شارپرێس:
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "شەفەق نیوز" کە پشتی بەسەرچاوە ئاگادارەکان بەستوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی كاندیدى ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینهى نوێى حكومهتى عێراق، گەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بەمەبەستی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان.
لهو زانیاریانهدا باس لەوەشکراوە، ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ پێشنیازەکەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانى شیعه کە داوایکردبوو، هەموو گروپە چەکدارەکان لەژێر ناوی (جند الشعائر الدینیه)دا کۆبکرێنەوەو بخرێنەسەر دەستەی حەجو عومرە، بەو مەرجەی خۆیشی ئامادەیە باڵە چەکدارەکانی ڕەوتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
بهگوێرهى زانیاریی میدیا عێراقییەكان، ئەم لیژنەیە بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدیو ئەندامێتیی محەمەد شیاع سودانیو هادی عامری دەبێت کە ئەرکیان سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکو ڕێکخستنەوەی چەکدارەکانە لەناو دامەزراوە مەدەنییو ئەمنییەکاندا.
دەشڵێت، "ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە پاراستنی سەقامگیریی عێراقە، بەتایبەت لەسایەی ئەو گرژییانەی لەنێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەکو ئێران لەلایەکی دیكهوه لەناوچەکەدا هەیە".
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردوهتەوە، نابێت گروپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران لەحکومەتی داهاتودا بەشداربن.
بەرپرسێکی ئەمریکی بەکەناڵی NBC Newsی ڕاگەیاندوە، لەماوەی نێوان کۆتایی شوباتی 2026 تا 8ی نیسانی 2026، زیاتر لە600 هێرشکراوەتەسەر بنکەکانی ئەمریکا، هەربۆیە واشنتۆن داوای لەزەیدی کردوە سنورێکی ڕون لەنێوان دەوڵەتو میلیشیاکاندا دیاریبکات.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ئەکرەم کەعبی ڕێبەری بزوتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاندوە، دەستبەرداربونی چەک هێڵی سورەو بەهیچ شێوەیەک ڕازینابن چەکەکانیان ڕادەستبکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری دروستبونی پێکدادان لەنێوان لیژنە نوێیەکەو هەندێک لەگروپە چەکدارەکان.
