شارپرێس:
لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر داوا لەسەرجەم کۆمپانیاو خاوەنکارانی کەرتی تایبەت دەکات بۆ ماوەی دوو کاتژمێر مۆڵەت بدەنە کارمەندو کرێکارانیان بۆ بەشداریکردن لەدەنگدانی گشتیی.
ئەمڕۆ دوشەممە 10ی تشرینی دوەمی 2025، لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر، بەسەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاگاداریی خاوەن کارو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی کردەوە.
لەڕاگەیهندراوەکەدا هاتوە، "سەرجەم خاوەن کارو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەسنوری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکەینەوە، کە سبەینێ 11ى 11ى 2025 لەماوەی دیاریکراوی بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی، بڕیارماندا گشت کۆمپانیاو خاوەنکارانی کەرتی تایبەت ماوەی (2 کاتژمێر) مۆڵەت بدەن بەکارمەندو کرێکارانیان بۆ ئەوەی لەو مافەی خۆیان بێبەشنەبنو بەشداریی بکەن لەو پڕۆسە دیموکراسییەو دەنگی خۆیان بدەن".
لیژنەکە داواشی لەکارمەندانو کرێکارانی کۆمپانیاکان کرد، ئەگەر هەر خاوەنکارو کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ڕێگریکرد یان ڕێگەی نەدا بڕۆن بۆ دەنگدان، پەیوەندیی بەژمارە تەلەفۆنی (عەقید نیهاد: 07504469129) بکەن.