شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا جەختدهكاتهوه لهسهرئهوهى، ئەندامبونی ئۆکرانیا لەیەکێتیی ئەوروپا لەکاتێکدا کە لەململانێدایە، بژاردەیەکی دادپەروەرانە نییە بۆ ئەندامەکانی، دهشڵێت:"ئامانجی دامەزراندنی یەکێتیی ئەوروپا گەیشتن بەئاشتی بوە نەک ململانێ".
لەپۆستێکدا لەپلاتفۆرمی ئێکسی خۆی، ڤیکتۆر ئۆربان نوسیویەتی:"یەکێتیی ئەورووپا بۆ هێنانەدی ئاشتیو خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتانی ئەندام دامەزراوەو قبوڵکردنی وڵاتێک کە لەجەنگدایە لەگەڵ ڕوسیا، ڕاستهوخۆ یەکێتییەکە دەخاتە ناو ململانێی ڕاستەوخۆوە".
وتوشیهتى، "نا دادپەروەرییە چاوەڕوانی مەترسییەکی لەو شێوەیە لەهەر وڵاتێکی ئەندام بکرێت".
لێدوانەکانی ئۆربان لەوەڵامی داواکەی زێلێنسکی هات، بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەستپێکردنی دانوستانەکانی بون بەئەندامبون لەگەڵ کیێڤ خێراتر بکات، ئەمەش دوای یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ لەلاهای.
زێلێنسکی هەنگاریای تۆمەتبارکرد بەوەی، چەندینجار ڕەتیکردوەتەوە پشتگیریی لەپرۆسەی ئەندامبونی ئۆکرانیا بەناتۆوە بکات.
پێشتریش ئۆربان وتبوى، "یەکێتیی ئەورووپا هەوڵدەدات پێش ساڵی 2030 پەیوەندیی بەئۆکرانیا بکات، بەڵام هەنگاریا قسەی کۆتایی لەبڕیارەکەدا دەبێت. هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەمجۆرە ئەندامبونە ئابوریی هەنگاریا لەناودەبات".
ئۆربان هەروەها یەکێتیی ئەورووپای تۆمەتبارکرد بەوەی نایەوێت یارمەتی ئۆکرانیا بدات، بەڵکو زیاتر کۆڵۆنیالیزەکردنی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، ناچارکردنی کیێڤ بۆ بەردەوامبون لەململانێکان یەکێکە لەشێوازەکانی ئەو جۆرە کۆڵۆنیالیزکردنە.
جەختیشیکردەوە، بوداپێست پاڵپشتی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، بەڵام دژایەتی یەکگرتنی خێرای ئۆکرانیا دەکاتو بەبێ ڕەزامەندی هەنگاریا، کیێڤ هەرگیز ناتوانێت بچێتە ناو یەکێتییەکەوە.
لەمانگی شوباتی 2019 هەموارکردنەوەکان لەدەستوری ئۆکرانیادا پێشکەشکرا کە ئاراستەی ئەوروپیو یۆرۆ ئەتڵەسی وڵاتەکەی دیاریکردبوو، ئەمەش ئامانجی ستراتیژی وڵاتەکەی دامەزراند کە بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواوەتی لەهەردوو یەکێتیی ئەوروپاو ناتۆ.
لای خۆیەوە ڕوسیا چەندینجار جەختی لەوەکردوەتەوە، گەڕانەوەی ئۆکرانیا بۆ بێلایەنی، بەدەر لەهەر هاوپەیمانییەکی سەربازیی، هاوپەیمانی نەکردنو چەکداماڵینی نائەتۆمی، یەکێکە لەمەرجەکانی مۆسکۆ بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئۆکرانیا.
