حكومەتی ئێران لەوەڵامی ترەمپدا خۆی لەپارە بلۆككراوەكان بێبەریكرد.. خاوەنەكەی ئاشكرادەكات

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1440 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، ڕایدەگەیەنێت، 22 ملیار دۆلارەی وڵاتەکەی کە لەدەرەوە بلۆککراوە، خاوەندارێتییەكەی بانکی ناوەندییە  نەك وڵاتەكە.


عەبدولناسر هیممەتی، سەركۆی بانكی ناوەندی ئێران، لەلێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند، ئەو داراییانەی ئێران لەبانکە بیانییەکاندا سڕ کراون، لەبنەڕەتدا پارەی ئەو نەوتەیە کەحکومەت لەڕابردودا فرۆشتویەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەکە نەگەڕاوەتەوە، حکومەت بەرامبەر بەو بڕە پارەیە قەرزی لەبانکی ناوەندی وەرگرتوە.

سەرۆکی بانکی ناوەندی جەختی کردەوە، لەئەگەری ئازادکردنی ئەو 22 ملیار دۆلارە، دەبێت ڕاستەوخۆ بۆ خەزێنەی بانکی ناوەندی بگەڕێتەوە نەک حکومەت. 
هیممەتی بەشێوەیەکی تانەئامێز وتی،"بلۆککردنی ئەم سەرچاوە دراوییانە لایەنی ئەرێنیشی هەبوە، چونکە ئەگەر حکومەت دەستی پێیان ڕابگشتایە، لەخەرجییە گشتییەکاندا بەفیڕۆی دەدان".

سەرۆكی بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، ئابوریی ئێران تەنانەت پێش دەسپێکی جەنگیش ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە ببوەوە، "ئێستا فشارە داراییەکان بۆ دابینکردنی موچەو خەرجییە سەرەتاییەکان گەیشتونەتە لوتکە"

ناوبراو ئاشکرایکرد، بانکی ناوەندی سەرەڕای هەوڵدان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆی، بەناچاری هاوکاریی حکومەت دەکات بۆ ئەوەی رێگری لەداڕمانی تەواوەتی کەرتی خزمەتگوزارییەکان بکات.

بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی وڵاتەكە پێشتر ئاشكرایكردوە، کۆی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ل نێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلار دایە (کە دەکاتە یەک لەسەر سێی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە).
ئەمە لێدوانەی بانكی ناوەندی لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، جارێكی دیكە، هەڕەشەی ئەوەی لەئێران كرد كەپارە بلۆككراوەكانی ئازادناكات تا ڕێ:كەوتنی كۆتایی لەگەڵ ئەمریكا نەكات.