ئۆکرانیا، سلێمانی, بەزاندنی هێڵی سوور

توێژینەوە و شیکاریی

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1789 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەیوب بابۆ بارزانی

ڕووداوە خوێناوییەکەی ئۆتێل لالەزار لە ڕۆژی ۲۲ی ئاب ۲۰۲٥ کۆمەڵێک شتی ئاشکرا کرد، هەرگیز بەخەیاڵی زۆر کەس لە خەڵکی سلێمانیی کە پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە نەهات... ڕووداوەکە شۆکهێنەربوو و دەرخەری مەترسیە گەورەکان بوو کە هەرەشە لە سەرتاپای هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، بەمەش دیاردەکەوێت کە هێشتان کلتوری دیالۆگی هێمنانە و بونیادنەر زۆر دوورە لەمێشکی سەرکردە وسیاسەتمەدارانی کورد.

سلێمانی کراوەترە له ڕووی ئازادی ڕا دەربڕین و رەخنەگرتن لەدەسەڵاتی کوردی و رێکخستنی ڕێپیوان و ئەنجامدانیخۆپیشاندان و پێچەوانەی هەولێری پایتەختە کە دەسەڵاتی پۆلیسی دەستی بەسەرداگرتووە.

دەمێکی زۆرە جەماوەر باوەر و قەناعەتیان هێناوە بەوەی کە سەرکردە کلاسیکیەکانی کورد دژایەی بەهاکانی دیموکراسیەت دەکەن و بەربەستێک لە بەردەم خواستەکانی گەلی کورد پێکدەهێنن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە  مافەکانی مرۆڤتێدا پارێزراو بێت، هەروەها بونیادنانی دەوڵەتی یاساودابەشکردنی سەروەت و سامان بەشێوەیەکی دادپەرورانەو نەهێشتنی گەندەڵی.

سەرکردەکانی کورد پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییان بەئەنقەست لە بنەرەتەوە پەکخست و کردیان بە تەنها پڕۆسەیەک بۆ دووبارە بەیعەتدانەوە بۆ هەمان دەستەبژێری گەندەڵ.

بەکورتی ئەزموونی گەلی کوردستان لەگەڵ حوکمی بنەماڵە ئەزموونێکی زۆر تاڵ و سەرچاوەیەکە بۆ کێشە ئاڵۆزەکان و مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئەم گەلە و نەوەکانی داهاتوو.

هەر لە سەرەتاوە سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی سلێمانیی بەدەستە، لەدەست ئەو دوژمنکاریەی تورکیایە کە بەشێوەکی پەیتاپەیتاوە هەڵدەکشاو دەیناڵاند، چونکە یەکێتی شوێنپێهەڵگری سەرکردایەتیی پارتی(حکومەتی بنەماڵە وخزمەکان) نەبوو ، ئەو حکومەتی کە بۆ هەماهەنگیکردنی سیاسەتەکانی لەگەڵ تورکیا و بەشێوەیەکی ووردتر بەپێی لۆژیکی میتی تورکی،  فەرمان لە سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانییەوە وەردەگرێت.  

مانگە هەنگوینە بەردەوامەکەی پارتی و تورکیا کە لە هەمانکاتدا سیاسی و ئابووری وئەمنی وسەربازییە، بوارێکی فراوانی بۆ ئەنجامدانی مانۆر لەدژی یەکێتی نیشتیمانی و گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان بە سەرکردایەتیی پارتی بەخشی.  

ئامادەبوونی تورکیا لە رووی سەربازییەوە بەشێوەیەکی چڕ لەناوچەی بادینان، مافی سەرپەرشتیکردن یاخود ماندێتی بەریتانی ـ فەرەنسی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە دروستکردنی ناوچە پارێزراوەکان یان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستمان بیردخاتەوە، عادەتی کۆلۆنیالیزمی ترادسونال هەر لە سیییەکانی سەدەی رابردوو وە وایە کاتێک ناتونێت حوکمی کوڵنیالیی ڕاستەوخۆ بسەپێنێت بۆ "ناڕاستەوخۆ" دەیگۆڕێت بەمەبەستی چەواشەکردنی گەلان.

 

تورکیا ئەمڕۆ ئەم ڕۆڵە، لە هەرێمی کوردستان، دەبینێت و هەر لەم سۆنگەیەوە سەرەدەری دەکات لەگەڵ سەرۆکی پارتی کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەوانە لە هەرێمی کوردستانی ژێر سەرپەرشتیی و ماندێتی تورکی.  

پاشکۆیەتی پارتی و خۆخستنی سەرکردایەتیەکەی لە باوەشی تورکیا بەمشێوە ڕوون و ئاشکرایە هەموو هێڵە سورەکانی ناسیونالیزمی کوردیی تێپەڕاند، گریمان ئەگەر لەم کاتدا ئەم جۆرە هێڵانە لەبنەرەتەوە بوونیان هەبێت! کە ئەمەش لە دەرئەنجامی ریشەکوتانی کلتوری جاشەیەتی و بەکرێگیراوییە لە شەستەکانی سەدەی رابردوو.

ئەمەش شتێکی نامۆ نییە بۆ سەرکردایەتیی پارتی کە کارامەو شارەزایە لە هونەری پەرینەوە لەم باوەشە بۆ باوەشێکی تر کە بەرژەوەندییەکانی بنەماڵە دەیبزوێنێت و دەبینین لە ۱۹٦۳ ــ ۱۹۹۱ لە باوەشی ئێران بوو  

پاشان پەرییەوە بۆ باوەشی حزبی بەعس لە ۱۹۹۱ ــ ۲۰۰۳لەوێشەوە بۆ باوەشی تورکیا لە ۲۰۰٨ هەتاکو  ئەمساڵی ۲۰۲٥ بەردەوامە.

پاشکۆیەتی بۆ لایەنێکی بەهێز دەرخەری ئەوەیە کە ئەم سەرکردەیە لاواز و بێ ئیرادەیە ومتمانەی بەخۆی نیە و ناتوانێت بەتەنیا بجولێتەوە بەهۆی ئەو ترسە قۆڵەی کە سایکلۆجیەتیدایە، هەرچەندە لەبەردەم بەرامبەرەکانی بۆ چەواشەکردنیان خۆی بە قارەمان و بەهێز دەردەخات، لێرەدا نامانەوێت زیاتر ڕەوتی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەزگا هەوڵگرییەکانی وڵاتانی دیکەی دوورتر بخەینە بەرباس.  

خاڵی وەرچەرخان و مەترسیدارەکە بۆ سڕکردنی هۆشیاری دەستەجەمعیی نەتەوە کورد بەشیوەیەکی سیستەماتیک ئەوکاتە دەستیپێکرد کاتێک لەسەر داوای دەزگای هەواڵگریی ساڤاکی ئێرانی سەرکردەی دیاری کورد، سلێمان موعینی و هەڤاڵاکانی لە ساڵی ۱۹٦٨ کوژران، هەر لەو کاتەوە بەربەستەکانی بەردەم قەدەغەکراوەکان لابران و بەشێوەیەکی زەق هێڵە سوورەکان بەزێنران.

لە کاتی ململانێی کورد ـ کورد دا  داواکردنی یارمەتی لە هەر وڵاتێک بەتایبەتی لە وڵاتانی دراوسێ، بەهەموو پێوەرەکان لەو پەری مەترسیدایە و هەموو هێڵە سورەکان دەبەزێنێت و گوێبیستی دانپێدانانەکان ئەو کەسانە بووین کە لە ۲۲ی ئاب دەستگیرکران.  

ئەوان لە رێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشتی دەرەوەیان کرد ئەمەش واتای ئەوە دەدات کە گەشتەکانیان بەئاگاداری سەرۆکی پارتی و دەزگای پارستن بووە.  

فرۆکەکەیان کاتێک لە فرۆکخانەی ئسیستانبۆل دەنیشێتەوە واتای ئەوەیە کە میتی تورکی ئاگادارەو کاتێک بەرە ئۆکرانیا بەرێدەکەون و دەگەنە ئەو وڵاتە واتای ئەوەیە کە هەریەک لە مۆساد و میتی تورک ودەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا کە بە SBU ناوسراوە ئاگاداری پلانەکەن.

ئەو گروپە لەفڕۆکەخانەوە دەگوازرێن بۆ سەربازگەیەکی ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی درۆن وفڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لەدوای تەواوبوونی پڕۆسەی مەشقەکە لە ئۆکرانیا لە رێگای فرۆکەخانە پێشوەکاندا دەگەرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.  

بێگومان هەماهەنگیەکی تەواو لە نێوان ژمارەیەک دەزگاهەواڵگریەکاندا هەبووە لە پلاندارشتن بۆ مەشق پێکردنی ئەو گروپە کوردیە و دیار کردنی پلان وئامانجەکان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان لە کوردستان و بەتایبەتی لەسلێمانی، بەدڵنیایەوە زنجیرەیەکی دیالۆگ و گفتوگۆ بەشێوەیەکی نهێنی نێوان لایەنە بەشداربووەکان ئەنجامدراوە پێش ئەوەی تێوەگڵاوەکان بگەن بەرێکەوتن.  

بەرداوامبوونی ململانیەکان لە نێو ماڵی تاڵەبانی و کەڵەکەبوونی نەرێنیەکان و نیمچە چارەسەریەکان تەنانەت بشتگوێخستنی چارەسەریەکان وایکرد لایەنی بەرامبەر کە چاوەرێ زەفەر بردنە زیاتر ڕۆڵە گەورەکەی خۆی بشارێتەوە و دابەشبوون وجیابوونەوە لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ململانێی شەخسی وێنابکات کەهیچ لایەنێکی سیاسی لە دەرەوەی یەکێتی پەیوەندیی بەم بابەتەوە نیە.

ئایا ئەو بەرژەوەندییانە چین کە ئەو هەموو هێز ولاینە نێودەوڵەتیەلە کارێکی هەماهەنگراو وبەدیاریکراوی لە هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە ویەکیاندەخات.

روون و ئاشکرایە کە سەدام حوسێن و لەدوایدا سەرۆکی تورکیا، ئەردۆغان پشتیوانی سەرۆکی پارتی، مەسعوود مەلا مستەفا بوون، لە ۳۱ ئاب ۱۹۹٦ مەسعوود داوای دەستێوەردانی بەعسی کرد و دەبابەکانی ئەو حیزبەی هێنایە هەولێر بۆ دەرکردنی هێزەکانی یەکێتی لەو شار، ئەمەشی بۆ كرا، بەڵام سەرکەوتنەکە سەرکەوتنێکی تەواو نەبوو چونکە مەسعوود ویستی هاوشێوەی هەولێر دەستبەسەر پارێزگای سلێمانی بگرێت، واتا دەستگرتن بەسەر تەواوی هەرێمی کوردستان و لەپاشاندا خۆی وەک فەرمانرەوایەکی گشتی بەسەر هەرێم جاڕ بدات.

باڵادەستیی سەرۆکی پارتی بەسەر پارێزگای سلێمانی چەند حەفتەیەکی خایاند و لەپاشاندا لە سلێمانی لەرێگەی دوکانەوە خۆی و کەسە نزیکەکانی هەڵاتن کاتێک هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بەپشتیوانیی سوپای پاسداران دەستپێشخەریەکەیان گرتەدەست و هێرشیان بۆ سەر سلێمانی لەچەند محوەرێکەوە دەستپێکرد، هێزەکانی پارتی رووخان،  دانیشتوانی هەولێریش شارەکەیان چۆڵکرد، و هێزە عێراقییەکان دەستێوەردانیان نەکرد بۆ رێگریکردن لە هێزەکانی یەکێتی، هەروەک تاریق عەزیز ئاماژەی پێ دا تەنها هۆشدارییان دا بە جەلال تاڵەبانی کاتێک زانییان کە هێزەکانی یەکێتی لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی سلێمانی رەنگە بەرەو هەولێر پشرەوی بکەن وبەردەوامی بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوە پارێزگای هەولێر. 

لێرەدا ئەو هاوکێشەیەی کە بووە مایەی رەزامەندیی ئێران و توركيا و عێراق و سوریا پتەوتر بوو، هاوکێشەکە بریتی بوو لەدابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ناوچەی هەژموون، هەرناوچەیەک بۆ حزبێک بێت و لەژێر دەسەڵاتی دوو سەرکردەی ناتەبابێت و هیچ دەرفەتێک بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دوو ناوچەی نەبێت، قەوارەیەکی لاواز و گەندڵ و نادادپەروەر دەرهەق بەگەلی کورد لەدەرئەنجامی ئەو هاوکێشەیە درووستبوو، ئەو هاوکێشە نوێیە ناویان لێ نا فیفتی فیفتی.

وێرای شکستەکەی ساڵی ۱۹۹٦ لە مانەوە بە گرتنە دەستی شاری سلێمانی، سەرۆکی پارتی هەمیشە لە چاوەرێ دەرفەتێک بوو بۆ دووبارە کردنەوەی هەوڵەکانی بەچەند شێوازێکی جیاوازەوە، بەڵام نەمانی هاوپەیمانە بەعسیەکەی وروخانی سەدام حوسێن لە ساڵی۲۰۰۳ وایلێکرد بەدوای هاوپەیمانێکی تردابگرێت. لێرەدا تورکیا ئەو بۆشایەی کە سەدام بەجێی هێشت، پڕیکردەوە و ئەردۆغان و پارتی دادپەروەری و گەشەپێدان بوونە جێگرەوەی سەدام و حزبی بەعس، لەئەنجامدا بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستبوو، لەرێگەی پارتی و سەرکردایەتیەکەیدا تورکیا توانی پتەوتر دەست بەسەر موقدەراتی هەرێمی کوردستاندا لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازیەوە بگرێت و گەیشتە ئاو ڕادەیەی کە تورکیا بەشێوەیەکی ڕاستەقینە مومارەسەی مافی سەرپەرشتی و مانێدێتی ڕاستەقینە بەسەر هەرێمی کوردستان مومارەسە بکات، بەڵام بێ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی ڕایبگەینێت.

 

تورکیا توانی پشتیوانیی سەربازی و ئەمنی وهەواڵگریی پارتی بۆخۆی مسوگەر بکات. هەرواش بوو پێشمەرگەکانی پارتی بەشدارییان کرد لەهێرشبردن بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە و هەستان بەئاشکراکردنی ئەندام ولاینگرانی ئەو حیزبە و ڕادەستیان بە دەسەڵاتی تورکیا، بەمەش پارتی هەڵوێستێکی دژ بەبزووتنەوەی رزگاریی کوردی لە باکور و ڕۆژئاوادا گرتەبەر.

هەروەها تورکیا لە زۆر بۆنەدا سەرۆکی پارتی وەک ئامرازی فشارکردن لە حکومتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا بەکارهێنا بۆدرووستکردنی ئاستەنگ بۆ کارەکانی ئەو حکومەتانە، کۆمپانیا تورکیەکان له رێگەی چەند رێکەوتنێکی گومانەوی و ناشەفاف و بەرەزامەندیی ئەندامانی بنەماڵەی سەرۆکی پارتی توانییان بەنرخێکی زۆر هەرزان و بەدەر لە چوارچێوەی نرخە جیهانیەکان کەرێکخراوی ئۆپیک دیارییان دەکات،  دەستبەسەر چەندین گرێبەستی نەوتیدا بگرێت، سودمەندی سەرەکیش هەریەک لەتورکیا وئیسرائیل بوون و وەک لای هەموان دیارە هەرێم لەم سەرکێشیە سەرەڕۆیانەدا بەقردێکی زۆر قورسەوە دەرچوو.  

تورکیا هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی بۆ سەر هەرێمی کوردستان فراونتر بکات، رکابەریەکی گەورە و زەق لە نێوان تورکیا و ئێران لە سەرگۆرپانی عێرقدا بوونی هەیە، ئەم رکابەریە ریشەیەکی جیهانیە و هەردوو بلۆکی ئۆراسی و ئەتلەنتی لەخۆدەگرێت، ئەو ناوچانەی کە لەژێر هەژموونی مەسعوود مەلا مستەفان تورکیا داگیری کردوون ، هێزەکانی تورکیاش لە دەیان بنکە لە دەڤەری بادینان بوونیان هەیە، دەزگای میتی تورکیش زۆر بەچری لە هەرێمی کوردستان ئامادەن و دەزگای پاراستنی پارتیش هاوکارو هەماهەنگیانە.

وا دیارە ئەو ناوچانەی کە لەژێر هەژموونی پارتیدایە لە هەمانکاتدا لەژێر هەژموونی تورکیاشە، بەڵام ئەمە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ڕاست نییە، تورکیا فشاری جۆراوجۆر لە دژی سلێمانی پراکتیزە دەکات، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فرۆکانەی کە بەرەو فرۆکەخانەی سلێمانی هاتووچۆ دەکەن داخست، درۆنەکانی تورکیا سەروەری ئاسمانی سلێمانی پێشێل دەکات، چەندین کەسیش لەرێگەی ئەو درۆنانەوە کوژران بەبیانوی ئەوەی کە ئەو کەسانە ئەندامی پەکەکەن یان لاینگر وهاوسۆزی ئەو حیزبەن هەروەها هەڕەشە لە سەرکردەکانی یەکێتی دەکرێت بۆ گۆرینی سیاسەتەکانیان.

دووبەرەکی و جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و لەم دواییەدا ململانێی لە نێو سەرکردە و ئامۆزاکان یەکێتیی کەنەفت و ماندووی کرد، بەستنەوەی سلێمانی بە هەولێر و خستنی لەژێر هەژموونی تورکیا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وکۆنتڕۆڵکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان هیواکانی تورکیا زیندوو کردەوە بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتەکانی بەسەر کەرکوک و موسڵ بۆ ئەوە بتوانێت زیاتر فشار بخاتە سەر سیاسەتەکانی بەغدا بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سوننەکان و سەرانی حیزبی بەعس بۆ سەر دەسەڵات، بەمەش دەتوانێت کارتی فشار بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر بەکاربهێنێت، ئەمەش بەواتای پاشەکشەی هەژموونی ئێران دێت.

هەروەها زەمینە و بارودۆخێکی سەربازیی لە بار ونموونەیی بۆ ئیسرائیل دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی گورزێکی سەربازی لە ئێران و دامەزراوە سترایجیەکانی بوەشێنێت، ئەمەش هەمووی بەدڵی ئیدارەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپایە، دەبێت لە بیرمان نەچێت سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە پەیوەستە بە ئەجیندا ئەتلەسیەکان تەنانەت ئەگەر ئەو پەیوندییە پێچەوانەی بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکانی تورکیاش بن.

 

لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۳ ئۆکرانیا پەیوەندییە دبلوماسیەکانی لەگەڵ ئێران کەمکردەو و سزای درێژخایەنی بەسەردا سەپاند لەنێویاندا هەموو جورە ئاڵوگۆری بازرگانی قەدەغە کرد و ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی پشتگیریی سەربازی لە ڕووسیا دەکات لە شەری نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا.  

گەماڕۆدانی کۆماری ئیسلامی و گۆرینی رژێم وسیستەمی ئەو وڵاتە سیاسەتێکی نەگۆرە سەبارەت بە ئەمریکا و دەوڵەتە قوڵەکەی و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا و رژێمی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە لە فەلەکی وڵاتانی رۆژئاوا دەخولێنەوە ولەیەکنزیکن، ئەم دەوڵەتانە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە ئیدارەی پارێزگای سلێمانیی بەدەستە،  بە نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران لەرووی سیاسیەوە لە قەڵەمدەدەن.

بێگومان حکومەتی ئێران هەموو رێوشوێنێک بۆ بەرگریکردن لەوڵاتەکی دەگرێتەبەر،  ئێران بە فەرمی دەستبەرداری سیستەمی جی پی ئێسی ئەمریکی پشتڕاستکردەوە و بەسیستەمی بەیدۆی چینی گۆڕیەوە. ئەمەش هەنگاوێکی بوێرانەیەلە شەڕی تەکنەلۆژیای بەردەوامدا. 

بێگومان بەرەی بەرهەڵستکاری (بەرەی مقاوەمەت) بەهەردوو بەشە شیعە وسوننیەکەیدا گورزێکی گرانی پێکەوت لە لوبنان و فەلەستین و عێراق و ئێران و یەمەن و سوریا بەڵام کۆڵی نەداوخۆی بەدەستەوە نەدا و شکەستی نەهێنا وێڕای ئەوەی کە ئیسرائیل و ئەمەریکا هەموو توانا سەربازی و سیاسی ئابووری و پرۆپاگەندەی میدیایی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارهێنا بەمەش هەموو نەریت ویاسا نێودەوڵەتیەکانیان پێشێل کرد، ئەم ململانێیە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەتیس نییە بەڵکو سەرتاپای جیهان دەگرێتەوە، ململانێیەکی جیهانیی درێژخایەنە،  جیهانیش لە رێگای نوێترین تەکنەلۆجیا وداهێنانی زانستییەوە لە قۆناغی خۆسازدان و رێکخستنەوەی نوێیە بەسەرکردایەتی ژمارەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو وەک وڵاتی چین وهیندستان وئێران و ئەمەریکای لاتین و کشوەری ئەفریقا، کوردستانیش لەهاوکێشەی ململانێی جیهانیدا  خاوەن هەڵکەوتەو یەک یستراتیجییە چونکە کاریگەریی خۆی بەسەر چوار وڵاتی خاوەن سەنگ لەناوچەکەدا هەیە.

وێڕای تێپەربوونی ۳۲ ساڵ بەسەر پێکهێنانی دەسەڵاتی کوردی کە هەتاکو ئێستا سیاسەت بەپێی لۆژیکی چەتەگرایی و چەکداریدا پڕاکتیزە دەکات، پێموانیە ژیرانە بێت گەر ئەو دەسەڵاتە، خۆی بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئقلیمی یان بە سیاسەتی جەمسەرگەرایی زلهێزەکانەوە تێوەگلێنێت.

گریمان جەمسەرێکی دیاری کراو براوەی جەنگەکە دەبێت و سەرکێشیی جیهانی دەکات ودەبێت بچنەپاڵیەوە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی هێشتا ئامادە نییە بچێتە ناو هەر هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی یاخود ئقلیمی، چونکە دەسەڵاتی کوردی تائێستا ئاسۆی سیاسی و ستراتیجیی بچوکە و روحیەتی جاشایەتی وبەکرێگیراوی تێیدا باڵایە.

ئەداو ئەزموونی دەسەڵاتی کوردی چ لە سەر ئاستی حکومەت و پەرلەمان و چ لەسەر ئاستی دەسەڵاتی دادوەری لە میانی 30 ساڵی ڕابردوو بەسە بۆ زانینی ئاستی گەندەڵەیی ئەو دەسەڵاتە و ئاشنا بوون بۆ حوکمڕانی بەڵکو ئەم دەسەڵاتە مەترسی لە سەر داهاتووی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی پێکدەهێنێت.   

ناردنی تیمێکی بچووک بۆ ئۆکرانیا بۆ مەشق و ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە ئامانجی لێدانی قەوارەیەکی کوردی لە دڵی شاری سلێمانی، دەکەوێتە چوارچێوەی"خۆ لەناوبردن". ئایا ئێمە لەبڕی دوژمنەکانمانەوە چووینەتە قۆناغێکی خۆ لەناوبردنەوە؟.

بەپەلە