مژدە نەورەس:
٢٤/٦/٢٠٢٥
لە دوای
بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٦، حکومڕانی
سیاسی سوریا بەهۆی زنجیرەیەک کودەتای سەربازی و گۆڕانی بەهۆی ململانێ لەسەر دەسەڵات
و ناسەقامگیر سوریاوە ڕێڕەوی تایبەتی و مێژووێکی زنجیرەیی خۆی وەرگرتووە. سەردەمی
دوای سەربەخۆیی سوریا ئەو گۆڕانکارییە دیموکراسییە چاوەڕوانکراوەی بەدی نەهێنا. بەڵکو
دەرگای دەستێوەردانی دووبارەی سەربازی بۆ ناو سیاسەت کردەوە، لە ڕێگەی ڕووخانی ڕژێمەکانی
پێشوتر بەڕێگایی توندوتیژی و سەرکردایەتی تاکڕەوانەی خۆیان. لە ساڵی ١٩٤٩ بەدواوە
سوریا چەندین کودەتای بەخۆیەوە بینی کە دامەزراوە کۆمارییەکانی سوریان پوکاندەوە.
ئەم ساڵ و ڕووداوانە دواجار زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی حزبی بەعس خۆش کرد لە ساڵی
١٩٦٣، کە سیستمێکی مەرکەزی و یەک حزبی بنەماڵەیی ئەسەدی سەپاند کە تاوەکو ٨ی
کانوونی دووەمی ٢٠٢٤بەردەوام بوو... لە داڕشتنی حوکمڕانی وڵات. دوای کۆتایی هاتنی
ئیدارەی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٦، سوریا بوو بە کۆمارێکی سەربەخۆ.
لە کاتی
سەربەخۆییەوە سوریا چەندین سەرۆکی هەبووە، هەندێکیان بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراون
و هەندێکی دیکەشیان بە کودەتای سەربازی تەحدایان کردووە و هاتوونەتە سەر دەسەڵات.
سەرۆکەکانی سوریا دوای کۆتایی هاتنی ئیختیاری فەرەنسا (١٩٤٦ بەدواوە):
یەکەم/
شوکری القواتلی Shukri
al Quwatli (١٩٨١-١٩٦٧):
لە نێوان
ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٩ یەکەم سەرۆکی سوریای سەربەخۆ و کەسایەتییەکی سەرەکی مێژووی عەرەبە
لەسوریا. لە هەڵبژاردنی گشتی لە کاتی ئیختیاری فەڕەنسا هەڵبژێردرا و تەنانەت دوای
سەربەخۆیییش بە سەرۆکایەتی ماوەتەوە.
شوکری ئەلقواتلی
لە ساڵی ١٨٩١ لە دیمەشق لەدایک بووە کە ئەوکاتە دیمەشق لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی
عوسمانیدا بووە. خێزانەکەی دەوڵەمەند و خوێندەوار بوون، پەروەردەیەکی ڕۆشنبیری و ئەخلاقی
باشی وەرگرتووە. لە ئەستەنبوڵ ئەندازیاری خوێندووە، پاشان پەیوەندی بە بزووتنەوە
ناسیۆنالیستییە عەرەبییەکانەوە کردووە کە هەوڵی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی
عوسمانییان دەدا.
لە سەردەمی
جەنگی یەکەمی جیهانی شوکری قوواتلی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی
عوسمانی پشتگیری لە ڕاپەڕینی عەرەبی (١٩١٦-١٩١٨) کرد، کە ئامانجی ڕزگارکردنی عەرەبەکان
بوو لە داگیرکاری عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەبی لەسوریا. لە کۆتایی
شەڕەکەدا، لەگەڵ ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، شوکری ئەلقواتلی هیوای خواست دەوڵەتێکی
عەرەبی یەکگرتوو لە ژێر چاودێری سەرکردایەتی هاشمیەکاندا دابمەزرێت. بەڵام کاتێک ئیختیاری
فەرەنسا بەسەر سوریادا سەپێنرا (بەپێی ڕێککەوتنەکانی سایکس پیکۆ و بڕیارەکانی کۆنفرانسی
سان ڕیمۆ)، خەباتی خۆی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە گۆڕی بۆ دەسەڵاتی نوێی کۆلۆنیالیزم.
شوکری
القواتلی لە دامەزرێنەرانی پارتی نەتەوەیی (الحزب الوتانی) بوو، ئەو پارتە خاوەنی
ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی بوو، کە دژایەتی ئیدارەی فەرەنسی دەکرد و بۆ سەربەخۆیی سوریا
خەباتی دەکرد. لە ساڵی ١٩٤٣ لە ماوەی ئیختیاری بەڵام لە سەروبەندی سەربەخۆیی سوریادا
هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدرا و شوکری ئەلقواتلی بە سەرۆکی سوریا هەڵبژێردرا. دوای ئەوەی
فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٦ بە تەواوی کشایەوە، شوکری بووە یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی سەربەخۆی
کۆماری سوریا... لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٩ و دوای شکستی سوریا لە شەڕی سەربەخۆیی
ئیسرائیل و گرژییە ناوخۆییەکان، یەکەم کودەتای سەربازی لە سوریا بە سەرۆکایەتی
حوسنی ئەلزەعیم ڕوویدا و تیایدا شوکری القوتالی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. دواتر
دوور خرایەوە بۆ میسر، هەر بۆیە دواتر لە ساڵی ١٩٥٤ دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەدیب
شیشخلی هەوڵێک درا بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دیموکراسی. شوکری قوتالی گەڕایەوە بۆ
زێدی خۆی، لە ساڵی ١٩٥٥دا بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرایەوە. لەم ماوەیەدا هەوڵەکانی
بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عەرەبی وەبەرهێنا و بەتایبەتی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ
جەمال عەبدول ناسر لە میسردا پەرەپێدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە شوکری یەکێک بوو لە
دیارترین لایەنگرانی دامەزراندنی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی (RAU)، کە یەکێتییەکی کاتی نێوان سوریا و میسر
(١٩٥٨-١٩٦١) بوو.
لەگەڵ کۆتایی
هاتنی یەکێتییەکە، بە تەواوی لە ژیانی سیاسی دابڕا تاوەکو لە ساڵی ١٩٦٧ لە بەیروت
کۆچی دوایی کرد.
دووەم/
حوسنی زەعیم Husni
al Zaim(١٨٩٧- ١٩٤٩):
حوسنی زەعیم
لە ساڵی ١٨٩٧ لە شاری حەلەب لەدایک بووە، لە بنەماڵەیەکی کوردی سوننە گەورە بووە و
لە سوپای عوسمانی دەستی بە کاری سەربازی کردووە. پاشان لە سەردەمی مانداتدا لە
سوپای فەرەنسادا خزمەت دەکات، و بەدرێژایی ساڵان ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە وەک
ئەفسەرێکی بە ئەزموون. تا ئەو کاتەی سوریا سەربەخۆیی بەدەستهێنا لە ساڵی ١٩٤٦دا، پێشتر
گەیشتبووە پلەی جەنەڕاڵ و پۆستی باڵای لە سوپای سوریادا هەبووە. حوسنی ئەلزەعیم یەکەم
کەسایەتی ناوەندی بوو کە سەرکردایەتی کودەتای سەربازی لە سوریا کرد دوای بەدەستهێنانی
سەربەخۆیی لە فەرەنسا. دەسەڵاتی ئەو زۆر کورت بوو تەنها بۆ ماوەی ٤ مانگ حوکمڕانی
کردوە دواتر بە کودەتایەکی دژە دەسەڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. هەروەها حوسنی
ئەلزەعیم یەکەم سەرکردەی عەرەب بوو کە ڕازی بوو بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ
دەوڵەتی ئیسرائیل (تەمموزی ١٩٤٩) کە هەنگاوێکی زۆر مشتومڕی لەسەر بوو لە جیهانی عەرەبیدا
لەو کاتەدا.
سیاسەتی
سەربەخۆ و خێرای ئەو دژایەتییەکی توندی چ لە سوپا و چ لە نێو نوخبەی سیاسیدا،
وروژاند. لە ١٤ی ئابی ١٩٤٩، تەنها چوار مانگ دوای کودەتاکە، کودەتایەکی دیکەی سەربازی
لەدژی ئەنجامدرا، بە سەرۆکایەتی عەقید سامی ئەلحیناوی. ئەلزەعیم دەستگیرکرا و لە
دادگایەکی سەربازیی دادگایی کرا و دوای دوو ڕۆژ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی موحسین ئەلبەرازی
لەسێدارەدرا.
سێیەم/
سامی الحناوی Sami
al Hinnawi (١٩٨٩-
سامی ئەلحیناوی
ئەفسەرێکی باڵا و ئەو حاکمە سەربازییەی لە سایەی کودەتاکاندا حکومڕانی دەرکرد، لە
ساڵی ١٨٩٨ لە شاری حەلەب لەدایک بووە. سامی الحناوی زیاتر ڕۆڵی لە سیاسەتی ساڵی
١٩٤٩دا زۆر بەدیارکەوت، ئەو یەکێک بوو لەوانەی لە پشت یەکێک لەو سێ کودەتایە بوو کە
لە ١٩٤٩ ڕوویدا ئەو ساڵە نازناوی "ساڵی کودەتاکان"ی لێنرا. دوای ئەوەی
حوسنی ئەلزەیم بە کودەتایەکی سەربازی لە مانگی ئازاری ساڵی 1949 هاتە سەر دەسەڵات،
گرژی و ڕەخنە لە دژی زیاتر بوو، بە تایبەت لە نێو ئەفسەرە پلە باڵاکاندا. بۆیە لە
١٤ی ئابی هەمان ساڵ سامی ئەلحیناوی سەرکردایەتی کودەتایەکی سەربازیی کرد لەدژی
حوسنی ئەلزەعیم و دەستگیری کرد و دوو ڕۆژ دواتر خۆی و سەرۆک وەزیرانی موحسین بەرازی
لەسێدارە دا.
لە کۆتایی
ساڵی ١٩٤٩ سامی ئەلحیناوی خۆی لە کودەتایەکی تردا لە پۆستەکەی لابرا، بە سەرۆکایەتی
عەقید ئەدیب شیشخلی. بە ناچاری لە لوبنان دەربەدەر بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ و لە کاتی دەربەدەری
لە بەیروت، لە٣١ی مانگی ١٠ی ١٩٥٠ سامی ئەلحیناوی لەلایەن خزمێکی حوسنی زەعیمەوە تیرۆرکرا،
ئەمەش وەک تۆڵەی لەسێدارەدانی حوسنی ئەلزەعیم.
چوارەم/
ئەدیب الشیشاکلی Adib
al Shishakli (١٩٠٩- ١٩٦٤):
ئەدیب ئەلشیشەکلی
لە ساڵی ١٩٠٩ لە شاری حومس لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەکی سوننە بە ڕەچەڵەک کورد. لە
سەردەمی مانداتدا لە سوپای فەرەنسا لە بالتیک دەستی بە کاری سەربازی کردووە، دواتر
دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی بە سوپای سوریاوە کردووە. بە پیاوێکی
سەربازی بەتوانا و کاریزما دادەنرا. تێوەگلانی سیاسی ئەدیب شیشکلی دوای زنجیرەیەک کودەتای
سەربازی لە ساڵی ١٩٤٩ دەستی پێکرد، کاتێک ئەدیب نزیک بوو لە حوسنی ئەلزەعیم، بەڵام
دوای دەرکردنی پەیوەندی بە کودەتاکەی سامی ئەلحیناوی کرد و پاشان، لە کۆتایی ئەو
ساڵەدا، بوو بە سەرکردەی سێیەم و کۆتایی کودەتای ئەو ساڵە پڕ لە ئاڵۆزییە. دوای سەرکوتکردنی
ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی حزبەکان لە ساڵی ١٩٥٣ ئەدیب شیشکلی هەڵوەشاندنەوەی
دەستوری ١٩٥٠ و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی ڕاگەیاند. خۆی بە سەرۆک کۆمار دانا، لە
هەڵبژاردنەکاندا.
حوکمڕانییەکەی
لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عەرەبیدا بوو، هەوڵیدا دەوڵەتێکی مەرکەزی
و مۆدێرن و عەلمانی بنیات بنێت. یەکەم هەوڵی بۆ قەدەغەکردنی پارتە سیاسییەکان بوو
(لەوانەش کەسانی کاریگەر وەک شیوعی و ئیخوان موسلیمین).
ئەدیب شیشاکلی
لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٤ و لەژێر هەڕەشەی ڕاستەقینەی شۆڕشی جەماوەری و داڕمانی
ناوخۆدا، خودی خۆی دەستی لەکارکێشایەوە و لە لوبنان و دواتریش لە سعودیە و ئەمریکای
باشوور بەرەو دەربەدەری دەچێت. لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەیروت لە لایەن ئەندامێکی بنەماڵەی
قوربانیانی دروز کە لە سەردەمی حوکمڕانیەکەیدا کوژرابوون، تیرۆر کرا.
پێنجەم/
شوکری قەواتلی Shukri
Al Quwatli (حکوومڕانیەکەی لە ماوەی خولی دووەمیدا ١٩٥٥-١٩٥٨):
شوکری
قوواتلی کە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم سەرۆکی سوریای سەربەخۆ بوو، لە
ساڵی ١٩٥٥ گەڕایەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، دوای چەند ساڵێک لە دەربەدەری سیاسی
بەهۆی کودەتای سەربازییەوە کە سوریای خستە سوڕێکی نوێوە. شوکری قوتلی لە بنەڕەتدا
بە سروشت کەسێکی میانڕەو بوو لە بەڕێوەبردندا، بۆیە هەوڵیدا هاوسەنگی لە نێوان ناسیۆنالیزمی
بەرزی عەرەبی و فشارە ناوخۆییەکان و پەرەسەندنی گرژییە نێودەوڵەتییەکان دروست
بکات. هەروەها کاری بۆ کەمکردنەوەی گرژیەکانی نێوان دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان
کردووە، بەڵام لە واقیعدا بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکەی لەماوەی خولی دووەمیدا ڕەمزی
بووە نەک کرداری. هەروەها لەماوەی خولی دووەمیدا هەوڵی زۆری دا بۆ نزیکبوونەوەی لە
جەمال عەبدول ناسر، سەرۆکی میسر. هەربۆیە دەستی کرد بە کارکردن لەگەڵ یەکێتی میسر
وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی سەقامگیری سیاسی سوریا. لە ساڵی ١٩٥٨دا ڕێککەوتنێک لە نێوان
سوریا و میسردا واژۆ کرا بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی نوێ، بەناوی کۆماری یەکگرتووی
عەرەبی (RAU) کە ئەم قەوارەیە بۆیە هۆی ئەوەی سوریا کورسێکی
لەنەتەوە یەکگرتووەکان لەدەست دا بۆیە شوکری قوتلی دەستی لە پۆستی سەرۆک کۆمار کێشایەوە،
پێی وابوو یەکێتییەکی فراوانی عەرەبی ئامانجێکی مێژوویی بەرزە کە دەسەڵاتی شەخسیش
بۆی بکرێتە قوربانی. دوای یەکگرتنەوە شوکری قوتلی لە سیاسەت دوورکەوتەوە و گەشتێکی
بۆ قاهیرە کرد و لەوێ لەلایەن جەمال عەبدول ناسرەوە بە شەرەفەوە پێشوازی لێکرا. دواتر
وەک کەسایەتییەکی ڕێزدار مایەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام بەشداری سیاسییەکەی
بە شێوەیەکی کاریگەر بە دامەزراندنی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی کۆتایی هات.
ـ❪سەرۆکەکانی
سەردەمی یەکێتی لەگەڵ میسر ❨کۆماری یەکگرتووی عەرەبی
١٩٥٨-١٩٦١❩❫
جەمال عەبدول
ناسر Jamal
Abdel Nasser سەرۆکی میسر و هاوکات سەرۆکی یەکێتییەکە بوو کە لەگەڵ سوریا پێکیان
هێنا، بەڵام سوریا لەو ماوەیەدا سەربەخۆ نەبوو. دوای ماوەیەکی کورت، گرژیی ناوخۆیی
لە سوریا سەریهەڵدا، بەهۆی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی میسرییەکان و هەڵوەشاندنەوەی
لایەنەکانی سوریا و زیانگەیاندن بە ئابووری... چەندان هۆکاری تر. لەبەر ئەم هۆکارانە
لە ٢٨ی ئەیلولی ١٩٦١ ئەفسەرانی سوریا کودەتایەکی سەربازییان لە دیمەشق ئەنجامدا و
کشانەوەی سوریایان لە کۆماری یەکگرتووی عەرەبی ڕاگەیاند و دەسەڵاتی سەربەخۆیان گەڕاندەوە
و کورسی نەتەوە یەکگرتوەکانیشیان وەرگرتەوە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی
کۆماری یەکگرتووی عەرەبی یەکەم کەس دەسەڵاتی گرتبێتە دەست:
شەشەم/
نازم ئەلقودسی Nazim
al Qudsi (١٩٠٦-١٩٩٨):
نازم
قودسی لە ساڵی ١٩٦٠لە شاری حەلەب لەدایکبووە، کە یەکێکە لە شارەکانی ناوەندی و سیاسی
سوریا. کوڕی بنەماڵەیەکی موسوڵمانی سوننە، و لە تەمەنێکی بچووکەوە خوێندنی ڕۆژئاوایی
وەرگرتووە. خوێندنی ئەکادیمی لە زانکۆی جۆرج تاون لە ئەمریکا تەواو کردووە، لەوێ یاسا
و زانستە سیاسییەکانی خوێندووە. سەرەتا زۆر تێکەڵبووە بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و
باوەڕێکی قووڵ بە دیموکراسی پەرلەمانی و دامەزراوە مەدەنییەکان هەبووە.
نازم
قودسی لە ساڵی ١٩٤٧ لە دامەزرێنەرانی پارتی گەل بوو، کە پارتێکی کۆنەپەرست/لیبراڵ
بوو. هەروەها بۆ چەند خولێک ئەندامی پەرلەمان بووە، هاوکات وەزیری دەرەوەش بووە، هەروەها
بە پیاوێکی دیالۆگ و میانڕەو دادەنرا. سەرەڕای ماوەی کورتی لە پۆستەکەیدا، بەڵام زۆر
کەس وەک کەسایەتییەکی پاک و هاوسەنگ و دەوڵەتمەدار سەیری دەکەن. دوای ڕووخانی یەکێتی
نێوان سوریا و میسر لە ئەیلوولی ١٩٦١، هەڵبژاردنی نوێ ئەنجامدرا و نازم قودسی بە سەرۆکی
سوریا هەڵبژێردرا. ماوەی حوکمڕانییەکەی زۆر کورت بوو، بەڵام وەک دوا هەوڵ و کەسایەتی
بۆ سەقامگیرکردنی دیموکراسی سوریا دادەنرێت پێش قۆناغی کودەتا یەک لە دوای یەکەکانی
پارتی بەعس. لە ٨ی ئازاری ١٩٦٣ پارتی بەعس. بە هاوکاری ئەفسەرانی سوپا، کودەتایەکی
دیکەی ئەنجامدا، کە ڕژێمی نازم قودسی ڕووخاند و وڵاتی گەڕاندەوە سەر ڕێگای دەسەڵاتی
سەربازیی ناوەندی. ئەلقودسی دەستگیرکرا، بەڵام دواتر ئازادکرا و لە لوبنان دەربەدەر
بوو. هەرگیز نەگەڕایەوە بۆ ژیانی سیاسی چالاک. نازم قودسی تا ساڵی ١٩٩٨ ژیاوە.
لێرەوە
کودەتاکانی بەعس بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد ڕووویدا. کە بەسەردەمی
گواستنەوەی سوریا بۆ حیزبی بەعسی و بنەماڵەی ئەسەدد ناسراوە.
حەوتەم/
لویس ئەلعەتاسی Lu'ay
al-Atassi ماوەی حومڕانی(١٩٢٦- ٢٠٠٣):
لە ساڵی
١٩٢٦ لە شاری حومس لە سوریا لە بنەماڵەیەکی چینی مامناوەندی موسڵمانی سوننە لەدایکبووە.
لە ئەکادیمیای سەربازی سوریا خوێندوویەتی و تاڕادەیەک خێرا لە ڕیزەکانی سوپاوە پلەی
بەرزبووەتەوە. لە تەمەنی گەنجیەوە بە ئەفسەرێکی بەتوانا دادەنرا، دڵسۆزییەکی بەهێزی
بۆ بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی هەبووە لەسوریا. بزووتنەوەی بەعس لە ٨ی ئازاری١٩٦٣
بە هاوکاری ئەفسەرە سەربازییە گەنجەکان و لایەنگرانی لەناو هێزە چەکدارەکاندا سەرکردایەتی
کودەتایەکی سەربازی کرد کە ڕژێمی نازم قودسی ڕووخاند. دوای کودەتاکە، لویس ئەلعەتاسی
وەک سەرۆکی کۆماری سوریا دەستنیشانکرا. بەڵام ڕۆڵەکەی تا ڕادەیەکی زۆر ڕەمزی و کاتی
بوو و وەک جۆرێک لە سەرۆکی ئینتقالی لەناو حکومەتێکی ناسەقامگیردا سەیر دەکرا...
دوای ماوەیەکی کورت لە دەسەڵاتدا، لەگەڵ زیادبوونی گرژیی نێوان فراکسیۆنەکانی ناو
سەرکردایەتی بەعس، لویس عەتاسی بۆی دەرکەوت کە بەڕاستی دەسەڵاتەکەی کاریگەرێکی ئەوتۆی
نییە. لەبەر ئەم هۆکارە لە مانگی ١٠ی ١٩٦٣دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و هەنگاوێک
بوو کە بە بوێرانە دادەنرا، بە تایبەت لە دەسەڵاتێکدا کە دەستلەکارکێشانەوەی بێدەنگ
و دوور لە توندوتیژی دەگمەن بوو بەبێ کودەتای سەربازی. دوای وازهێنانی لەو پۆستە و
لە سیاسەت ٤٠ ساڵی تر ژیا. بەڵام هەرگیز هەوڵی نەدا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و نە لە
گۆڕەپانی گشتیدا خۆی ببینێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆچی دوایی کرد.
هەشتەم/
ئەمین ئەلحافز Amin
al Hafiz (١٩٢١-٢٠٠٩):
ئەمین ئەلحافز
سەرۆکی یەکەمین شۆڕشی بەعس، لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری حەلەب لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەکی
چینی مامناوەندی موسڵمانی سوننە. لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی بە سوپای سوریاوە
کردووە و بووە بە یەکێک لە ئەفسەرە گەنجەکانی سەردەمی خۆی. زیاتر لە بواری هەواڵگریدا
خزمەتی کردووە و هەروەها ئەرکی ئەمنی لە دەرەوەی سوریا و لە عێراقیشەوە ئەنجامداوە.
لە ٨ی
ئازاری ١٩٦٣ دوای کودەتایەکی سەربازی کە لەلایەن ئەفسەرانی بەعسەوە ئەنجامدرا، ئەمین
ئەلحافز هاتە سەر دەسەڵات. سەرەتا وەک وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا، بەڵام دوای ماوەیەکی
کەم وەک سەرۆکی وڵات و سەرۆکی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی نیشتمانی، ئەو دەستە باڵایەی
کە جێگەی پەرلەمانی گرتەوە، دەستنیشانکرا. لە ٢٣ی شوباتی ١٩٦٦، سەڵاح جەدید سەرکردایەتی
کودەتایەکی نهێنی ناوخۆی کرد، لەو ماوەیەدا ئەمین ئەلحافز دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی
دوورخرایەوە. لە شوێنی ئەو، نورئەدین ئەلعەتاسی کرا بە سەرۆک کۆمار.
ئەمین ئەلحافز
دوورخرایەوە بۆ لوبنان و لەوێشەوە ڕووی لە عێراق کرد، لەوێ ساڵانێکی زۆر لە ژێر
پاراستنی ڕژێمی عێراقدا ژیاوە (کە لە لایەن پارتی بەعسیشەوە حوکمڕانی دەکرا). لە
ماوەی مانەوەی لە عێراق، ئەمین ئەلحافز ژیانی بە بێدەنگی و ئارامی کرد، بەڵام بەردەوام
بوو لە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی سوریا. تەنها دوای نزیکەی سێ دەیە لە دەربەدەری
لە ساڵانی نەوەدەکاندا گەڕایەوە بۆ سوریا، لە قۆناغێکدا کە بەشار ئەسەد حوکمڕانی دەکرد،
بەڵام بەشداری لە ژیانی گشتیدا نەکرد. ساڵی ٢٠٠٩، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی
کرد.
نۆیەم/
نورئەدین ئەلعەتاسی Nur
al Din al Atassi(١٩٢٩-١٩٩٢):
نورئەددین
ئەلعەتاسی لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری حومس لەدایک بووە، لە بنەماڵەیەکی بۆرژوازی موسڵمانی
سوننە. پزیشک بووە و لە فەرەنسا پزیشکی خوێندووە. لە ماوەی خوێندنیدا، بەرکەوتەی لەگەڵ
ئایدۆلۆژیا سۆسیالیستیەکان و بیرۆکەی مارکسیستی بۆ دروست بوو وەک پیاوێکی خوێندەوار
و قسەخۆش و تێوەگلاو لە ڕووی سیاسییەوە، هەر زوو وەک یەکێک لە ڕۆشنبیرە پێشەنگەکان
لە نێو نەوەی گەنجی حیزبی بەعسدا دەرکەوت، بەتایبەتی لە ڕەوتی ڕادیکاڵدا کە لە کۆتاییەکانی
پەنجاکان و شەستەکاندا بەهێزتر و دەرکەوتووتربوو. لە شوباتی ١٩٦٦ لەناو حزبی بەعسدا
بە سەرۆکایەتی سەڵاح جەدید، کودەتایەکی ناوخۆیی ئەنجامدرا و کوتلەی میانڕەوی بە سەرۆکایەتی
ئەمین ئەلحافز لە پۆستەکەی دوورخستەوە. لەناو حکومەتی نوێدا، نورئەدین ئەلعەتاسی وەک
سەرۆکی سوریا دەستنیشانکرا. لە سەردەمی ئەودا دوژمنایەتی نێوان سوریا و ئیسرائیل
توندتر بوو، هاوپەیمانییەکی سەربازی لەگەڵ میسر دروستکرا. بەڵام شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی
١٩٦٧ کە سوریا بەرزاییەکانی جۆلانی لەدەستدا و گورزێکی سەختی لە ڕژێمی بەعس دا. لە
ساڵی ١٩٧٠ حافز ئەسەد کودەتایەکی بێدەنگی ئەنجامدا، بە ناوی "بزووتنەوەی پێداچوونەوە"
و سەڵاح جەدید و ئەلعەتاسی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە. بە پێچەوانەی زۆرێک لە سەرکردەکانی
دیکە، نورئەدین ئەلعەتاسی دەربەدەر نەبوو، بەڵکو بۆ ماوەی نزیکەی ٢٢ ساڵ زیندانی
کرا، بەبێ دادگاییکردن. لە ساڵی ١٩٩٢ ئازاد کرا، کەمێک پێش مردنی، دوای تێکچوونی
باری تەندروستی. ئەو ساڵە بەبێ دەنگی کۆچی دوایی کرد.
دەیەم/
حافز ئەسەد Hafez
al Assad (١٩٣٠-٢٠٠٠):
حافز ئەسەد
ئەو پیاوەی سوریای کردە دەوڵەتێکی تاک کەسی و بنەماڵەی لە ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی ئەلقردەهای
سەر بە پارێزگای لازقیە لە دایک بووە، لە بنەماڵەیەکی سادەی عەلەوی. لە تەمەنێکی گەنجیدا
پەیوەندی بە سوپای سوریاوە کردووە و بە خێرایی خۆی بەرەوپێشەوە دەبات. لە ماوەی ساڵانی
پەنجاکان و شەستەکاندا دەستی بە چالاکی سیاسی لە پارتی بەعسەوە کرد کە لە دوای کودەتاکەی
١٩٦٣ وەک هێزی سەرەکی دەسەڵات خۆی جێگیر کردبوو. حافز ئەسەد وەک وەزیری بەرگری کاری
کردووە و سەرکردایەتی سوپای سوریای کردووە لە جەنگی شەش ڕۆژەدا (١٩٦٧)، کە سوریا بەرزاییەکانی
جۆلانی بە ئیسرائیل لەدەستدا. دواس ٣ساڵ لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٠ لە نێوان
ململانێی دەسەڵات لەناو سەرکردایەتی پارتی بەعس، ئەسەد کودەتایەکی بەنهێنی لە دژی
سەلاحەدین جەدید و نورئەدین ئەلعەتاسی ئەنجامدا. ئەم کودەتایە کە بە "بزووتنەوەی
پێداچوونەوە" (الحرکة السطحية) ناسراوە. لەم ساڵەدا ئەسەد پلەی بەرزکرایەوە بۆ
سەرۆک وەزیران، و پاشان لە ساڵی ١٩٧١دا بە سەرۆک کۆماری سوریا هەڵبژێردرا، و هیچ ڕکابەرێکی
نەبوو، چونکە تێیدا تاکە کاندید بوو. حافز ئەسەدی باوک دەوڵەتێکی بونیاتنا کە لە ڕووی
ئەمنییەوە بەهێز بوو، بەڵام لە ڕووی مەدەنیەت و ئابووری و دیموکراسیەوە زۆر لاواز
بوو. چونکە ئەسەد مەرکەزیترین ڕژێمی سەرۆکایەتی لە مێژووی سوریادا بنیادنا. بۆیە یەکەم
شت تۆڕێکی دەزگای هەواڵگری (موخەبارەت)ی دامەزراند کە هەموو لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتیان
گرتبۆیەوە، لە گەڕەکەوە تا دەگاتە دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەمە وای لە ئەسەد کرد ببێت
بە کەسایەتییەکی پیاوسالاری نەتەوەیی، وێنەکانی لە هەموو شوێنێکدا دەبوایه لە دیوار
و بنبچی ماڵەکاندا بێت.
یەکێک لە
تاریکترین ساتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ئیسلامی بوو لە
شاری حەما. لە ساڵی ١٩٨٢، تیایدا ئەندامانی ئیخوان موسلیمین لە حکومەتی ناوەندی سوریا
و دەسەڵاتی بنەماڵەیی ئەسەد یاخی بوون. ئەسەد سەرباز و سوپایەکی بێ شوماری نارد و
شارەکەی بە سەختی بۆردومان کرد تیایدا نزیکەی ١٠بۆ ٢٥هەزار کەس بوونە قوربانی. لە
ساڵانی نەوەدەکاندا ئەسەد دەستیکرد بە ئامادەکردنی زەمینە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ
کوڕە گەورەکەی کە ناوی باسل بوو، بەڵام ساڵی ١٩٩٤ لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەستدا،
لەو کاتەدا چاوەکان هەمووی چونە سەر کوڕە بچووکەکەی و مەشق و ڕاهێنانەکان ئاراستەی
بەشار حافز ئەسەد دەکرا، بەشار لە بنەڕەتدا پزیشکی چاوبوو. تەمەنی یاسایی بۆ بوون
بە سەرۆکی سوریا لەوکاتەدا٤٠ساڵ بوو، بەشاریش تەمەنی ٣٤ساڵبوو، بۆیە خێرا گۆڕانکاریان
لە دەستوردا کرد تاوەکو بەشار بتوانێت شوێنی ئەسەدی باوک بگرێتەوە. حافز ئەسەد لە
مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٠ دوای ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا کۆچی دوایی کرد.
یانزدەیەم/
بەشار ئەسەد Bashar
al-Assad(١٩٦٥– ٢٠٢٤کۆتایی دەسەڵات):
بەشار ئەسەد
لە ساڵی ١٩٦٥لە دیمەشق لەدایک بووە و کوڕی دووەم و بچووکی حافز ئەسەد سەرۆکی سوریا
بووە. لە ژینگەیەکی سیاسیدا گەورە بووە بەڵام پێشوەختە ئامادەکاری بۆ سەرکردایەتی
نەکردووە، چونکە برایەکی گەورەتری هەبووە، بەشار پزیشکی خوێندووە، و پاشان لە لەندەن
لە بواری چاودا ڕاهێنانی کردووە. مردنی دڵتەزێنی برا گەورەکەی، بەناوی باسل، لە ساڵی
١٩٩٤دا بەڕووداوی هاتووچۆ ڕەوتی ژیانی بەشاری گۆڕی، بۆیە دەبوایە دەستبەجێ بگەڕایەتەوە
بۆ دیمەشق، هەرزوو باوکی ناردی بۆ سوپا و لەوێ خولی فەرماندەیی وەرگرت و دەبوایە بەخێرایی
ئامادەبکرێت بۆ دەسەڵات.
دوای ٦ساڵ
له مردنی باسل حافز ئەسەد مرد لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٠، بەشار وەک جێنشینی ئەو دەستنیشانکرا.
بۆ ئەم مەبەستەش دەستوور هەموارکرایەوە و کەمترین تەمەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ٤٠
ساڵەوەیەوە کەمکرایەوە بۆ ٣٤ ساڵ، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی کاندید بکات. ئەو بە زۆرینەیەکی
گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا هەڵبژێردرا کە هیچ ڕکابەرێکی تێدا نەبوو، وەکو چۆن باوکی
کاتێک خۆی کاندید کرد هیچ ڕکابەرێکی نەبوو.
لەگەڵ تەشەنەکردنی
شەپۆلی "بەهاری عەرەبی"، لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١خۆپیشاندانی جەماوەری
لە باشووری سوریا سەریهەڵدا و داوای چاکسازی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان
بە دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانیان دەکرد. وەڵامی بەشار لە سەرەتادا لەسەرخۆ و هێواش
بوو، بەڵام زۆری نەخایاند خەڵک سازشیان لە مافەکانیان نەکرد و بەشار ئەسەددیش زانی
جامی توڕەیی خەڵک پڕبووە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بۆیە پەنای بۆ سوپا برد لەلایەن
سوپاوە خۆپیشاندەران تەقەیان لێکرا، کۆمەڵکوژی لە شارەکاندا ئەنجامدرا و خەڵکێکی بێ
شومار زیندانی کران. ڕووداوەکان پەرەیان سەند بۆیە هۆکاری شەڕی ناوخۆی و خوێناوی کە
تاوەکو لەدەسەڵاتیش لابرا(٢٠٢٤) بەردەوام بوو، بەشار ئەسەد لە کەسایەتییەکی هیواوە
گۆڕا بۆ کەسێک کە دەسەڵاتەکەی لەسەر توندوتیژی و دڵسۆزی تائیفی (بە شێوەیەکی سەرەکی
عەلەوییەکان) دامەزرا بە پشتیوانی دەرەکی (ئێران و ڕووسیا).
لە ساڵانی
ڕابردوودا بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران گەڕاونەتەوە ژێر دەسەڵاتی
بەشار ئەسەد دەگینا هەر لە بەهاری عەرەبییەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی هاتبوو. گەورەترین
زیانی مرۆیی ئەوەبووە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کوژراو هەبوون لەسەردمی ئەو، هەروەها ملیۆنان
پەنابەر ڕوویان لەوڵاتان کرد بەهۆی حومڕانی توندوتیژی بەشار ئەسەدد.
بەشار ئەسەد
لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە سوریا بەهۆی خۆپیشانێکی جەماوەری و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن
بە سەرۆکایەتی حەیعەت تەحریر شام دیمەشقیان گرت و ئەمەش بووە هۆی داڕمانی ڕژێمی ئەسەد.
بەشار ئەسەد هەمان ڕۆژ هەڵهات و بەیانی زوو دیمەشقی بەجێهێشت، ئەسەد لە دیمەشقەوە
بەڕێکەوت و سەرەتا بەرەو بنکەی ئاسمانی خمەیمیم لە لازقییە کە لەلایەن ڕووسیا بەڕێوەدەبرێت
ڕۆیشت بەرەو مۆسکۆی پایتەخت.
لەو کاتەوە
تاوەکو ئێستا حکومەتێکی ئینتقالی دەسەڵاتی لە ڕێگای ئەحمەد ئەلشەراع بە سەرۆکایەتێکی
کاتی فەرمانڕەوایی دەکرێت، هەروەها لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٥لە دەستوورێکی کاتی پەسەندکرا
و سوریا لە ماوەی پێنج ساڵەی ئینتقالیدا بەڕێوەدەبات. چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی لە ماوەی ئینتقالی (نزیکەی کۆتاییەکانی ٢٠٢٨-٢٠٢٩) ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەکانی شوکری القواتلی:
https://www.britannica.com/biography/Shukri-al-Quwatli
https://sfuturem.org/en/2024/04/18-04-2024-2/
https://dbpedia.org/page/Shukri_al-Quwatli
https://pantheon.world/profile/person/Shukri_al-Quwatli
https://historica.fandom.com/wiki/Shukri_al-Quwatli
https://en.majalla.com/node/324166/documents-memoirs/quwatli-sharaa-history-syrian-saudi-relations
سەرچاوەکانی حوسنی زەعیم:
https://historica.fandom.com/wiki/Husni_al-Za%27im
https://sciencespo.hal.science/tel-03654054
https://pantheon.world/profile/person/Husni_al-Za'im
سەرچاوەکانی سامی الحناوی:
1 https://historica.fandom.com/wiki/Sami_al-Hinnawi
https://historica.fandom.com/wiki/Sami_al-Hinnawi
https://althistory.fandom.com/wiki/Sami_al-Hinnawi_(WOIOCG)
https://www.whoispopulartoday.com/Sami-al-Hinnawi/gd
سەرچاوەکانی ئەدیب الشیشاکلی:
https://www.britannica.com/biography/Adib-al-Shishakli
https://historica.fandom.com/wiki/Adib_Shishakli
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1955-57v13/d329
https://www.youtube.com/watch?v=8Uomqmsd2A4
سەرچاوەکانی جەمال عەبدول ناسر:
https://www.britannica.com/biography/Gamal-Abdel-Nasser
http://nasser.bibalex.org/common/nasserlife_en.aspx?lang=en
https://www.presidency.eg/en/%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A4%D8%B3%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%A8%D9%82%D9%88%D9%86/%D8%AC%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B9%D8%A8%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%A7%D8%B5%D8%B1/
سەرچاوەکانی نازم ئەلقودسی:
https://historica.fandom.com/wiki/Nazim_al-Kudsi
https://m.wikidata.org/wiki/Q169841
https://m.wikidata.org/wiki/Q169841
https://sfuturem.org/en/2024/09/symbols-and-figures-syria-12-en/
سەرچاوەکانی لویس ئەلعەتاسی:
https://pantheon.world/profile/person/Lu'ay_al-Atassi
https://military-history.fandom.com/wiki/Lu%27ay_al-Atassi
https://m.wikidata.org/wiki/Q59434
سەرچاوەکانی ئەمین ئەلحافز:
https://historica.fandom.com/wiki/Amin_al-Hafiz
https://www.theguardian.com/theguardian/2010/feb/16/syria
https://pantheon.world/profile/person/Amin_al-Hafiz
https://kids.kiddle.co/Amin_al-Hafiz
https://m.wikidata.org/wiki/Q471449
https://www.academia.edu/10235395/Obituary_Amin_al_Hafez
سەرچاوەکانی نورئەدین ئەلعەتاسی:
https://m.wikidata.org/wiki/Q59691
https://www.amnesty.org/en/documents/mde24/028/1992/en/
https://www.nytimes.com/1992/12/05/obituaries/nureddin-al-atassi-63-former-syria-president.html
https://historica.fandom.com/wiki/Nureddin_al-Atassi
https://commons.m.wikimedia.org/wiki/File:Nureddin_Atassi.jpg
https://dbpedia.org/page/Nureddin_al-Atassi
سەرچاوەکانی حافز ئەسەد:
https://www.britannica.com/biography/Hafiz-al-Assad
https://www.oxfordreference.com/display/10.1093/oi/authority.20110803095429412
https://m.imdb.com/name/nm0015684/bio/
https://timesofindia-indiatimes-com.cdn.ampproject.org/v/s/timesofindia.indiatimes.com/world/middle-east/who-was-hafez-al-assad-former-president-and-father-of-bashar-al-assad/amp_articleshow/116095049.cms?amp_gsa=1&_js_v=a9&usqp=mq331AQIUAKwASCAAgM%3D#amp_ct=1750712687603&_tf=From%20%251%24s&aoh=17507125987775&referrer=https%3A%2F%2Fwww.google.com&share=https%3A%2F%2Ftimesofindia.indiatimes.com%2Fworld%2Fmiddle-east%2Fwho-was-hafez-al-assad-former-president-and-father-of-bashar-al-assad%2Farticleshow%2F116095049.cms
سەرچاوەکانی بەشار ئەسەد:
1_https://www.britannica.com/biography/Bashar-al-Assad
2_https://www.britannica.com/biography/Bashar-al-Assad/Unrest-and-civil-war
3_https://qazinform-com.cdn.ampproject.org/v/s/qazinform.com/amp/the-assad-era-the-history-of-bashar-al-assads-leadership-of-syria-30f13d/?amp_gsa=1&_js_v=a9&usqp=mq331AQIUAKwASCAAgM%3D#amp_tf=From%20%251%24s&aoh=17507198355152&referrer=https%3A%2F%2Fwww.google.com&share=https%3A%2F%2Fqazinform.com%2Fnews%2Fthe-assad-era-the-history-of-bashar-al-assads-leadership-of-syria-30f13d
4_ https://amp-cnn-com.cdn.ampproject.org/v/s/amp.cnn.com/cnn/2024/12/08/middleeast/bashar-al-assad-syria-profile-intl-hnk?amp_gsa=1&_js_v=a9&usqp=mq331AQIUAKwASCAAgM%3D#amp_tf=From%20%251%24s&aoh=17507198355152&referrer=https%3A%2F%2Fwww.google.com&share=https%3A%2F%2Fwww.cnn.com%2F2024%2F12%2F08%2Fmiddleeast%2Fbashar-al-assad-syria-profile-intl-hnk
5_ https://www.biography.com/political-figures/bashar-al-assad
6_ https://www-aljazeera-com.cdn.ampproject.org/v/s/www.aljazeera.com/amp/news/2018/4/17/profile-bashar-al-assad?amp_gsa=1&_js_v=a9&usqp=mq331AQIUAKwASCAAgM%3D#amp_tf=From%20%251%24s&aoh=17507198355152&referrer=https%3A%2F%2Fwww.google.com&share=https%3A%2F%2Fwww.aljazeera.com%2Famp%2Fnews%2F2018%2F4%2F17%2Fprofile-bashar-al-assad%23amp_tf%3DFrom%2520%25251%2524s%26aoh%3D17507198355152%26referrer%3Dhttps%253A%252F%252Fwww.google.com
7_ https://www.ebsco.com/research-starters/biography/bashar-al-assad
