له‌هه‌رێم نه‌خۆشیه‌كى مه‌ترسیدار له‌ناو ئاژه‌ڵاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌

کوردستان

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچەند ناوچەیەکی هەرێم ئاژەڵان توشی نەخۆشییەک هاتون کە بەتەبەقە ناسراوە، وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، "نەخۆشییەکە بەربڵاو نییەو نەگەیشتوەتە دۆخێکی مەترسیدار".


تەبەقە نەخۆشییەکە کە لەناو ئاژەڵان دەگوازرێتەوەو لەئێستادا لەچەند ناوچەیەکی دەوروبەرو هەرێمی کوردستانیش تۆمارکراوە، بەمەبەستی ڕێگریكردنیش لەخێرا بڵابونەوەی ئاژەڵان، پێویستییان بەوەرگرتنی دەرمانە.

فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێم ئاشكرایكردوه‌، "بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە لەئاستێکی ئاساییەو لەدۆخێکی مەترسیدارنییە، بەراورد بەساڵانی پێشوتر حاڵەتی ئەو نەخۆشییە زۆر کەمترە".

لەهەر وڵاتێک ئەو نەخۆشییە لەنێو ئاژەڵان بڵاوبوبێتەوە، ڕێگە نادرێت ئاژەڵی لێوە هەناردەی شارەکانی کوردستان بکرێت، بەر لەهاوردەکردنیش 21 ڕۆژ کەرەنتین دەکرێن‌و پشکنینی پزیشکیان بۆ دەکرێت، لەگەڵ داخڵبونیان جارێکی دیکە سێ ڕۆژ چاودێریدەکرێن دواتر ڕێگە بەفرۆشتنیان دەدەرێت. 

دوای بڵابونەوەی تای خوێنبەربون لەتورکیا، بڕیاردرا بازاڕی ئاژەڵان لەو وڵاتە قەدەغەبکرێت، حکومەتی عێراقیش بڕیاریدا هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتەوه‌ قەدەغە بکات. 

تەبەقە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییەو توشی مەڕ، بزن‌و ڕەشە وڵاخ، دەبێت‌و بەخێرایی بڵاودەبێتەوەو پەلەکانیان برینداردەبێت‌و زۆرجاریش دەبێتە هۆی مرداربونەوەیان.