به‌بڕیارى په‌رله‌مانى ئێران كاركردن له‌گه‌ڵ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ئه‌تۆم ڕاگیرا

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3227 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێران هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕاگرت، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت، "خێراتر لەجاران لەپەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان بەردەوامدەبین".


ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی ئێران بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای کۆتاییهێنان بەهەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەندکرد.

لەکۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبوی کۆبونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بە(بەڵێ) دەنگیان بەپرۆژەیاساکەدا، تەنها دوو پەرلەمانتار دەنگیان (نەخێر) بوو، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لەئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکەو نوێنەرانی بکات؛ هەرکەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت.

محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا وتى:"بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمیی ئێران خێراتر لەجاران بەرەوپێش دەڕوات‌و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش تائەوکاتەی لەڕوی ئاساشیەوە گەرەنتی دەکرێت، هەموو هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەپسێرێت".

سه‌باره‌ت به‌شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئەمریکا خۆڕاگریی گەلی ئێرانی بینی کە بەو نمایشەی کردی، خۆی لەدۆخەکان دەرباز کرد".

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، "دەبێت هەمولایەک ئەوە بزانێت، پیشەسازیی ئەتۆم لەئێران ڕەگ‌و ڕیشەیەکی پتەوی هەیەو ناتوانرێت ئەم پڕۆژەیە لەڕەگەوە هەڵبکەنرێت".

کەمالوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەلەبەرچاوگرتنی ئەو تواناو تایبەتمەندییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەجێبەجێکردنی سروشتی پڕۆژەی وزەی ئەتۆم هەیەتی، دەبێت بایەخ‌و درێژە بەبەرنامەی ئەتۆمی بدرێت، هەربۆیە هیچ ڕاگرتنێک لەئارادانییە".