تره‌مپ وه‌ڵامێكى توند ده‌داته‌وه‌

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد  ترەمپ ڕاپۆرتەکانی سی ئێن ئێن‌و نیویۆرک تایمز بەدرۆ دەخاتەوەو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەو دوو میدیایە بەیەکەوە کاردەکەن‌و دەیانەوێت گرنگی ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوەکەی وڵاتەکەیان کەمبکەنەوە".


دۆناڵد  ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس لەبارەی ڕاپۆرتەکانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن‌و نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە بڵاویانکردبوەوە، لەهێرشەکەی ئەمریکا بەتەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناونەبردراون، نوسیویەتی، "هەواڵە ساختەکانی سی ئێن ئێن‌و نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو، بەیەکەوە هەوڵدەدەن سوکایەتیی بەیەکێک لەسەرکەوتوترین هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بکەن، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی لەناوبراون".

دوێنێ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەڕاپۆرتەکەیدا بڵاویکرده‌وه‌، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی هەواڵگری ئەمریکا هێرشەکانی ئەمدواییەی هێزەکانییان بەتەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەناونەبردوە، واتە بەشە سەرەکییەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک خۆیان ماونەتەوە، بەمەش هێرشەکان تەنها چەند مانگێک بەرنامەکەیان دواخستوە.

باسی لەوەشکردبوو، هەرچەندە فڕۆکەکانی B-2 زیاتر بەدەیان بۆمب دوو شوێنی سەرەکی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەوانیش، وێستگەی پیتاندنی سوتەمەنی فۆردۆو شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەدامەزراوە نه‌ته‌نزی بۆمباران کرد، بەڵام هێرشەکان بەتەواوی سەنتەرفیوژەکان‌و کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراویان لەو دامەزراوانەدا لەناونەبردوە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن وەردەکاری زیاتر دەخاتەڕوو و ئاماژەیداوە، ئەمریکا موشەکی تۆماهۆکی لەژێردەریاییەوە بۆ لێدان لەدامەزراوە ئەتۆمیی ئەسفەهان بەکارهێنابوو، واتە بۆمبی GBU-57ی بۆ ئەو دامەزراوەیە بەکارنەهاتوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان قوڵاییەکەی لەژێر زەوی لەدامەزراوەکانی فۆردۆو نەتەنز زیاترە.

ڕۆژی 22ى ئه‌م مانگه‌ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنزو ئەسفەهان)یان لەناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکەیان بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نوسیبوی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتوەکەمان بۆسەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواوکردو بارێکی تەواو لەبۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە".