ئەگەر ئێران گەروی هورمز دابخات چی ڕودەدات؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 680 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێک لەهەڕەشەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا داخستنی گەروی هورمزە، کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان و گرنگترین ڕێگای گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا، بە تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەری پێنجی بەرهەمی جیهانی، بە داخستنی ئەو گەروەش قەیرانێی ئابوری جیهانی دروست دەبێت و نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.


لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران بەشێک لە گەروی هورمزی بۆ چەند کاتژمێرێک داخست، ئەوەش بەمەبەستی ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازی، چاودێرانیش دەڵێن، ئەگەر شەڕ ڕوبدات و ڕێگاکە ببڕدرێت، ئەگەری هەیە نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزببێتەوە.

هاوکات، چاودێران باس لەوەدەکەن، داخستنی کاتی گەروی هورمز زیاتر پەیامێکی سیاسی بووە نەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ بازاڕی وزە .

گرنگی گەروی هورمز لەڕوی ئابورییەوە:
-ڕۆژانە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت و گازی شل تێیدا دەگوازرێتەوە
-نزیکەی یەک لەسەری سێی بازرگانی دەریایی نەوت لەم ڕێگایە تێدەپەڕێت
-وڵاتانی سعودیە، عێراق، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و ئێران پشت بەم ڕێگایە دەبەستن بۆ هەناردەی وزە
-نزیکەی نیوەی نەوتی خاوی هیندستان و ٪٦٠ی گازی سروشتی ئەو وڵاتە لەم ڕێگایەوە هاوردە دەکرێت
-چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور زۆر پشت بەم ڕێگایە دەبەستن

ڕێگا جێگرەوەکان:
سعودیە و ئیمارات هێڵی بۆری نەوتیان هەیە کە ڕێگا دەدات ڕۆژانە نزیکەی ٢.٦ ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانە بەری دەریای سور و کەنداوی عومان بکرێت، بەڵام ئەم ڕێگایانە تەنیا بەشێکی کەم لەو بڕە زۆرەی کە لە هورمز تێدەپەڕێت دەگوازنەوە

سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ داهاتوی گەروی هورمز :
١- ئەگەر وتووێژەکان بەردەوام بن و ڕێککەوتن بکرێت: نرخی نەوت دادەبەزێت بۆ ٦٥-٦٧ دۆلار
٢- ئەگەر وتووێژەکان بشکێن بەڵام شەڕ ڕوونەدات: نرخی نەوت دەمێنێتەوە لە ٧٢-٨٠ دۆلار
٣- ئەگەر شەڕ ڕووبدات و هورمز ببڕدرێت: نرخی نەوت دەبێتە ١٠٠ دۆلار یان زیاتر