له‌باره‌ى سبه‌ینێ‌و پچڕانى هێڵى ئینته‌رنێت له‌به‌غداوه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كرێت

عیراق

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2097 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای پەیوەندییەکان‌و زانیاریی سەر بەوەزارەتی پەیوەندییه‌كانى عێراق ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەڕۆژی دەنگدانی گشتیی نیشانداوە، ده‌شڵێت، "سەرجەم کۆمپانیا دابینکارەکان چونەتە قۆناغی ئامادەباشییەوە بۆ دڵنیابون لەبەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان لەهەموو پارێزگاکان".


کۆمپانیای پەیوەندییەکان‌و زانیاریی حکومەتی عێراق ڕاگەیه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بەهەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی تۆڕەکان‌و ژێرخانی تەکنیکی، ڕۆژی هەڵبژاردن خزمەتگوزارییەکی سەقامگیر بەبێ وەستان‌و پچڕان دەستەبەردەکرێت".

ده‌شڵێت، "کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، چونەتە دۆخی ئامادەباشییەوەو تیمێکی تەکنیکییان ئامادەکردوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر حاڵەتێکی لەناکاو".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، بڕیاروایه‌ سبەینێ سێشەممە، دەنگدانی گشتیی بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەرتاسه‌رى عێراق بەڕێوەبچێت‌و سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان بەتۆڕی ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە بەبنکەی سەرەکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەعێراق.