له‌باره‌ى قاچاخى نه‌وته‌وه‌ سۆمۆ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بونی هەموو جۆرە پڕۆسەیەکی بەقاچاخبردنی نەوتی خاوی لەڕێگەی وشکانیی یان ئاوە هەرێمییەکانی عێراقەوە ڕەتکردەوە، جەختی لەوەکردەوە، سەرجەم تانکەرەکان بەوردبینی تەکنیکی‌و ئەمنی تونددا تێدەپەڕن بەپێی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.


عەلی نزار بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتویەتی، "قسەکردن لەسەر قاچاخچێتی نەوت پشت بەڕاستییەکان نابەستێت، بەڵکو لەئەنجامی دزەپێکردنی دۆکیومێنتێکی ناوخۆیی بوە کە وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزیی ڕۆتینی بۆ لایەنە ئەمنییەکان نێردراوە بۆ ئاگادارکردنەوە لەتانکەری گوماناوی کە تەکنیکی ساختەکاریی بەئاماژەکانی GPS بەکاردەهێنن بەئامانجی بازاڕکردنی نەوتی نایاسایی وەک نەوتی عێراقی".

هەروەک دەڵێت، "ئەو تانکەرانە نەچونەتە ناو ئاوەکانی عێراق‌و سۆمۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا گوماناوییەکان یان ئەوانەی سزای نێودەوڵەتیان لەسەرە ناکات، چونکە تانکەرو کۆمپانیاکان بەوردبینییەکی گشتگیر هەڵدەسەنگێنرێن کە تۆمارەکانی پێنج ساڵی ڕابردوی دەگرێتەوە".

نزار ڕەخنەی لەهەندێک کەسیش گرت کە خۆیان بە"شارەزای نەوت" ناودەبەن بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، جه‌ختیكرده‌وه‌، سۆمۆ پشت بەتەکنەلۆژیای جیهانیی بەدواداچون دەبەستێت بۆ دڵنیابون لەشەفافیەت.

ناوبراو ڕونیشیکردەوە، وەزارەت، بەسەرۆکایەتی حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوت‌و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، لەنزیکەوە چاودێریی دۆسیەکە دەکات بۆ دڵنیابون لەڕاستگۆیی هەناردەکردن‌و پاراستنی ناوبانگی عێراق وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی وزە لەجیهاندا.