شارپرێس:
میدیاكانی دەوڵەتی ئێران لە زاری ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتەوە ڕایانگەیاند كە هەڕەشەكانی ئیسرائیل هەروا ماونەتەوە و بەردەوامن.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئیسرائیل و ئەمریكا لە ماوەی شەڕێكی ١٢ ڕۆژەدا هێرشیان كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و تاران بە چەندین هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا لە زاری حاتەمییەوە نووسیویەتی: "هەڕەشەی لەسەدا یەك دەبێ بە هەڕەشەی لەسەدا سەد هەژمار بكرێت، نابێت دوژمن بە كەم سەیر بكەین و هەڕەشەكانی بە تەواوبوو بزانین".
ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئامادەكارییەوە بۆ ئۆپەراسیۆن ئامادەن.
مانگی ڕابردوو وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەكەی جارێكی دیكە هێرش دەكاتە سەر ئێران ئەگەر هەڕەشەی لێبكرێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كەناڵی دوازدەی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە رەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوانكراوبوو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستپێبكاتەوە.
ئ.ه