شارپرێس:
به‌گوێره‌ى میدیاى سوریى، ئه‌مڕۆ چوارشەممە ئەحمەد شەرع سەرۆكى سوریا بەسەردانێك گه‌یشته ڕوسیا‌و لەوێ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆده‌بێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فه‌رمى سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، ئه‌حمه‌د شه‌رع لەگەڵ پوتن وتووێژ دەکه‌ن سەبارەت بەپەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات‌و پێشهاتە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکان‌و بەرژەوەندییه هاوبەشه‌كان.
له‌هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەو مورهه‌ف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی سوریا یاوه‌ریى شه‌رع ده‌كه‌ن بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى مۆسكۆ.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندوه، مۆسکۆو دیمەشق باس لەبونی ڕوسیا لەسوریاو داڕشتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی دەکەن.
وه‌كو باسكراوه، چاوەڕواندەكرێت لەدیدارەكەی نێوان شەرع‌و پوتن بابەتەكانی دەستوەردانی ڕوسیا لەشەڕی سوریا‌و چارەنوسی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشوی سوریا لەمۆسكۆو بنكە سەربازییەكانی ڕوسیا لەلازقییەو تەرتوس‌و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەست بەهەردوو وڵات، تاووتوێبكرێت.
سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، شەرع له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پوتن، داواده‌كات مۆسکۆ به‌فه‌رمى به‌شار ئه‌سه‌د ڕادەستی دیمەشق بكاته‌وه، چونكه بڕیارێكى دادگاى باڵاى دیمه‌شق هه‌یه له‌و ڕوه‌وه.
دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا چوەتە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا‌و چەندین یەکەی نیشتەجێبونی لەو وڵاتە کڕیوەو لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدایە.
