شارثرێس:
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی داهاتوودا سەردانی واشنتن دەکات.
ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی فەرمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت و تێیدا زنجیرەیەک وتوێژ دەربارەی دۆسیە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییە هاوبەشەکان بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە گرنگترین ئەو بابەتانەی باسیان لێوەدەکرێت، ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان بەغدا و واشنتن و میکانیزمەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراوی مانەوەیان لە عێراق، لەگەڵ تاوتێکردنی ئایندەی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
دەشڵێت: لایەنی ئابووریش پشکێکی گرنگی لە گفتوگۆکاندا دەبێت، بەتایبەت پێشنیازی دامەزراندنی سندوقێکی دارایی عێراقی لە ئەمریکا کە لە داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ بازاڕی ئەمریکا دابین دەکرێت. ئەم سندوقە بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ئابووریی، نۆژەنکردنەوەی ژێرخان، پەرەپێدانی کەرتی وزەی کارەبا و چارەسەرکردنی تەحەددییەکانی تەرخان دەکرێت.
هاوکات وتوێژەکان بابەتی فراوانکردنی ئاسۆکانی وەبەرهێنان و هاوبەشی ئابووریی ستراتیژیی دەگرنەوە، بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری.
ئەوەش هاتووە: لەم سەردانەدا شاندێکی باڵا لە وەزیران و ڕاوێژکارانی حکومی هاوڕێیەتی زەیدی دەکەن بۆ پشکنینی ئەم دۆسیانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی.
پێشتریش سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فاڵح زەیدی ڕایگەیاندبوو کە بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک بازرگان سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەش.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دابوو کە سندوقی گەشەپێدان تایبەتە بە کەرتی تایبەت و پشکی بانکی ناوەندیی بە بڕی 10 ملیار دۆلار دەگرێتە خۆی.
زەیدی جەختی کردۆتەوە کە حکومەتەکەی بۆ سەرخستنی چاکسازییە ئابووری و گەشەپێدانییەکان تەواو پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێت و سیاسەتی دەرگای کراوە بەرامبەر پێشنیاز و کێشەکانی بازرگانان پەیڕەو دەکات.