موراد قەرەیلان: گه‌ریلا بڕیارى چه‌كدانانى نه‌داوه‌و ئازادکردنی ئۆجه‌لانیش بنەمای سەرەکی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتییە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیەیی ناوەندی هێزەکانی بەرگریی گەل (هه‌په‌گه‌) دوبارە جەختیکردەوە، پرۆسەی ئاشتى چارەسەری پرسی کورد لەتورکیا بێ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان‌و بێ هەنگاوە یاسایییە بنەڕەتییەکان ناتوانێت بەئەنجام بگات، هەروەها داوای لەتورکیا کرد سیاسەتی ئینکارو لابردنی ناسنامەی کورد واز لێبهێنێت‌و بونی گەلی کورد بەفەرمی بناسێت.

قەرەیلان لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بەبۆنەی مانگی شەهیدانی فیداکار لەتۆڕی گەریلا TV بڵاوکرایەوە، باسى لەدۆخی پرۆسەی ئاشتی، گفتوگۆکان‌و پێویستییەکانی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە کرد.

ئەندامی فەرماندەیەتی هه‌په‌گه‌ ئاماژەی بەوەدا، بزوتنەوەی ئازادی کورد لەسەردەمی سەرکردایەتی ئۆجه‌لانەوە تائێستا لەسەر گیانی فیداکاریی، هاوڕێیەتی‌و پابەندبون بەئامانجەکان وەستاوە، به‌گوێره‌ى وتەکانی ئەو، بزوتنەوەکە ئێستا گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی‌و بۆیە پێویستی بەدەستپێشخەری، پیشەگەریی‌و فیداکاریی زیاتر هەیە".

هێشتا عەقڵییەتى ئینکار بەردەوامە
قەرەیلان ڕەخنەی لەهەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا گرت‌و وتی، "هەرچەند بزوتنەوەی کوردی گۆڕانکارییەکی فکریی‌و پارادایمی لەچارەسەری کێشەکەدا ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا لەلایەن دەوڵەتەوە عەقڵییەتى ئینکار بەردەوامە".

جەختیشیكرده‌وه‌، چارەسەری دیموکراتیک لەژێر سێبەری ئینکاردا نامومکینەو بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکەو دەبێت دەوڵەتی تورکیاش گۆڕانکارییەکی فکری لەهەڵوێستی خۆیدا ئەنجامبدات.

ڕۆڵی ئۆجه‌لان لەپرۆسەی نوێدا
قەرەیلان ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لانی بەڕێکخەری سەرەکی چارەسەری پرسی کورد ناساندو وتی، "ئۆجه‌لان لەزیندانی ئیمراڵی هەوڵی ئەوەدەدات شوێن‌و پێگەیەکی نوێ بۆ کوردان دروستبکات".

بەبڕوای ئەو، تا کاتێک دەوڵەتی تورکیا لەسیاسەتی ئینکارو لابردن دەستهەڵنەگرێت، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەناوچەکەدا وەک هەڕەشە دەبینرێن‌و دۆستی‌و متمانەی ڕاستەقینە لەنێوان دوو لایەن دروستنابێت.

بێ ئازادکردنی ئۆجه‌لان، ئاشتی ناچێتە پێشەوە
لەگرنگترین بەشەکانی وتارەکەیدا، قەرەیلان باس لەبابەتی چەکدانان‌و پرۆسەی داماڵینی چەک کردو وتی، تەنها دەرکردنی یاسایەک بۆ چەکدانانی گەریلا بەس نییە.

ئەو ڕونیکردەوە، په‌كه‌كه‌ لەکۆنگرەی دوازدەهەمیدا نەیوتوە چەک دادەنێت، بەڵکو بڕیاری وەستاندنی ستراتیژی خەباتی چەکداریداوە، ئه‌وه‌شى وت، "بۆ ئەوەی پرۆسەی داماڵینی چەک بەردەوامبێت، پێویستە ئۆجه‌لان خۆی ڕێبەری ئەو پرۆسەیە بکات‌و ئەمەش بەواتای ئازادبونی ئەوە، ئەگەر ئۆجه‌لان لەزینداندا بمێنێتەوە، ئەم پرۆسەیە ناچێتە پێشەوە".

سێ مەرجی سەرەکی بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە
قەرەیلان سێ مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دیاریکرد، یه‌كه‌میان ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان‌و دیاریکردنی شوێن‌و پێگەی یاسایی‌و سیاسیی ئەو وەک نوێنەری سەرەکی کورد، ناساندنی فەرمی‌و یاسایی بونی گەلی کورد لەیاساو دەستوری تورکیا، دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ تێکەڵبونی دیموکراتیکی گەریلا لەژیانی سیاسیی‌و مەدەنی".

بەبڕوای ئەو، ئەگەر ئەم خاڵانە جێبەجێ بن، ئەوا گەریلاکانیش دەتوانن بەئەرێنی لەسەر بابەتی چەکدانان بڕیار بدەن.

گەریلاکان بێ هەنگاوی یاسایی چەک دانانێن
ئەندامی فەرماندەیەتی هه‌په‌گه‌ باسى له‌وه‌شكرد، گه‌ریلاکانی په‌كه‌كه‌ بەڕەزامەندی دەوڵەت چەکدارنەبون، بەڵکو بۆ پاراستنی ناسنامەو مافەکانی گەلی کورد خەباتیانکردوە، هەربۆیە، تا کاتێک هەنگاوە یاساییەکان لەسەر ماف‌و ناسنامەی کورد جێبەجێنەکرێن، چەکدانان لەلایەن گه‌ریلاوه‌ ڕونادات.

بانگەشە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کورد
قەرەیلان لەکۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا بانگەوازێکی ئاراستەى هەموو هێزو لایەنە سیاسییە کوردییەکان کردو داوای لێکردن، یەکگرتویی نەتەوەیی‌و ستراتیژییەکی هاوبەش دروستبکەن.

ئەو هۆشداریدا کە پرۆسەی ئاشتى ئێستا هەموو ئەگەرەکان لەخۆدەگرێت‌و چارەنوسی بەندە بەو بڕیارەو هەنگاوە سیاسیی‌و یاسایییانەى کە لەمانگ‌و ساڵانی داهاتودا دەبێت بگیرێنەبەر.

بەپەلە