شارپرێس:
یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) هۆشدارییەکی توند لەبارەی داهاتوی کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی جیهانی دەدات، یەکێتییەکە دهڵێت، "بەرزبونەوەی بێ پێشینەی نرخی سوتەمەنی فڕۆکە کە بەهۆی گرژییو شەڕی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبوە، دەبێتە هۆی مایەپوچبونی ژمارەیەکی زیاتری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیو هاندانی پرۆسەی یەکگرتنی کۆمپانیاکان لەمساڵو ساڵی داهاتودا".
ویلی واڵش سەرۆکی یهكێتیهكه وتویهتى، "شەڕو گرژییە سەربازییەکان لەناوچەکەدا، بونەتە هۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی سوتەمەنی فڕۆکەو تێکچونی ڕێڕەوە ئاسمانییە سەرەکییەکان، ههربۆیه کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی جیهانی ناچاربون ڕێڕەوی جێگرەوەو دورتر بەکاربهێنن، ئەمەش تێچوی گەشتەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردوەتەوە.
ویلی واڵش لەلوتکەی ساڵانەی یەکێتییەکە لەبەڕازیل ڕایگەیاند، "کۆمپانیا گەورەکان، کۆمپانیا بچوکەکان قوتدەدەنو هەندێک لەهێڵە ئاسمانییەکانیش چیتر ناتوانن لەبەردەم ئەو تێچوە زۆر بەرزەدا خۆیان ڕاگرن".
ویلی واڵش جەختیکردەوە، "نیشانەکانی ئەم قەیرانە دەرکەوتون، بەجۆرێک کە مانگی ڕابردوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئابوریی ئەمریکی (Spirit Airlines) مایەپوچبونی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش کۆتا کۆمپانیا نابێت کە دەڕوخێت".
لەناوخۆی ئەمریکادا، سێ کۆمپانیا زەبەلاحەکەی فڕۆکەوانی (United Airlines، Delta Airlines، American Airlines) فشارێکی توند دەکەن بۆ دەرپەڕاندنی کۆمپانیا هێڵە کەم تێچوەکان لەبازاڕەکەدا، سەرەڕای کێشەکان لەئەمریکا، سەرۆکی (IATA) پێیوایە، مۆدێلی فڕۆکەوانی کەم تێچوو (گواستنەوەی ئابوریی) دانەماوەو لەدەرەوەی ئەمریکا هێشتا لەگەشەسەندندایە.
واڵش ئاماژەی بەکۆمپانیای (Ryanair)ی ئەوروپی کرد وەک نمونەیەکی بەهێز کە توانیویەتی ئاستێکی داراییو کارپێکردنی زۆرباش لەم قەیرانەدا تۆماربکات.
ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە گەشتیارانی جیهانی لەداهاتویەکی نزیکدا ڕوبەڕوی بەرزبونەوەی نرخی بلیتو کەمبونەوەی بژاردەکانی گەشتکردن دەبنەوە بەهۆی کەمبونەوەی ڕکابەری لەبازاڕەکەدا.
