شارپرێس:
دوای ئەوەی سەدریه‌كان‌و چه‌ند هێزێكى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئه‌مساڵیان ڕاگەیاند، هاشتاگی بایکۆت، تۆڕه کۆمەڵایەتیه‌كانى له‌عێراق ته‌نیوه، موقته‌دا سه‌دریش ده‌ڵێت:"بەهۆی ڕوداوێکی گەورەی ناوچەییەوە، هەڵبژاردن دواده‌خرێت".
پشتیوانیى بۆ هاشتاگی بایکۆتى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، تادێت ڕوو له‌زیادبونه بەتایبەت لەو هه‌ژمارانه‌ى خاوه‌نه‌كانیان سه‌ر ڕه‌وتى نیشتمانى شیعه‌ن كه موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، بەشێکی زۆری عێراقیه‌كان، دیارترینیان سەدریه‌كان‌و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، بایکۆتی هەڵبژاردنه‌كه‌ى مانگى 11ى ئه‌مساڵى په‌رله‌مانى عێراقیان ڕاگەیاند.
چالاکوانان ئاماژە به‌وه‌ده‌كه‌ن، هاشتاگەکە کارلێکی بەرفراوانی لەلایەن بەکارهێنەرانەوە وەرگرتوە کە ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەدەنگدانەکەدا دەربڕیوە، بەئاماژەدان بەوەی، هەڵبژاردنەکان "گۆڕانکاریی پێویست بەدەستناهێنێت"، وه‌كو وتویانه، "له‌هه‌ڵبژاردندا سیاسیی‌و گەندەڵه‌كان سودمه‌ند ده‌بن".
چاودێرانیش پێیانوایه، ئه‌و پشتیوانییه فراوان‌و جەماوەرییه‌ى له‌هاشتاگى بایكۆتى هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت مه‌ترسیداره‌و گوزارشت لەڕادەی توڕەیی جەماوەریی دەکات لەسەر ئەدای سیاسی لەچەند ساڵی ڕابردوه‌وه تائێستا.
بڕیاروایه، 11ى 11ى ئه‌مساڵ، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، جگه له‌موقته‌دا سه‌درى ڕێبه‌رى ڕه‌وتى نیشتمانى شیعه، هیچ لایه‌نێكى دیكه به‌فه‌رمى بایكۆتى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى ڕانه‌گه‌یاندوه.
لاى خۆیشیشه‌وه موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌رى ڕه‌وتى نیشتمانى شیعه ئاشكرایكردوه، "هیوام به‌چاکسازیی لەسیستەمی سیاسیی له‌عێراق لەدەستداوەو پێشبینیدەکه‌م بەهۆی ڕوداوێکی گەورەی ناوچەییەوە، هەڵبژاردن دوابخرێت".
به‌وته‌ى سه‌در، "سەرەڕای ئەزمونە زۆرەکانمان لەبەشداریکردن لەسیاسەتدا، بەو ئەنجامە گەیشتوم کە سیستەمی سیاسیی ئێستا، توانای چاکسازیی نییە، چونكه من هه‌موو جۆره چالاكیه‌كى سیاسیم تاقیكردوه‌ته‌وه، هەر لەبەشداریکردن لەپەرلەمان‌و حکومەتەوە تا کشانەوە لەهەردوکیان".
سه‌در ئه‌وه‌شى وت، "سەرەڕای نیگەرانییەکانى شیعه له‌وه‌ى ژماره‌ى كورسیه‌كانى په‌رله‌مانى كه‌مبوه‌ته‌وه به‌هۆى كشانه‌وه‌ى ئێمه، به‌ڵام من ئه‌و بابه‌ته‌م به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌و نیگه‌رانیشى نیم، چونكه ده‌مه‌وێت ئه‌و پرسه تائیفیه تێكبشكێنم‌و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021یشه‌وه سەرکردایەتی ئه‌و هاوپەیمانێتیه ده‌كه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته".
