زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى موچه‌ى مانگى شه‌ش.. ئه‌مڕۆ كارى چوار لیژنه‌كه‌ كۆتایی دێت

کوردستان

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چاوەڕواندەكرێت له‌م هەفتەیەدا چارەنوسی ناردنی موچەی مانگی حوزه‌یران (مانگى 6)ى فەرمانبەران‌و موچه‌خۆرانى هەرێم یەكلابكرێتەوە، سه‌رچاوه‌یه‌كیش بۆ شارپرێس ده‌ڵێت:"ئه‌مڕۆ دوا واده‌ى كارى چوار لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى هه‌ولێرو به‌غدایه‌و به‌ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ سودانى سێشه‌ممه‌ بڕیار ده‌دات".


سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم تایبه‌ت بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ یەكشەممه‌، دوایین وادەی كاركردنی ئەو چوار لیژنە هاوبەشەیە كە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر (نەوت، داهاتی ناوخۆ، بودجەو هەژماری من) پێكهێنراون.

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی، ئەمڕۆ كاری لیژنەكان بەكۆتادێت‌و لەسبەینێ دوشەممەوە سەرجەم لیژنەكان دەبێت ڕاپۆرتی كۆتایی خۆیان ئاراستەی لیژنەی باڵاو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكەن.

سه‌رچاوه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ لیژنه‌كان ڕاپۆرتى خۆیان بده‌ن به‌سودانى، به‌ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ ڕۆژی سێشەممه‌ لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كاری لیژنەكان  هەڵده‌سەنگێنرێن‌و دوا بڕیار له‌باره‌ى موچه‌ى مانگى شه‌شه‌وه‌ ده‌درێت".

چه‌ند زانیارییه‌كیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، حكومه‌تى هەرێم ئامادەیی نیشانداوە نەوتی بەردەست كە ئێستا نزیكبوەتەوە لە 145 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە جگە لەپێویستی ناوخۆیی كه‌ 50 هه‌زار به‌رمیله‌، هەمووی ڕاده‌ستى سۆمۆ بكات".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ شاخەوان عەبدوڵڵا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق وتى:"ئەمڕۆ بڕیارە كاری لیژنەكان تەواوبێت‌و بڕیار لەئەنجامەكەی دەدرێت، هاوكات ئەمریكاش بۆ ئەم بابەتە لەسەر هێڵەو كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئەمریكاش لەعێراق كردوه‌و جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه‌ نابێت موچه‌و قووتى خه‌ڵك تێكه‌ڵ به‌پرسه‌ سیاسییه‌كان بكرێت".

ئه‌وه‌ش زانراوه‌، وه‌زاه‌تى دارایی هه‌رێم ئامادەیی نیشانداوە بۆ ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا، به‌و مه‌رجه‌ى بڕیار له‌ناردنى پاره‌ى ته‌واو بۆ موچه‌ بدرێت.