شارپرێس:
دوای ڕوداوەکانی سوەیداو پارێزگا کەناراوەییەکان، حکومەتی سوریا بەرەیەکی نوێی گرژیی لەگەڵ هەسەدە کردەوەو شەوی ڕابردوو لەڕۆژهەڵاتی حەلەب لەباکوری سوریا، پێکدادان لەنێوان هەردولادا دروستبوو.
هێزەکانی سەر بەحکومەتی سوریا مانگی ئاداری ئەمساڵ بەرەیەکی گرژییان لەگەڵ عەلەوییەکانو مانگی تەمموزیش بەرەیەکی دیکەیان لەگەڵ دروزەکان لەباشوری وڵاتەکە کردەوە.
هەرچەندە حکومەت دەڵێت، هەوڵی پاراستنی ئاسایشو ئارامی دەدات، بەڵام گرژییەکان کاردانەوەیان نێودەوڵەتییان لێکەوتەوەو داوا لەدیمەشق کرا کۆنتڕۆڵی سەرجەم ئەو گروپانە بکات کە لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا کۆیکردونەتەوە.
شەوی ڕابردوو وەزارەتی بەرگریی سوریا بڵاویکردەوە، لەگوندێکی نێوان مەنبهجو دێرحافر لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە بەموشەک کراونەتە ئامانجو لەدەرئەنجامیشدا چوار سەربازو سێ هاوڵاتی برینداربون، بۆیه ئەو پێشهاتەو هێرشەكهشی بەنابەرپرسیارانەو بێ هۆکار لەقەڵەمداو ناوى برد.
لهبهرامبهر ئهو تۆمهتباركردنه، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەنگۆی هێرشکردنەسەر خاڵێکی سەربازی وەزارەتی بەرگریی سوریای ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، هەندێک گروپی ناڕێکخراوی سەر بەهێزەکانی حکومەتی دیمەشق، ناوچەکانی هێڵی پێشەوەی هەسەدەیان لەشارۆچکەی دێر حافری ڕۆژهەڵاتی حەلەب بەزیاتر لە 10 گولـلە هاوەن بۆردومانكردوه، لەبەرامبەریشدا هێزەکانیان مافی بەرگریی ڕەوایان بەکارهێناوەو شوێنی هەڵدانی گولـلە هاوەنەکانیان کردوەتەوە ئامانج.
هەسەدە دەڵێت، "وەزارەتی بەرگری سوریا ڕاستییەکان دەشێوێنێت، ئەوەش خزمەت بەئارامیو ئاسایش ناکات، لەکاتێکدا هێزەکانمان بەرامبەر ئەو گروپانە ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنیان پەیڕەوکردوە، ئەو گروپانە پێشتریش تونێلیان لێداوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێنە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەو پشێویی دروستبکەن، بۆیە داوا کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە لەدیمەشق دەکهین کە لەژێر چەتری خۆیدا کۆیکردونەتەوە".
لاى خۆیهوه ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "گرژییەکانی شەوی ڕابردوو لەنێوان هەسەدەو گروپی سلێمان شاه (عەمشات)ی نزیک لەتورکیادا، هەوڵێک بوە بۆ لەباربردنی ئەو ئاگربەستەی لەنێوان هەسەدەو دیمەشقدا هەیە، لەئەنجامیشدا هێزەکانی هەردولا لەنزیک بەنداوی تشرین کەوتونەتەوە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".
گرژییەکانی پارێزگای حەلەب هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆی بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانو دیمەشق بەمەبەستی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازییو مەدەنییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا چاوەڕێدەکرێت لەڕۆژانی داهاتودا هەردولا بەچاودێریی ئەمریکاو فەرەنسا لەپاریس کۆببنەوە.
شارپرێس زانیاریى گرنگى دهستكهوتوه لهبارهى میلیشیاكانی عەمشاتو حەمزاتی سەربەتوركیا كه كۆمەڵكوژییەكانی مانگی ئاداری ئەمساڵ لهناوچەی ساحلی سوریا لهلایهن ئهوانهوه ئەنجامدراوەو ههوڵیانداوه لهدژى شهڕڤانانى ههسهدهش ههمان ئهو تاوانه دوباره بكهنهوه.
ههروهك سهرچاوهیهك لهڕۆژئاواى كوردستانهوه بۆ شارپرێس ئاماژهى بهوهدا، میلیشیاكانی عەمشات پێشتریش لەعەفرینو شارە كوردییەكانی دیكه بهپاڵشتى توركیا چەندین تاوانی كوشتنو ڕفاندنو داگیركردنی ماڵی هاوڵاتیانی ئەنجامداوە.
ههروهك زانیارییهكان باس لهوهشدهكهن، میلیشیاكانی عەمشات لەلایەن توركیاوە پشتیوانیدەكرێن، تێوەگلاون لەکۆمەڵکوژی بەرفراوان لەساحلی سوری، کە پێشێلکارییەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لەشارەکانی بانیاس، تەرتوسو لازقیە ئەنجامدراوە.
پێشتریش فیرقەی سلێمان شاو فیرقەی حەمزە، لەنێو ئەو گروپانەدا بون کە پشتیوانییان لەهەڵبژاردنی ئەحمەد شەرع کرد وەک سەرۆکی قۆناغی ئینتقالی لەسوریا، سەرەڕای ئەوەی لەئیدلب بون، ئەو دوو گروپە، چەكداریان ڕەوانەی بانیاس کرد بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا لەسەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر ناوچەی ساحلى سوریادا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سوریش بۆ مافەکانی مرۆڤو ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ، ئەو دوو گروپە تێوەگلاون لەڕفاندنو زەوتکردنو ئاوارەکردنی زۆرەملێو دەستبەسەرداگرتنی موڵکو ماڵی هاوڵاتیان، بەتایبەتی لەشاری عەفرینو باکوری حەلەب.
لیوای سلێمان شا (عەمشات) لەلایەن محەمەد حسێن جاسم (ئەبو عەمشە) سەرپەرشتیدەکرێت کە کەسایەتییەکی مشتومڕاوییەو تۆمەتی پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤى ڕوبەڕوكراوەتەوە، ئەو فیرقەیە لەناوچەی شێخ حەدیدی عەفرین جێگیرە، لەگەڵ گوندەوارەكانی باکوری حەلەب.
سەبارەت بەفیرقەی حەمزەش (حەمزات)، ناوچەی هەژمونی درێژدەبێتەوە بۆ شارەكانی ئەلبابو جەرابلوسو عەفرین، لەلایەن سەیف بولاد (ئەبوبەکر)وە، سەركردایەتیدەكرێت، كە كەسایەتیەكی دیاری ناو سوپای نیشتیمانی سوریایە، ئهگهرچى ئێستا سهر بهوهزارهتى بهرگریى سوریایه، بهڵام ڕاستهوخۆ لەلایەن تورکیاوە سهرپهرشتىو پاڵپشتیدەکرێت.
