستانو شەڕی نێوان ئیسرائیلو ئێران کرد.
لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەتورکیاو باکورو هەنگاوەکانی دوای کۆنگرەی 12ی پەکەکە؛ هاوسەرۆکی کەجەکە وتویهتى، "ئەوەی لەسەر شانمان بوو لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بەتەواوی جێبەجێمان کردوە، ئێستا نۆرەی حکومەتی تورکیایە هەنگاوی کردەیی پێویست بۆ مەبەستە بنێت".
لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا، ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە"تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە"چارەکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
هاسەرۆکی کەجەکەش بەپێویستی دەزانێت، بەرپرسانی تورکیا چیدیکە دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەکارنەهێنن، چونکە وەکو خۆی وتی:"ناوی پرسەکە پرۆسەی نوێی ئاشتییو کۆمەڵگەی دیموکراسییەو دەبێت هەموان ئەو دەستەواژەیە بەکاربهێنن".
هۆزات جهختدهكاتهوه، "لەکۆنگرەی 12 لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، چەکدانانو ڕاگرتنی شەڕماندا، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگبوو، بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی، ئێستا دەبێت حکومەتی تورکیاش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ هەنگاوێکی پێویستی نەناوە".
