ئەمریکا ژمارەی دیبلۆماتکارەکانی لەعێراق و کەنداو کەمدەکاتەوە

عیراق

20/02/2026‌ 241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو بەرپرسی عێراقی و ئەمریکی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی کارمەندە دیپلۆماتەکانی لە نێو نێردەکانیدا لە عێراق و هەندێک وڵاتی کەنداو کەم کردووەتەوە.

ئەم بڕیارە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان دراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری دەربارەی قەبارە یان سروشتی ئەو کەمکردنەوەیە ئاشکرا بکرێت.
 ئەو دوو بەرپرسە بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز ئاماژەیان بەوە کردووە کە کەمکردنەوەکە ستافی چەند شوێنێکی گرتووەتەوە، لە کاتێکدا کارکردن لە نێردەکانی دیکە بەپێی ڕێکخستنی ئاسایی بەردەوامە، بەڵام بە کەمکردنەوەی هەندێک لە ستاف و چالاکییە نابنەڕەتییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکە ڕەتیکردۆتەوە کۆمێنت لەسەر ئەم هەواڵانە بدات و تەنها گوتویەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر کراوەن و کارەکانمان بە ئاسایی بەڕێوەدەچن.
 سەبارەت بە دۆخی هێزەکان، بەرپرسێک لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا بەهۆی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان و سەلامەتی سەربازان، لێدوان لەسەر جوڵەی تاکەکان یان دۆخی هێزەکان نادات.
هاوکات چەندین پایتەخت هۆشدارییان دایە هاوڵاتییانیان کە گەشت بۆ ئێران نەکەن، لەوانە دۆناڵد توسك، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، کە داوای لە هاوڵاتییانی کرد دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش داواکارییەکەی بۆ هاوڵاتییانی دووبارە کردەوە کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە ئێستا ئێران بەجێبهێڵن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی