داخستنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەریكێشا بۆ سوتاندنی پەرلەمان

ڕاپۆرت

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ماڵی سەرۆکوزەیران سوتێندرا و وەزیری دارایی کەوتە بەر لێدانی خۆپیشاندەران

دوای ئەوە حكومەت هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی راگرت، خۆپیشاندەرانی نیپاڵ چونە سەر بینای پەرلەمان لە شاری كاتماندۆی پایتەخت و سوتاندیان. 

خۆپیشاندەران هاوكات بارەگای حزبەكان، ماڵی سەرۆكی وڵات و ژمارەیەك لە وەزیرەكانیشیان سوتاندووە و ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە کاتێک لەماڵی سەرۆک وەزیرانەوە پارە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەباری.

ئەم دۆخە سەرۆك وەزیرانی نیپاڵ (شارما ئولی) ناچاركرد نامەیەك بۆ (رام شاندرا بودل)ی سەرۆكی وڵات بنوسێت و دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات

بەپێی راپۆرتە بەراییەكان، بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە تائێستا 19 كەس كوژراون و زیاتر 500 كەسی تر برینداربوون.

 ئەمڕۆ، حكومەتی نیپاڵ ئەو كۆتوبەندەی هەڵوەشاندەوە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە بەسەر (فەیسبوك، ئینستاگرام و وتساپ)و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تریدا سەپاندبوو، بەبەهانەی ئەوەی لە وەزارەتی راگەیاندن و تەكنەلۆژیای ئەو وڵاتە تۆمارنەكرابوون، بەڵام ئیتر كاتەكە دەرنگ بوو، كار لەكار ترازابوو.

یەکێکی دیکە لەو گرتانەی سەرنجی هەموو جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا ئەو کاتەبوو کە وەزیری داریی نیپاڵ کەوتە بەر ڕەحمی شەق و لێدانی خەڵکی وڵاتەکەی.