شارپرێس داتاو ئامارى مەترسیدارى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاشكراده‌كات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3927 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ده‌زگاى میدیایى شارپرێس، داتاو ئامارى مەترسیدارى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاشكراده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌رى شارپرێس-یش ده‌ڵێن:"ئێمە لەبەردەم مەترسیەكی گەورەداین، مەترسییەك پێویستی بەهەڵوەستە لەسەركردنە".


سبەینێ 26ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانیی ڕوبەڕوبونەوەی بازرگانیی‌و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرە لەسه‌رتاسه‌رى جیهاندا، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ناوه‌ندى توێژینه‌وه‌ى شار له‌ده‌زگاى میدیایى شارپرێس دیدارێكى ئه‌نجامدا.

له‌دیداره‌كه‌دا هاوكار عزه‌ت میكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ده‌زگاى میدیایى شارپرێس ڕایگه‌یاند، "ئەم چالاكییەی ئێمە دەبێتە بەشێك لەو هەڵمەتەو دەمانەوێت لێرەوە ڕایبگەیەنین، كە ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی نیشتمانی، ئەم هەڵمەتەش بەپشتیوانی ئێوەی بەڕێز لەسلێمانییەوە دەستپێدەكەین‌و ئامانجمانە لەتەواوی کوردستان کۆدەنگییەکی فراوان دروستبکەین بۆ ڕوبەڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر".

ده‌شڵێت:"ئەوەی هاندەری ئێمە بوو بۆ ئەم هەڵمەتە، ئەو داتاو زانیاریانەیە كە دەستمانكەوتون‌و بەشێكیان لەلایەن هەندێك لایەنی فەرمیەوە بڵاوكراونەتەوە، داتاكان پێماندەڵێن، ئیمە لەبەردەم مەترسیەكی گەورەداین".

ئه‌وه‌شى وت:"مەترسییەك پێویستی بەهەڵوەستە لەسەركردنەو لەبەرامبەر مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەكاندا هەموان ئەرکدار دەکات تا بەیەکەوە کاری هاوبەشی نیشتمانی بكەین‌و ببینە بەشێک لەپرۆسەی بەگژداچونەوەی ئەو دیاردەیە".

به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاى میدیایى شارپرێس ئه‌وه‌شى باسكرد، "ئەمڕۆ هەرێمی کورستان سەرباری گرفتە زۆرەکانی، لەبەردەم  مەترسییەكی دیکەشدایە، ئەویش مەترسی بڵاوبونەوە، بازرگانیکردن‌و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرە، ئەم مەترسییە، ئەگەر پێشی پێنەگیرێت، دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر بەشیکی زۆر لەخێزان‌و كۆمەڵگەکەمان، ئەگەر مادەی هۆشبەر، وەک مەرگێکی هێواش‌و لەسەرخۆ پێناسەکرابێت، به‌گوێره‌ى ئامارو داتاکان، ئێستا کۆمەڵگەی کوردی تاڕادەیەک لەبەردەم ئەم مەترسییەدایە".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "به‌گوێره‌ى ئەو ڕاپۆرت‌و بەدواداچون‌و لێکۆڵینەوانەی ئێمە لەدەزگای میدیایی شارپرێس لەدوو ساڵی ڕابردودا ئەنجاممانداون، داتاو ئامارەکان هێندە مەترسیدارن، لەهەموان  دەخوازێت پێکەوە ڕوبه‌ڕوى ئەم مەترسییە ببینەوە، تاڕێگە نەدەین ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و سەلامەتی نەوەكانمان بكرێتە قوربانی چاوچنۆكی بازرگانەكانی مادەی هۆشبەر".

داواشیكرد، "مامۆستایانی زانکۆ، ڕۆشنبیران، پەروەردەکاران، نوسەران، مامۆستایانی ئایینی، ڕێکخراوەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن‌و تەواوی چین‌و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکەمان بانگهێشتدەکەین، بفەرمون ببنە بەشێک لەم هەڵمەتەو خاوەندارێتی دۆزێکی وەها گرنگ‌و هەستیار لەئەستۆبگرن".

له‌كۆتاییشدا وتى:"دیارە مەترسییەكی گەورەی لەمجۆرە، تەنها ئەركی لایەنێك، یان گروپێك نییە، بۆیە لێرەوە داوادەكەین ئەم دیدارەی ئەمڕۆمان بىێتە هەنگاوێک، تا هەمومان پێکەوە ڕوبەڕوی مادە هۆشبەرەکان ببینەوە‌و بەیەکەوەش پڕۆژەیەكی نیشتمانی هاوبەش ئامادەبكەین تا بتوانین هەنگاوی کرداری بنێین‌و خۆمان‌و ئازیزانمان لەمەترسیەکانی ئەم دوژمنە ڕزگاربکەین".