لێکەوتەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی دەبن؟

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

وا دیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نزیکە لە وەشاندنی گورزێک لە ئێران، ماوەی چەند هەفتەیەکە واشنتۆن هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، و وا دەردەکەوێت کە ئێستا هێزێکی ئاسمانی لە ناوچەکەدا کۆدەکاتەوە کە هاوشێوەی نەبووە لە دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە.

بێگومان، ڕەنگە ئەمە تەنها مانۆڕێک بێت بە ئامانجی فشارخستنە سەر ڕژێمی ئێران بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک کە نایەوێت. زانراویشە کە هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو هۆشدارییان داوە لە هێرشێکی ئەمریکی کە ببێتە هۆی ئەنجامی نەخوازراو. بۆیە، لە کاتێکدا ئامانجە ئەگەرییەکانی هێرشێکی ئەمریکی تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانرێت پێشبینی بکرێن، بەڵام دەرەنجامەکەی بەو شێوەیە نییە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (بی بی سی)، ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕیاری هێرشکردنی دا، دەرەنجامە ئەگەرییەکان چین؟
١. گورزی ورد و ئاراستەکراو، بە کەمترین زیانی مەدەنی و وەرچەرخان بەرەو دیموکراسی
هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا گورزی سنووردار و ورد دەوەشێنن کە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، هێزی بەسیج، شوێنەکانی هەڵدان و کۆگاکردنی موشەکە بالیستییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەنە ئامانج. ڕژێمەکە کە خۆی لەبەر لێواری داڕماندایە دەڕوخێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گواستنەوە بەرەو دیموکراسییەکی ڕاستەقینە کە تێیدا ئێران بتوانێت دووبارە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە سیناریۆیەکی زۆر گەشبینانەیە. دەستێوەردانی سەربازیی ڕۆژئاوا لە عێراق و لیبیا نەبووەتە هۆی گواستنەوەیەکی ئارام بەرەو دیموکراسی؛ هەرچەندە کۆتایی بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان هێنا، بەڵام دەرگای بۆ ساڵانێک لە پشێوی و خوێنڕشتن واڵا کرد.
٢. مانەوەی ڕژێم بەڵام بە نەرمکردنی سیاستەکانی
ئەمە دەتوانرێت بە "نموونەی ڤەنزوێلا" ناوببرێت؛ جووڵەیەکی خێرا و بەهێزی ئەمریکا ڕژێمەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە، بەڵام ناچاری دەکات بەرەو سیاسەتی مامناوەندتر بڕوات. لە دۆخی ئێراندا، ئەمە بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی دەمێنێتەوە، بەڵام ناچار دەبێت پاڵپشتییەکانی بۆ گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا ببڕێت، بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ڕابگرێت و سەرکوتکردنی ناوخۆیی کەم بکاتەوە. ئەم سیناریۆیەش لە کەمترین ئەگەرەکاندایە، چونکە سەرکردایەتی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لە بەرامبەر گۆڕانکاریدا زۆر ڕەق بووە و عەلی خامنەیی-ش یەکێکە لە سەرسەختترین نەیارانی سازشکردن.
٣. داڕمانی ڕژێم و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی سەربازی
زۆر کەس پێیان وایە ئەمە ئەگەرترین ئەنجامە. هەرچەندە ڕژێم لەلای زۆر کەس بێزراوە، بەڵام دەزگایەکی ئەمنیی زەبەلاح هەیە کە بەرژەوەندیی لە مانەوەی دۆخەکەدایە. سوپای پاسداران بە قووڵی تێوەگلاوە لە ئابووری ئێراندا. لە کاتی هەر پشێوییەکدا کە بەهۆی گورزەکانی ئەمریکاوە دروست دەبێت، ئەگەری هەیە ئێران بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی سەربازیی بەهێز کە لە کەسایەتییەکانی سوپای پاسداران پێکبێت.
٤. ئێران بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، دراوسێ عەرەبەکان و ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە
ئەمە ئەگەرێکی زۆر بەهێزە. ئێران هەڕەشەی "پەنجە لەسەر پەلەپیتکە" و وەشاندنی "زەللەیەکی بەهێزی" لە ئەمریکا کردووە. هەرچەندە ئێران لە بەرامبەر هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەمریکادا لاوازە، بەڵام دەتوانێت بە موشەکی بالیستی و درۆن کە لە ناو ئەشکەوت و ژێر زەویدا شاردراونەتەوە، وەڵام بداتەوە. دەکرێت بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و قەتەر، یان ژێرخانی وڵاتانی وەک ئوردن و ئیسرائیل بکرێنە ئامانج.
٥. ئێران مین لە کەنداو دادەنێتەوە
ئەمە هەڕەشەیەکی کۆنە بۆ سەر گواستنەوەی نەوتی جیهان. گەرووی هورمز خاڵێکی یەکجار گرنگە کە ٢٠٪ی گازی سروشتی و نزیکەی ٢٥٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەرچەندە ئێران خۆی زیانمەندی یەکەم دەبێت بەهۆی بڕانی هەناردەی نەوتەکەی، بەڵام ڕەنگە وەک کارتێکی فشار و تێکدانی بازرگانی جیهانی بەکاریبهێنێت، کە ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر چین و وڵاتانی ئاسیا دەبێت.
٦. ئێران کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی نوقم دەکات
یەکێک لە مەترسییە گەورەکان بەکارهێنانی "هێرشی پۆل" (Swarm attack)ە؛ واتە ڕەوانەکردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری درۆنی خۆکوژ و بەلەمی خێرا بۆ سەر یەک ئامانج، بەجۆرێک کە بەرگرییەکانی ئەمریکا نەتوانن هەموویان لەناو ببەن. نوقمکردنی کەشتییەکی ئەمریکی یان بەدیلگرتنی سەربازانی، سوکایەتییەکی گەورە دەبێت بۆ واشنتۆن و جەنگەکە بەرەو قۆناغێکی زۆر مەترسیدار دەبات.
٧. داڕمانی ڕژێم و سەرهەڵدانی پشێوی و فەوزا
ئەمە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە. جگە لە ئەگەری جەنگی ناوخۆیی، مەترسیی ئەوە هەیە کە گرژییە نەتەوەییەکان بتەقنەوە و کورد، بەلوچ، ئازەری و کەمینەکانی تر لە ناو بۆشایی دەسەڵاتدا هەوڵی پاراستنی خۆیان بدەن. هەرچەندە زۆر وڵات حەز بە کۆتایی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەڵام کەس نایەوێت وڵاتێکی ٩٣ ملیۆن کەسی بکەوێتە ناو فەوزایەکەوە کە قەیرانی مرۆیی و کۆچی بەکۆمەڵ دروست بکات.
مەترسییە گەورەکە ئێستا ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ، دوای کۆکردنەوەی ئەم هەموو هێزە، وا هەست بکات کە دەبێت هێرش بکات بۆ ئەوەی شکۆی نەشکێت، ئەمەش جەنگێک دەستپێدەکات کە هیچ ئامانجێکی کۆتایی ڕوونی نییە و لێکەوتەی وێرانکەری دەبێت.

وەرگێڕان: د. حلمی رەزا