بەریتانیا خۆی یەکلاکردەوەو لەبارەی هێرشی سەر ئێران بڕیاریدا

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12836 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی، کیر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داواکارییەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران ڕەتکردۆتەوە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە؛ ستارمەر بە ڕاشکاوی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ڕێگادان بەم کارە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئەم بڕیارە بنکەی "دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی و بنکەی "فەیرفۆرد" لە بەریتانیا دەگرێتەوە، کە شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە بۆمبهاوێژە قورسەکانی ئەمریکایە.

بەپێی ڕێککەوتنە کۆنەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمریکا تەنیا دەتوانێت ئەو بنکانە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتانە بەکاربهێنێت کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا لەسەریان ڕێککەوتووە.

ئەم هەڵوێستەی ستارمەر گرژییەکی گەورەی لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و لەندەن دروست کردووە، بەجۆرێک ترەمپ وەک کاردانەوەیەک، پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی دوورگەکانی "چاگۆس" بە مۆریس کێشایەوە.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران مەترسییە بۆ سەر بەریتانیا و هێرشکردنە سەری بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەوایە، هەروەها داوای لە لەندەن کردووە لە بەرامبەر توندڕەوی و کێشە ناوخۆییەکانیدا بەهێز بێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بەریتانیا نایەوێت بەشداری هیچ هێرشێکی پێشوەختە بۆ سەر ئێران بکات، وەک چۆن لە هاوینی ڕابردووشدا داوایەکی هاوشێوەی بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ڕەتکردبۆوە.

 لە کاتێکدا کۆشکی سپی خەریکی داڕشتنی پلانی سەربازییە، حکومەتی بەریتانیا جەخت لەسەر چارەسەری سیاسی دەکاتەوە بۆ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، هەرچەندە ئامادە نییە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر وردەکارییە سەربازییەکان بدات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی