سێ سیناریۆی ئەمریکا بۆ حکومەتی داهاتوی عێراق‌و کابینەیەکی سوپرایز لەماوەی سێ مانگدا

عیراق

20 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێنوێنە سیاسیی‌و دیپلۆماسییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی 11ی ئەم مانگە ئاماژە بەدیمەنێکی ئاڵۆزیی عێراق دەکەن کە بەلێکتێگەیشتنە ناوچەییەکان‌و ڕکابەرییە ناوخۆییەکان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لەڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەندراوی نێوان واشنتۆن‌و تاران سەبارەت بەناسنامەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق دەکرێت.


لەڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن "پەیمانگای نیولانزی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژیی‌و سیاسییەکان" ئامادەکراوەو  بڵاوکراوەتەوە، سێ سیناریۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق خستوه‌تەڕوو، کە ئەوانیش بریتیین لە:

سیناریۆی یەکەم‌و بەئەگەرێکی زۆرەوە، بریتییە لەپێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان‌و تایفەگەری کە هێزە گەورەکانی شیعەو کوردو سوننە لەخۆدەگرێت، هاوکاتە لەگەڵ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەمریکاو ئێران، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان‌و زەمینە بۆ ڕێککەوتنی ناوخۆیی خۆشدەکات.

سیناریۆی دوەم لەدەوری پێکهێنانی حکومەتێکی لایەنگری ڕۆژئاوا دەسوڕێتەوە بەسەرۆکایەتیی هێزە میانڕەوو پراگماتیکەکانی شیعە بەپاڵپشتی ئەمریکا، هاوکات بەدەرکردنی گروپ‌و هێزە نزیکەکانی تاران، بەڵام لەڕاپۆرتەکەدا باس لەوەدەکرێت، ئەم بژاردەیە حکومەتێکی فشەڵ بەرهەمدەهێنێت کە بەرەوڕوی هێرشی سیاسیی‌و ئەمنیی هێزە دورخراوەکان دەبێتەوە.

سیناریۆی سێیەم، پێشبینی ململانێی شیعەو شیعە دەکات کە دەکرێت ببێتە هۆی بەردەوامبونی حکومەتێکی کاربەڕێکەر بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی لەدوای ساڵی 2026.

ئەمەش لەئەنجامی دابەشبونی نێوان هێزە شیعەکان‌و دودڵی کوتلەی کوردو سوننە بۆ پشتیوانیی لەحکومەتێک کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانیان ناکات.

ڕاپۆرتەکە هاوکاتبوو لەگەڵ لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی عێراق، کە باسی لەڕێگریکردن لەبەشداریکردنی بەشێک لەهێزەکان لەحکومەتی داهاتودا کرد بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە، ئەمەش پرسیاری لەبارەی ڕادەی تێوەگلانی واشنتۆن لەداڕشتنی حکومەتی داهاتوی عێراق دروستکرد.

چاودێران پێیانوایە، دورخستنەوەی هەندێک هێز لەباریدا هەیە وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەشوهەوای گرژییەی کە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 هاتە ئاراوە.