شارپرێس: کەنداڵ جودی
شارەزایەکی نێودەوڵەتی لە ئەمریکاوە ڕایدەگەیەنێت: پێویستە
کورد وەک کورد سیاسەت بکات و ئێستا مەزڵوم عەبدی وەک نوێنەری دۆزی کورد لەسوریا لەلایەن
ئەمریکاوە سەیردەکرێت.
ڕۆبن ڕەشڤان،
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، پێویستە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان
وەک کورد سیاسەت و دیپلۆماسی بکەن و وتی: بەشداریی شاندی کورد لە کۆنفرانسی ئەمنی
میونشن لە ئەڵمانیا پەیامێکی گرنگی ئەمریکییە بۆ شەرع و شەیبانی کە دەبێت کورد ڕۆڵی
هەبێت لە داهاتووی سوریادا.
سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، بەشداری شاندی
کورد لە کۆنفرانسی ئەمنی لە ئەڵمانیا و چەند پرسێکی تر ڕۆبن رەشڤان، پسپۆری پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکان لە ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس دەڵێت، دۆخی کورد لە
سوریا لە لایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت و ئاسایشی کورد بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا زۆر
گرنگە.
شارپرێس: سەردانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ کۆنفرانسی
ئەمنی لە ئەڵمانیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ڕەشڤان: دوای چەند هەفتەیەکی سەخت و پڕ لە ئازار، بەشداری
شاندی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمنی لە مونشن باش بوو. پێویسته کورد له ئیدارەی وڵاتەکەدا بێت. ئەمەش
بۆ ئەمریکا و کۆنگرێس زۆر گرنگە. هاوکات ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دیدارەکەی لەگەڵ
ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەکەی میونشن هەڵوەشاندەوە، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ شاندی سوریا
کە لە مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدی تێدا بوون. جگە لەوەش پێویستە ئەمریکا لەڕێگەی
ئەم دیدارەوە نیشان بدات کە مەزڵوم عەبدی نوێنەری گەلی کوردە لە سوریا، چونکە پێشتر
ڕۆڵی مەزڵوم عەبدی تەنها وەک فەرماندەی هێزەکانی (هەسەدە) بووە، بەڵام ئێستا مەزڵوم
عەبدی ڕۆڵێکی نوێی هەیە، کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش خۆی ئەمەی وتووە، ڕەنگە
ئەم بابەتە لە میدیا کوردییەکاندا زۆر باس نەکرابێت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
دیدارەکەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی وەک دیدارێکی مێژوویی وەسفکرد. لە لایەکی ترەوە ئەم
کۆبوونەوەیە گوشاری ئەمریکا و کۆنگرێس بوو کە پاڵپشتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکەن،
هەروەها فەرەنسا و ماکرۆن کە هەمان پشتیوانیان نیشان دا. هەروەها ئەڵمانیا ڕۆڵی هەبوو
لە بەشداری شاندی ڕۆژاڤادا. بەگشتی ڕۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا و دۆستەکانیان ئەوە بوو
کە کورد بەشداری کۆبوونەوەکە لە میونشن بکات و کورد بە ڕوونی داواکارییەکانی خۆی بۆیان
دەرببڕێت.
شارپرێس: ئەم دیدارە چۆن کاریگەری لەسەر ئایندەی کورد لە
سوریا دەبێت؟
ڕەشڤان: کاریگەریەکەی ئەوەیە کە دۆخی کورد لە سوریا لە
لایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت و ئاسایشی کورد بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا زۆر گرنگە.
هاوکات لە دیدارەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ شاندی سوریا، دووپاتی کردەوە کە
پێویستە کورد جێگای خۆی لە سوریا هەبێت و ئەمریکاش بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە سوریا
بەبێ کورد بنیات نانرێت و ئەمەش پەیامێکی بەهێزی ئەمریکی بوو بۆ شەرع و ئەلشەیبانی
کە پێویستە گرنگی بە داخوازییەکانی کورد بدەن و کورد پشتگوێ نەخرێت. هەروەها ئەڵمانیا
و فەڕەنسا هەمان نامەیان ناردوە کە پێویستە کورد بەشداری لە داهاتووی سوریادا بکات
و پشتگوێ نەخرێت. بەڵام یەک شت هەیە کە دەسەڵاتی کوردی بە تایبەت مەزڵوم عەبدی و ئیلهام
ئەحمەد دەبێ ببینن کە ئەوان وەک کورد سەیر دەکرێن و خۆیان وەک نوێنەری کورد دەبینن.
بۆیە پێویستە داواکارییەکانی کورد ڕوون و بێ دوو دڵی بێت، دۆخی کورد وەکو دۆخی عەلەوی
و دروز نییە. لە هەمان کاتدا زمانی کوردی دەبێت زمانی فەرمی بێت نەک تەنها زمانی نەتەوەیی
و ئەمەش دەبێت بخرێتە ناو دەستوورەوە.
شارپرێس: دوای هێرشی ئەم دواییەی سەر کورد لە سوریا، ئەمریکا
چۆن سەیری هاوکارییەکانی لەگەڵ هەسەدە دەکات و ئایا دۆخی کورد لای ئەمریکا هێشتا وەک
خۆیەتی یان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟
ڕەشڤان: ڕۆڵی هێزەکانی (هەسەدە) کۆتایی هاتووە و ئێستا
پاراستنی زیندانەکانی داعش بۆ عێراق گواستراوەتەوە و بەشێکی کەم لە حکومەتی سوریاش
ئەو ڕۆڵەیان هەیە. هەروەها ئەمریکا بنکەی تەنەفی چۆڵ کردووە و هەواڵەکان باس لەوە
دەکەن کە ئەمریکییەکان بنکەکانی دیکەش بەهەمان شێوە چۆڵ دەکەن. بەگشتی پەیوەندییە
سەربازییەکانی ئەمریکا وردە وردە کۆتاییان دێت و ئەمریکییەکان دەڵێن کە موخاتەبەکەیان
ئێستا ئیدارەی کاتییە لە دیمەشق. بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئەمریکا دەیەوێت کورد قسەی
هەبێت لە سوریا و پەیوەندییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان سیاسی دەبێت و کورد ئەکتەر بێت
لە ئیدارەی سوریا و بەشێک بێت لە دەوڵەتی سوریا. بەڵام وەک وتم کورد ئێستا دەبێ وەک
کورد سیاسەت بەڕێوە ببات نەک وەکوو دەستەیەک لە قەوارەی سوری وەک جاران و ئەمریکییەکانیش
ئامادەن لەگەڵ کورد و هەڵوێستی ئەمریکاش بەرامبەر بە کوردی سوریا و عێراق ئەرێنییە.
پێویستە کارێکی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی کورد پشتیوانی دیپلۆماسی زیاتر لە کۆنگرێس وەربگرێت
و کورد دیپلۆماسی کراوە بەکاربهێنێت، واتە کورد سیاسەت بەڕێوە ببات و پەیوەندی لە
بەردەمی ڕای گشتیدا دروست بکات.
شارپرێس: با بچینە سەر پرسی یاسای پاراستنی کورد کە لە
لایەن سیناتۆرەکانی ئەمریکاوە پێشنیار کرا. ئایا دەکرێت ئەم یاسایە جێبەجێ بکرێت یان
نا؟
ڕەشڤان: پێشنیاری یاسای پاراستنی کورد پرۆسەیەکی دوور و
درێژە و ماوەیەکی زۆری دەوێت تا ئەم یاسایە جێبەجێ بکرێت.
شارپرێس: لەم کاتەدا چی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەخوازرێت؟
ڕەشڤان: سەرەتا دەبێت کورد وەک کورد مامەڵە بکات و بیربکاتەوە
و سیاسەت بکات و دیپلۆماسی ئەنجام بدات، چونکە لە ڕابردوودا کورد بە ڕوونی قسەی نەدەکرد.
ئێستا دونیا ڕێگەی بۆ کورد خۆش کردووە و تەنها ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی کورددا
ماوەتەوە، واتە زۆرینەیان کوردن. بۆیە زۆر ئەرک هەیە کە کورد دەبێ ئێستا بیکات و
داواکارییەکانیان بۆ حوکمڕانی ڕوون بێت.
