عه‌فرین له‌مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌دایه‌.. ئه‌ردۆغان ئه‌وشاره‌ ڕاده‌ستى شه‌رع ناكات

ڕاپۆرت

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1137 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس - کەنداڵ جودی:

به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیارییه‌كى تایبه‌ت، چارەنوسی عەفرین لەمەترسیدایە، تورکیا تائێستا عەفرینی ڕادەستی حکومەتی شەرع نەکردوەو ئاماده‌ش نییه‌ ڕاده‌ستى بكات.


توێژەرانی کوردیش دەڵێن، حکومەتی شەرع هیچ ئامادەیییەکی لەناوچەی عەفرینی داگیرکراودا نییە، بەوپێیەی تا ئەمڕۆش پێشێلکارییەکانی دژ بەکورد بەردەوامەو دەوڵەتی تورکیا عەفرین ڕادەستی حکومەتی شەرع ناکات.

چاودێران پرسیارێك ده‌وروژێنن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ چارەنوسی عەفرین لەداهاتودا چۆن دەبێت؟

دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌شار ئەسەد لەهه‌شتى کانونی دوەمی 2024، لەنێو خەڵکی عەفریندا ئومێدێک دروستبوو کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و خاکی خۆیان.

لەو چوارچێوەیەدا، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیى هێزەکانی سوریاى دیموكرات (هەسەده‌)و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا، یەکێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنەکە ئەوەبوو کە خەڵکی عەفرین بگەڕێنەوەسەر زەوییەکانی خۆیان‌و سه‌رجه‌م چەکدارەکانی ناوشاره‌كه‌ بکشێنەوەو هێزە ئەمنییەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق لەوێ جێگیربکرێن.

هەرچەندە گوایە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی دیمەشق چونەتە عەفرین، بەڵام تائێستا گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سەر بەتورکیا نەیانهێشتوەو تا کاتی نوسینی ئەم ڕاپۆرتەش، پێشێلکارییەکان دژ بەکوردان بەردەوامن.

ئەو پرسیارەی ئێستا شەقامی کوردی دەیکات ئەوەیە بۆچی ڕێککەوتنی عەفرین جێبەجێنەکراو حکومەتی دیمەشق ناتوانێت سەروەری لەوێ مومارەسە بکات؟ ئایا ئێستا عەفرین وابەستەی حکومەتی تورکیا بوەو حکومەتی دیمەشق هیچ سەروەرییەکی بەسەر عەفرین نەماوە؟

هەردوو ئەم پرسیارە نیشانەی مەترسیداریان هەڵگرتوە کە حکومەتی دیمەشق ناوچەکانی ژێر داگیرکاری تورکیا جێدەهێڵێت، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەو پێشێلکاریانە دەکەین کە تائێستا لەعەفرین ڕویانداوەو لەهەمانکاتدا هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی عەفرین ڕوندەکەینەوە.

پێشێلکارییەکانی دژی کورد لەعەفرین لەمانگی تەمموزدا وەک هەموو مانگەکانی پێشوو لەمانگی ئاداری 2018وە، واتە لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاو بەکرێگیراوەکانیەوە، لەم مانگەدا کوردەکانی عەفرین توشی پێشێلکاریی‌و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی بون کە بەفەرمانی دەوڵەتی تورک ئەنجامدەدرێن.

ئیبراهیم شێخ لەو چوارچێوەیەدا وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ـ سوریا زانیاریی تایبەتی بەشارپرێس سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە مانگی ڕابردوو (تەمموز) لەعەفرین ڕویانداوە.

ئیبراهیم شێخ ڕاشیگەیاند، لەناوچەی عەفرین بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیاو حکومەتی ئەلشاری 11 کوردیان ڕفاندوەو تائێستا چارەنوسیان نادیارە، ئایا لەژیاندان یان مردون، هەروەها نازانرێت لەکوێن.

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا وتی:"جگە لەڕفاندنی کورد، بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورک هێرشیانکردەسەر هه‌شت هاوڵاتی مەدەنی کورد کە یەکێکیان گه‌نجێكى تازه‌ پێگەیشتوبوو، گورزی توندیان لێدا، ئامانجی بەکرێگیراوانیش، دزین‌و تاڵانکردنی موڵک‌و ماڵی کورد بوو لەو هێرشە".

شێخۆ وەبیری هێنایەوە کە جگە لەدزی‌و تاڵانکردن‌و ڕفاندنی کورد، لەناوبردنی سروشتی عەفرین تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

شێخۆ زانیاریى گرنگى بۆ شارپرێس ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌توركیا، لەژێر پەردەی ئاسایشی گشتیی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئەحمەد شه‌رع، دارستانەکانی گوندی حاج هیسنلی سەر بەجندرێس، دارستانەکانی گوندەکانی ئێرنێداو تێرمیشای سەر بەناحیەی جندرێس، کێوی گوندی سندوقیان سوتاند، هاوكات دارستانەکانی چیای قرێح بیلێ گوندی دێروێش‌و گوندەکانی دیکەی ناحیەی ڕاجۆو لەهەمانکاتدا، دار لەو دارستانانە دەبڕن‌و وەک دار دەیانفرۆشن".

ئیبراهیم شێخۆ ئه‌وه‌شى وت، "پێشێلکارییەکان دژی کورد لەناوچە گوندنشینەکانی عەفرین‌و حەلەب بەردەوامن، لەو چوارچێوەیەدا گەنجێکی کورد لەگوندی تیل ئێران، پیرە پیاوێکی کورد لەگوندی کێڤن‌و گەنجێکی کورد لەزیندانی مه‌یدان لەحەلەب کوژران، تائێستا حکومەتی دیمەشق هیچ زانیارییەکی لەبارەی کوشتنی ئەو سێ هاوڵاتییە مەدەنییە بڵاونەکردوەتەوە".

لەدرێژەی قسەکانیدا ئه‌وه‌شى وت:"ئەمە ئەوە دەردەخات کە حکومەتی دیمەشق دەیەوێت بەئەنقەست کورد بکوژێت بۆ ئەوەی ماڵ‌و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن‌و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بەدیبهێنن".


بۆچی ڕێککەوتنی عەفرین جێبەجێنەکرا؟
سەبارەت بەپرسی بۆچی ڕێککەوتنی عەفرین جێبەجێنەکراو حکومەتی دیمەشق هیچ هەڵوێستێکی لەناوچە داگیرکراوەکاندا نییە، لەزگین ئیبراهیم توێژەر لەناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات هۆکاری جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی عەفرینی بۆ شارپرێس بەمشێوەیە ڕونکردەوە، "حکومەتی کاتیی دیمەشق لەسەردەمی ئەحمەد ئەلشێریدا ناتوانێت هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێبکات، بەتایبەتی ئەو خاڵەی پەیوەستە بەگەڕانەوەی ڕێککەوتنی عەفرین".

ئاوارەکانی عەفرین، چونکە لەواقیعدا ناوچەی عەفرین‌و سه‌ریکانێ‌و گرێ سپی‌و ناوچەکانی دیکەی سوریا کە لەژێر داگیرکاریی تورکیادان، حکومەتی دیمەشق هیچ هەڵوێستێکی لەوێ نییە، واتە ئەگەر بیەوێت گۆڕانکاریی لەو ناوچانەشدا بکات، ناتوانێ هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانە بڕیاردەدات لەئەنجامدا تائێستا عەفرین نەگەڕاوەتەوە بۆ خاکی سوریا.

لای خۆیه‌وه شۆڕش ده‌روێش نوسه‌رو توێژه‌ری کورد له‌ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی کورد له‌باره‌ی هۆکاری جێبه‌جێنه‌کردنی ڕێککه‌وتنی عه‌فرین‌و به‌رده‌وامبونی پێشێلکارییه‌کان له‌ناوچه کوردییه‌کان بۆ شارپرێس وتى، "له‌ڕاستیدا سه‌روه‌ریی حکومه‌تی شه‌رع له‌زۆرێک له‌ناوچه‌کانی سوریا ته‌نها فۆڕمێکه، واته هیچ کاریگه‌رییه‌کی نییه به‌عه‌فرین‌و سه‌رێکانییه‌وه، بۆیه ئه‌مه‌ش ڕێگه ده‌دات پێشێلکارییەکانی دژی کورد لەوێ بەردەوامبن".


توێژەر لەزگین ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا، هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە لەسەر عەفرین‌و گەڕانەوەی ئاوارەکان‌و ئەویش بەمشێوەیەیە، "ئەگەری ئەوە هەیە کە مەلەفی عەفرین‌و گەڕانەوەی ئاوارەکان لەلایەن حکومەتی شەرعەوە بەکاربهێنرێت‌و لەپشتەوەش دەوڵەتی تورکیا وەک وەرەقەیەکی فشار لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لەدانوستانەکاندا به‌كاریبهێنێت بۆ ئەوەی هیچ ئیمتیازاتێك ده‌ست هێزەکانی سوریای دیموکرات نه‌كه‌وێت".

شۆڕش دەروێش نوسەری کورد، له‌باره‌ى هەڵسەنگاندنەکەی له‌زگین ئیبراهیمەوە ئه‌ویش بۆچونى خۆى نیشانداو وتى، "ده‌كرێت دەستێوەردانی نوێ لەدیمەشق بیەوێت لەڕێگەی عەفرینەوە فشاربخاتەسەر هه‌سه‌ده‌ بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوت، لەمکاتەدا حکومەتی دیمەشق نایەوێت بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، بەتایبەت گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەکان جێبەجێبکات لەعەفرین".

چارەنوسی ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەساڵی 2018وه‌ لەلایەن تورکیاوه‌ داگیرکراوە، نادیارە، بەڵام گەلی کورد هیوادارە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستان‌و تورکیا کاریگەریی لەسەر عەفرینیش هەبێت‌و کورد بتوانێت بەئازادی بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆی.