شارپرێس:
پارچە ئاسەوارێکی بچوکی حەسیری خەڵوزبوو لەسەر قیرێکی سروشتی بەتەمەنی حهوت هەزار ساڵ لەپارێزگای ئیلام دۆزرایەوە کە وەک کۆنترین نمونەی ئەندازیاریی "دژە شێو گەرمی" لەمێژوی تەلارسازیی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت.
دۆزینەوەی پارچە ئاسەوارێکی بچوک، بەڵام بێهاوتا لەڕوی زانستییەوە، تێڕوانینی جیهانی بۆ مێژوی تەلارسازییو ئەندازیاریی گۆڕیی، ڕاپۆرتە شوێنەوارییەکان پەردەیان لەسەر شوێنپێی نیشتنی حەسیرێکی خەڵوزبوو لەسەر قیرێکی سروشتی لادا کە تەمەنەکەی بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەم دۆزینەوەیە کە لەگردی "عەلی کوش" لەپارێزگای ئیلامی فەیلی لەڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژههڵاتى كوردستان) دۆزراوەتەوە، دەیسەلمێنێت کە مرۆڤی چەرخی بەردینی نوێ، خاوەنی ژیرییەکی بێوێنەی ئەندازیاریی بوە لەبەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکاندا.
پشکنینە وردەکان دەریانخستوە کە ئەم پارچە ئاسەوارە دەربڕی یەکەمین هەوڵی سەرکەوتوی مرۆڤە بۆ دروستکردنی "دژه ئاویو گەرمی" لەمێژوی بیناسازیدا، دانیشتوانی ئەو سەردەمە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شێی زەوی، سەرەتا زەوییەکەیان بەقوڕی کوتراو ڕاخستوە، پاشان تێکەڵەیەکیان لەحەسیری چنراوو قیری سروشتی (کە لەکێڵگەکانی دهلۆرانەوە هێناویانە) وەک چینێکی پارێزەر بەکارهێناوە، شێوازی چنینی حەسیرەکەش بەتەکنیکی "دوو لەسەر، دوو لەژێر" بوە کە تەکنیکێکی ئاڵۆزی چنینەو تا ئەمڕۆش لەپیشە دەستییەکاندا بەکاردێت.
حەسیر کە لەڕوەکی قامیشی سەر کەناری ڕوبارەکانی دەشتی دهلۆران دروستکراوە، تەنها بۆ خانوبەرە نەبوە، بەڵکو ڕۆڵێكى سەرەکی لەژیانی ئەواندا هەبوە، بۆ دروستکردنی سەبەتەی پاراستنی خۆراکو گواستنەوەی کەلوپەل بەکارهاتوە، پشکنینەکانیش ئاشکرایانکردوە کە مردوەکانی ئەو سەردەمە پێش ناشتنیان بە"کفنی حەسیری" پێچراونەتەوەو بەشێوازی "کۆرپەلە" لەژێر زهوى ناو ماڵەکاندا نێژراون؛ ئەمەش نیشانەی هۆگریی ڕۆحیی خێزانەکان بوە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ مردوەکانیاندا.
گردی عەلی کوش لەسەر ئاستی جیهاندا وەک یەکێک لەگرنگترین وێستگەکانی تێگەیشتن لەگۆڕانی ژیانی مرۆڤ لەقۆناغی ڕاوکردنەوە بۆ قۆناغی نیشتەجێبونو کشتوکاڵ تەماشادەکرێت، ئەم شوێنە لەشهستەکانی سەدەی ڕابردودا لەلایەن زانایانی ئەمریکی وەک "فرانک هۆڵ"و "کێنت فلانەری" لێکۆڵینەوەی توندی تێداکراوە، ئەم پارچە قیرە مێژوییە دەیسەلمێنێت کە ڕەگی تەلارسازیی بەردەوامو مامەڵەی ژیرانە لەگەڵ سروشتدا، لەم ناوچەیەدا لەدایکبوە.
