ئیسرائیل وەڵامێكى توندی تورکیا دەداتەوە: قودس کۆنستانتینۆپڵ نییە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیل گەیشتنە قۆناغێکی نوێی پڕ لەئاڵۆزیی، دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێکی توندو ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵای ئەنكەرە کرد.

 

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، وەڵامە توندەکەی ئیسرائیل کاتس وه‌زیرى به‌رگریى ئیسرائیل دوای لێدوانەکانی مستەفا چفتچی وەزیری ناوخۆی تورکیا هات، کە تێیدا هیوای خواستبوو ڕۆژێک لەڕۆژان قودس بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئەوان.

کاتس لەپەیامەکەیدا بەڕونی ڕایگەیاند، "قودس کۆنستانتینۆپڵ (ئەستەمبوڵ)ى ئێستا نییەو دەوڵەتی ئیسرائیلیش وەک ئیمپراتۆریەتیی هەرەسهێناوی عوسمانییەکان نییە".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرشی توندیکردەسەر خەونەکانی تورکیا بۆ گەڕانەوەی هەژمونی عوسمانی بەسەر ناوچەکەو قودسدا، پێداگری لەوەکردەوە کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی بەهێزەو ڕێگە بەهیچ دەستێوەردانێک نادات.

کاتس پێشتر ڕەخنەی توندی له‌ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەرۆکی تورکیا گرتبوو، بەئەندامێکی بزوتنەوەی "ئیخوان موسلیمین"و پەیڕەوکاری دژەجولەکەی وەسفکردبوو.

کاتس لەپۆستەکەیدا له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێكس ئاماژەی بەچەند سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردبوو (وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو مەنسور یاواش)، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ناردنی پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ناوخۆی کۆمەڵگەی تورکیا لەقەڵەمدرا.

تائێستا بەرپرسانی تورکیا لێدوانی ئەمدواییەی کاتس-یان بەفەرمی وەڵامنەداوەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، پەیامە هێرشبەرەکانی وەزیرانی ئیسرائیل نیشانەی شکست‌و سیاسەتی فراوانخوازی توندڕەوانەی ته‌لئه‌بیبه‌ لەناوچەکەدا.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم شەڕە لێدوانە توندە، ئاسۆکانی هەر جۆرە لێکتێگەیشتن‌و ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردولایەندا لەکاتی ئێستادا بەتەواوی دوردەخاتەوە. کۆنستانتینۆپڵ (ئەستەمبوڵی ئێستا) پایتەختی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بوو، کە بۆ ماوەی چەند سەدەیەک فەرمانڕەوایی قودس‌و ناوچەکەی کردوە، کاتس بەبەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دەیەوێت بەبەرپرسانی تورکیا بڵێت، سەردەمی عوسمانییەکان بەسەرچوەو ناگەڕێتەوەو قودس چیتر لەژێر ڕکێفی ئەواندا نییە.