شارپرێس:
پارێزەرو چاودێرێکی سیاسی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ئاماژەی بهوهدا، هەلومەرجی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پێشوتر جیاوازە، چونکە ئەمجارە دەسەڵاتدارانی تورکیا پشتگیریی پرۆسەکە دەکەن، دەشڵێت، "دەمیرتاش لەمانگی داهاتودا ئازاد دەکرێت".
مەسعود ئۆزەر پارێزەرو چاودێری سیاسیی لەئەنكەرە ئاشكرایكرد، "کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا ئامادەکاریی بۆ گۆڕینو هەموارکردنەوەی ئەو یاساو دەستورە دەکات کە بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە دەبێت بگۆڕدرێن، هاوکات ئەو کۆمسیۆنە پێشنیازەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکاتو دەبێت 301 پەرلەمانتار دەنگ لەسەر پێشنیازەکە بدەن تاوەکو پەسەند دەکرێت".
وتیشى:"بۆ پرسی کورد لەتورکیا، کارەکانی ئەو کۆمسیۆنە بریتن لە؛ چۆنیەتی بەشداریکردنی پەکەکە لەپرۆسەی سیاسی تورکیا، داهاتوی زمانی کوردی لەناوەندەکانی خوێندنو دانپێدانان بەنەتەوەی کورد وەکو بەشێک لەدەوڵەتی تورکیا".
ئهوهشى ڕاگهیاند، "ئەو 51 ئەندام پەرلەمانتارهى لەکۆمسیۆنەکە ئەندامن، شارەزاییەکی باشییان لەمێژوو و پرسی کورد هەیەو پشتگیریی سیاسیشیان هەیە، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانی کورد، لەو کۆمسیۆنەدا زۆر گرنگ دەبێت".
ڕونیشیكردهوه، "ئەو هەلومەرجەی ئێستا بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا هەیە جیاوازەو پێشتر بەو شێوەیە نەبوو، چونکە ئەمجارە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپەو ئەوانە لەدەسەڵاتن پشتگیریی پرۆسەکە دەکەنو تێگەیشتن کە پرسی کورد دەبێت لەڕیشەوە چارەسهربکرێت".
سهبارهت بهچارەنوسی ئەو زیندانیانەی لەسەر پرسی کورد دەستگیرکراون، ئەو پارێزەرە ئاشکرایکرد، "دەبێت سەرەتا داخوازییەکانی کورد لەڕوی یاساییو دەستورییهوه جێبەجێبکرێن، دوای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەتووبوو، دەبێت بڕیارێک بۆ لێخۆشبونێکی گشتیی دەربچێت، بۆ ئازادبونى دهمیرتاش-یش لهسهرهتادا، پێموایە، بەو هەلومەرجەی ئێستا هەیە، مانگی داهاتوو ئازاد دەکرێت".
