چین سزاى ئه‌مریكایدا

جیهان

14/10/2025‌ 2777 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چین سزای نوێی بەسەر کۆمپانیا کەشتیسازییەکانی کۆریای باشوردا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا دەستی بەلێکۆڵینەوەیەکی بازرگانی کرد لەسەر گەشەسەندنی بەهێزی کەشتیسازی چین‌و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی جیهانی.


وەزارەتی بازرگانیی چین ئاشكرایكردوه‌، مامەڵەکردنی کۆمپانیا چینییەکان لەگەڵ پێنج کۆمپانیای لق کە بۆ ئەمریکا کاردەکەن لەکۆمپانیای کەشتیسازیی Hanwha Oceanی کۆریای باشور قەدەغەکردوەو وەزارەتەکە ڕایگەیاندوه‌، لێکۆڵینەوە لەبارەی بەدواداچونی واشنتۆن لەسەر گەشەسەندنی زاڵبونی چین لەکەشتیسازیدا دەکات.

کۆمپانیا سزاکانیش بریتین لە Hanwha Shipping LLC ، Hanwha Philly Shipyard Inc.، Hanwha Ocean USA International LLC، Hanwha Shipping Holdings LLCو HS USA Holdings Corp.

کەشتیوانیی نێودەوڵەتی‌و کەشتیسازیی لەمدواییانەدا بونەتە جێگەی سەرنجی ناکۆکیی بازرگانیی نێوان واشنتۆن‌و پەکین، هەردولا باجی نوێی بەندەرەکانیان بەسەر کەشتییەکانی یەکتردا سەپاندوە.

لەکۆتاییی 2024دا، کۆمپانیای هانوا بەبڕی 100 ملیۆن دۆلار کەشتیسازیی فیلادێلفیای لەپێنسیلڤانیا کڕی، لەمانگی ئابدا ڕایگەیاند، پلانی هەیە پێنج  ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەکەشتیگەل‌و بەندەرە نوێیەکاندا بکات وەکو بەشێک لەپاڵپشتییەکانی بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی توانای کەشتیسازیی کێبڕکێکار لەئاستی جیهانیدا.