شارپرێس:
كۆمەڵی دادگەریی لەڕونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەبڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیەی گوایە کۆمەڵ و یەکێتی ڕێکكەوتون ئەندامانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەنگ بدەن بەکاندیدێک لەسنوری پارێزگای نەینەوا، دەڵێت، هیچ ڕێككەوتنێك نیەو تەنیا درۆ و بوهتانن.
لەڕونكردنەوەكەی مەڵبەندی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەرییدا هاتوە، ئێمە هەموولایەک دڵنیادەکەینەوە هیچ ڕێکەوتن و بڕیارێکی لەوشێوەیە نیەو سەرلەبەری ڕەد دەکەینەوە، پەنابردن بۆبڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵە جگەلە درۆو بوهتان هیچی تر نیەو هەوڵی لایەنی دەسەڵاتە تاگومان لەلای دەنگدەر دروست بکات لەبەرامبەر کۆمەڵی دادگەری.
دەشڵێت، هەربۆیە داواکارین لەکادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارو دەنگدەرانی کۆمەڵ گوێ بەهیچ چەواشەکارییەک نەدەن و بەگوڕو تینەوە لەو ماوەیەی ماوەکار بکەن بۆ سەرخستنی لیستی کۆمەڵ و بەکردەوە ئەو چەواشەکاریانە ڕەدبکەنەوە.