هۆکاری دژایەتی ئەمریکا بۆ مالیکی ئاشکرادەکرێت.. ئەمریکا بەنیازی چییە؟

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی سەر بە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان لەپەرلەمانی عێراق هۆکاری دژایەتیکردنی ئەمریکا بۆ کاندیدبونی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئاشکرادەکات.


بەها ئەعرەجی، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەکرد،" پلانی ئەمریکا بۆ داهاتوی عێراق ڕونە، سەرەتا بە دەستوەردان لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستپێدەکات، تەنانەت ئەو سەرۆک وەزیرانەش کە بە دڵی ئەوان دەبێت، کۆمەڵێک مەرجی بەسەردا دەسەپێنن ".

لەبارەی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، بەها ئەعرەجی دەڵێت،" سەرەتا داوای چەکدانانی گروپە چەکدارەکان دەکەن، دواتر داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن، دوای ئەوەش داوا دەکەن سوپای عێراق نەبێتە خاوەنی موشەک و رادار و سیستمی بەرگری پێشکەوتوو ".

ئەعرەجی باسی لەوەشکرد،" ئەگەر عێراق بە هەموو ئەو داواکارییانەی ئەمریکا رازی بوو، لە کۆتاییدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەسەردا دەسەپێنن و ناچارمان دەکەن ببینە بەشێک لە شانۆگەری ئیبراهیمی ".