ئامادەكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی سەرێكانی دەكرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 108 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

مەحمود جەمیل، وتەبێژی لیژنەی ئاوارەكانی سەرێكانی  ڕایگەیاند، كۆپییەكی لیستی خێزانە ئاوارەكانیان ڕادەستی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، مەزڵوم عەبدی، ئەندامی تیمی سەرۆكایەتی، مستەفا عەبدی و پارێزگاری حەسەكە كردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شارەكە.

مەحمود جەمیل، ئاماژەی بەوەكرد: ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بۆ لیستی ناوی ئاوارەكان بۆ دیاریكردنی میكانیزمی گەڕانەوەیان بۆ سەرێكانی.

جەمیل دەشڵێت، لیژنەكە ناوی ١٤ هەزار خێزانی ئاوارەی سەرێكانی تۆماركردووە و دیارترین كێشەكانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بریتین لە پرسە ئەمنییەكان.

وتەبێژی لیژنەی ئاوارەكانی سەرێكانی ڕایگەیاند، لیژنەكە داوایان كردووە ئاوارەكان ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی شارەكە، هەروەها بەشداری لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەكانی بەرپرس لە پاراستنی ناوچەكەدا بكەن، جگە لە دابینكردنی قەرەبوو یان هاوكاری بۆ گەڕاوەكان، چونكە نزیكەی لەسەدا ٧٠ی ماڵەكانیان لەنێوچوون.