شارپرێس:
ڕادیۆی مۆنتی کارلۆى نێودهوڵهتى فهرهنسى، لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردوە، دانوستانەکانی نێوان حکومەتی عێراقو گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لەو وڵاتە شکستیهێناوە سەبارەت ڕادەستکردنی چەکو تێکەڵبون بەدامەزراوەی فەرمیی وڵات.
سەرچاوەیەکی ئاگادارى عێراق بهڕادیۆ فهرهنسیهكهى وتوه، "دانوستانەکانی نێوان حکومەتی عێراقو گروپە چەکدارەکانی عێراق لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا شکستیهێناوە سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەو چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی بەناو مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق".
لهو زانیاریانهدا بەپشتبەستن بەزانیارییەکانی گروپە چەکدارەکانی عێراق ئهوههاتوه؛ پلانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست نێوان فەڵەستینییەکانو ئیسرائیل لەغەززە، فشارهكانى سەر حکومەتی عێراق زیاتر دەکات لەلایەن ئەمریکاوە بۆ داماڵینی چەکو لەلوبنانیش بەهەمانشێوە فشارهكانى سەر حکومەت بۆ چەکدانانی حزبوڵڵا زیاتر دەبن.
گروپە چەکدارەکان پێیانوایە پلانی کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە ئامانجی زیاترکردنی گەمارۆدانی ئێرانە لەناوچەکەدا.
چەند سەرچاوەیەک لەڕێکخراوی بەدر بەسەرۆکایەتی هادی عامری کە زۆر نزیکە لەسوپای پاسدارانی ئێران وتویهتى، "ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران، بەنیازە کۆبونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ لایەنەکان بەرەی مقاوەمە ئەنجامبدات، ئەوەش لەپێناو داڕشتنی ستراتیژێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی داهاتوو".
بهگوێرهى زانیارییەکانی مۆنتی کارلۆ، واشنتۆن دەیەوێت حکومەتی نوێی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان لەدوو مەلەفدا بەهێزبێت: چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانو دورکەوتنەوە لەئێرانو بەستنی پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەکو؛ ئوردن، سوریا، تورکیا، میسر، سعودیە، قەتەرو ئیمارات.
حەشدی شەعبی ڕێکخراوێکی چەتری عێراقییە کە دەوڵەتی عێراقی سپۆنسەری دەکات، لەنزیکەی 67 کوتلەی چەکداری جیاواز لەگەڵ نزیکەی 128 ھەزار چەکدار پێکھاتوە، کە زۆربەیان گروپی موسڵمانی شیعەن، بەڵام گروپەکانی موسڵمانی سوننە، مەسیحیو ئێزدیش لەخۆدەگرن، بەڵام لێکۆڵینەوەیەک بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەرکەوت کە نزیکەی 60 ھەزار کەسیان سەربازی ڕاستەقینەن، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە 70 ھەزاریان "سەربازی شاراوە"ن.
حهشدى شهعبى، وەک گروپێک لەساڵی 2014 پێکھێنراونو نزیکەی لەھەموو شەڕێکی گەورەدا دژی داعش شەڕیان کردوە.
دوای ئەوەی لەسەرەتای ساڵی 2018دا بەتەواوی لەلایەن حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی ئەوکاتەو سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لەساڵی 2014 تا 2018 ڕێکخرایەوە، ناوی «پاسەوانی نوێی کۆماری عێراق»ی لێنراوە کە ڕێسای بۆ گونجاندنی دۆخی کۆکردنەوەی جەماوەری دەدا، ھەندێک لەمیلیشیا پێکھێنەرەکانی لەلایەن ھەندێک دەوڵەتو بهگوێرهى دوایین بڕیارى ئهمریكا بەگروپی تیرۆریستی دادەنرێن، لەکاتێکدا ھەندێکی دیكهیان بەتوندوتیژیی تائیفی تۆمەتبارکراون.
لەماوەی ناڕەزایەتییەکانی عێراقیش لەساڵی 2019 ـ 2020 ئەو ڕێکخراوە بەکوشتنو بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لەخۆپیشاندەرانو چالاکوانان تۆمەتبارکرا.
