شارپرێس:
نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابوریی عێراقی، باسی لەداهاتوی نرخی نەوت بۆ شەش مانگی داهاتوو کردوەو ئاماژەی بەوەدا، هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی نرخەکانو لاوازیی خواست لەسەر نەوت لەجیهاندا، لەوانەیە ببێتە هۆی زۆربونی ئۆفەری نەوتو دابەزاندنی نرخەکانی بۆ کەمتر لە 60 دۆلار.
مەرسومی لەپۆستێکدا لەهەژماری تایبەتیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیویهتى، "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵدەدات نرخی نەوت بۆ ئاستی 55 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کەمبکاتەوە؛ بۆ ئەوەی ئامانجەکانی هەڵبژاردنی بەدیبهێنێتو داهاتە نەوتییەکانی ڕوسیا کەمبکاتەوە کە دواتر پەلە دەکات لەکۆتاییهێنان بەشەڕی ڕوسیا-ئۆکرانیا".
ئەو وتویەتی، "ترەمپ داوای لەهاوتا ئەوروپییەکانی کردوە کە باجی گومرگی تا 100% بسەپێنن بەسەر کڕیارانی نەوتی ڕوسیا، بەتایبەتی چینو هیندستان، کە 79%ی نەوتی ڕوسیای فرۆشراو لەبازاڕە جیهانییەکان بەنرخێکی داشکێنراو هاوردە دەکەن، جگەلەوەی کۆمسیۆنی ئەوروپاش نزیکە لەکەمکردنەوەی سەقفی نرخی نەوتی ڕوسیا لە 60 دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ 47.60 دۆلار".
لەکۆتاییدا دەڵێت، "ئەم گۆڕانکارییە نوێیانە، لەگەڵ لاوازیی خواست لەسەر نەوت لەجیهاندا لەچارەکی چوارەمی ئەمساڵو چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو، لەگەڵ زیادبونی بەرهەمهێنان لە(ئۆپێک)و دەرەوەی ئۆپێک، کە بوەتە هۆی زیادبونی خستنەڕوی نەوت، لەوانەیە نرخی نەوت لەماوەی شەش مانگی داهاتودا بۆ کەمتر لە 60 دۆلار پاڵ بنێت."
