شارپرێس:
فالح خەزعەلی، سەرۆکی کوتلەی "موەنتەسیرون"
لە پەرلەمانی عێراق، پێشنیازێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل خستۆتەڕوو
کە ئامانج لێی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پیسبوونی ژینگەیە.
بەپێی
پێشنیازەکە، ساڵانە ڕێگە بە هاوردەکردنی 100000 ئۆتۆمبێلی نوێ لە کۆمپانیا جیهانییە
باوەڕپێکراوەکان دەدرێت، بەو مەرجەی لە بەرانبەر هەر ئۆتۆمبێلێکی نوێدا ئۆتۆمبێلێکی
مۆدێل کۆن تێکبشکێنرێت (تەسقیت بکرێت) و بڕی 4000 دۆلار وەک ڕەسمی تێکشکاندنی بدرێتە
دەوڵەت.
خەزعەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی
بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە ساڵانە نزیکەی 650 بۆ 700 ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت
دابین دەکات، کە دەکرێت بۆ پشتگیریکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی بەکاربهێنرێت.
هەروەک ڕوونیکردۆتەوە کە تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلە
کۆنەکان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی کانزاکان، چونکە هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی 3 تۆن
ئاسن و کەرەستەی دیکە دابین دەکات.
ئەم پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردۆتەوە کە جێبەجێکردنی
ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ کە لە ساڵانی ڕابردوودا
بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 60000 کەس، جگە لەوەی کوالێتی هەوا باشتر دەکات و ڕێگری
لە هاتنی ئۆتۆمبێلی بێ کوالێتی دەگرێت.
لە ئێستادا 8 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراقدا هەن و ئەم
پێشنیازە ڕەوانەی سەرۆکوەزیران کراوە تا بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی
وەزیران بۆ پەسەندکردن