شارپرێس:
دەرونناس
ناتالیا بیزۆس ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرمی، ئاستی دڵەڕاوکێ
لەوانەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، چونکە کەشوهەوای سارد کاریگەری ڕاستەوخۆی
لەسەر کردە فەرمانییەکانی جەستە و گرژی دەروونی هەیە.
بیزۆس چوار
هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم زیادبوونەی دڵەڕاوکێ لە وەرزی سەرما دەخاتەڕوو:
یەکەم، کاریگەریی سەرما لەسەر جەستە: پلە گەرمیی
نزمەکان سیستەمی دەماری سۆمپاثەتیک چالاک دەکەن، کە لێدانی دڵ خێرا دەکات و هۆرمۆنی
ئەدرینالین بەرز دەکاتەوە، ئەمەش هەستێکی دروست بە هەڕەشە و دڵەڕاوکێ دەبەخشێت. هەروەها،
کەمیی ڕووناکی ڕۆژ لە زستاندا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێکخستنی کاتژمێری بایەلۆجی
و ئاستی سیڕۆتۆنین دەبێت، کە هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی مەیلی چالاکی و زیادبوونی ئەگەری
دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
دووەم، تێکچوونی
خەو و ڕۆتینی ژیان: شەوانی درێژی زستان و سەرما دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو، کە ڕۆڵێکی
بنەڕەتی هەیە لە چارەسەرکردنی بیرەوەرییە هەستیارییەکان. کاتێک خەو باش نابێت، بیرکردنەوەی
پڕ لە دڵەڕاوکێ کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی نەخشەی دڵەڕاوکێی بەردەوام.
سێیەم،
فشاری ئابووری و خێزانیی: پێویستیی دابینکردنی بودجە بۆ گەرمکردنەوە و دابینکردنی
پێداویستییەکان، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر تاک و خێزانەکان، کە بیرکردنەوەی وەک
"چۆن ئەم وەرزە تێدەپەڕێنم؟" و "ئایا خێزانەکەم دەتوانێت بەرگەی
زستان بگرێت؟" دروست دەکات.
چوارەم، کەمبوونەوەی
جووڵە و گۆشەگیریی: کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی و کەمبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
کاتی زیاتر بۆ تێفکرینی ناوەکی دروست دەکات، کە زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی سیناریۆی
دڵەڕاوکێ و کۆنترۆڵکردنی سەخت دەبێت.
بۆ کەمکردنەوەی
ئەم دڵەڕاوکێیەی وەرزی سەرما، بیزۆس ڕێنوێنی دەکات بە هێشتنەوەی ڕۆتینێکی ڕۆژانەی ڕێک
و پێک و کاتی خەوتن و هەستانەوەی جێگیر، لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی مامناوەند
وەک ڕۆیشتنی کورت لە دەرەوە. هەروەها، پەرەدان بە لێهاتووییەکانی کۆنترۆڵکردنی خود
وەک هەناسەدانی قوڵ و تێڕامان بە پێویست دەزانێت.
لە کۆتاییدا،
دەروونناسەکە جەخت دەکاتەوە کە دڵەڕاوکێ لەم وەرزەدا وەڵامێکی سروشتییە بۆ بارودۆخە
سەختەکان، بەڵام دەکرێت بە پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی ڕێکخراو بۆ تەندروستی جەستەیی، سۆزداری
و ڕۆتینی ژیان، کاریگەرییەکانی کەم بکرێتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
