یەكەم جوڵە دژی ناردنی پارەی موچەی هەرێم دەستیپێكرد.. داوادەكرێت ڕابگیرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3715 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوا لەحکومەتی فیدراڵی دەکات ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بەغدا بەبێ پاکتاوکردنی دارایی و پشتبەستن بەڕاپۆرتەکانی چاودێری دارایی بەردەوام بێت لەناردنی بودجەو موچەی هەرێمی كوردستان، ئەوا ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی توندی پەرلەمان دەبێتەوە.


عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك ڕایگەیاند، داوای لە حکومەتی فیدراڵ دەكەم کە ناردنی هەر شایستەیەکی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تاكو ئەو کاتەی پاکتاوی تەواوەتی بۆ داهاتە ڕادەستنەکراوەکان دەکرێت. 

فەیحان هۆشدارییەکی توندیدایە حکومەتی بەغداو ڕایگەیاند، کە هەر هەنگاوێکی پێچەوانەی یاسای بودجە، حکومەت ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەکاتەوە.

جەختیش دەكاتەوە، حکومەتی فیدراڵ لەساڵی 2025 و 2026ـدا بەردەوام بوە لەناردنی موچە بۆ هەرێم بەبێ ئەوەی داهاتە نانەوتییەکان وەربگرێتەوە، ئەمەش بەسەرپێچییەکی ڕونی یاسای بودجە ناو دەبات.

بەگوێرەی نوسینەكەی، جێگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێم بەگوێرەی یاسای بودجەو رێککەوتنی ساڵی 2025، دەبوو مانگانە 391 ملیار دینار داهاتی نەوتی ڕادەست بکات، دواتر لەرێگەی لیژنەی وزارییەوە بڕەکە بۆ 200 ملیار دینار کەمکرایەوە، بەڵام هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەش نەبوە.

هەروەها ڕونی کردەوە کە لەکۆتایی ساڵی 2025 دا گەیشتونەتە رێککەوتنێکی نوێ کە هەرێم پابەند دەکات بەپێدانی 120 ملیار دینار لە داهاتە نەوتییەکان و ساڵانە 10٪ زیادی بکات، کە بۆ ساڵی 2026 بڕەکە دەگاتە نزیکەی 132 ملیار دینار مانگانە، بەڵام لە ئێستادا هەرێم تەنها بڕی 40 بۆ 50 ملیار دینار ڕادەست دەکات، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئەو شایستانەی کە لەرێککەوتنەکان و ڕاپۆرتە چاودێرییەکاندا دیاری کراوە.

لەکۆتاییدا عەدنان فیحان جەختی کردەوە کە پابەندبوون بەیاسای بودجەو راپۆرتە فەرمییەکانی دیوانی چاودێری دارایی، تەنها بنەمای یاساییە بۆ رێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بە جۆرێک کە پاراستنی ماڵی گشتی و مافی سەرجەم عێراقییەکان مسۆگەر بکات.