ئیسرائیل هه‌واڵى كوژرانی کەسێکی گرنگى ئێران ئاشكراده‌كات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی ئیسرائیل پاش چەند کاتژمێرێک لەئاڕاستەکردنی هەڕەشەی توند لەلایەن تارانەوە، هەواڵی کوژرانی عەمید ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی سەر تاران بڵاوکردەوە، ئەم پەرەسەندنە ئەگەر بەفەرمی پشتڕاستبکرێتەوە، گەورەترین گورزە لەبنکەی بڕیاردانی سەربازیی ئێران لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە.


ئەحمەد وەحیدی کە لەسەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوەو پاش کوژرانی محەمەد پاکپور پۆستی فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسدارانی گرتەدەست، بە"پیاوی یەکەم‌و بەهێزترین سەرکردەی ئێران" دادەنرێت.

چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، لەئێستاداو دوای مورشیدی نوێ موجتەبا خامنەیی (کە بەهۆی بریندارییەوە ناچالاکە)، ڕۆڵی یەکەم‌و کۆتایی دەسەڵاتی سیاسیی‌و سەربازیی ئێران لای ئەو بوە.

گرنگترین زانیارییەکان لەسەر پێگەی ئەحمەد وەحیدی:
بڕیاردەری یەکەم: بەهۆی نادیاریی دۆخی تەندروستی موجتەبا خامنەیی، وەحیدی‌و کۆمەڵێک لەفەرماندەکانی سوپای پاسداران سەرکردایەتی ڕاستەقینەی جەنگ‌و بڕیارە ستراتیژییەکانی ئێرانیان دەکرد.

دامەزرێنەری فەیلەقی قودس:
وەحیدی یەکەم فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوە (1988 تاوه‌كو 1997) پێش قاسم سولەیمانی.

سەرکردەیەکی توندڕەو: ئەو بەیەکێک لەنەیارە سەرسەختەکانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل دادەنراو پێداگریی لەسەر بەردەوامی جەنگ دەکرد.

ئه‌گه‌رچى میدیاى ئیسرائیل ئه‌و هه‌واڵه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا لایەنە فەرمییەکانی ئێران هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕەتکردنەوە یان پشتڕاستکردنەوەی مەرگی ئەم فەرماندە باڵایە بڵاونەکردوەتەوە.