هەناسەی شاخەكان، ناونیشانی بیرەوەرییەكانی دكتۆر خدر مەعسوم هەورامییە، بە قەبارەی 471 لاپەڕە و لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە.
ئەم کتێبە 325 لاپەڕەی بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ڕووداوەكانی سەرەتای دەسپێكرردنەوەی خەباتی شاخ و چۆنییەتی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەرخانکراوە و باقیاتی لاپەرەكانی دواتری تایبەتکراون بە ژمارەیەک بەڵگەنامەو وێنەی ئەو ڕۆژگارە.
ئەم کتێبی بیرەوەرییە بەشێوەیەکی ورد و قوڵ باس لە ڕۆژانی سەختی خەباتی شاخ دەكات.
نووسەر هەوڵیداوە زیاتر سەرنج بخاتەسەر ئەو ڕووداوانەی، كە خۆی تیایدا بەشدار بووە، وەک: چۆنییەتی پەیداكردن و هێنانی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لە سوریاوە بۆ باشووری كوردستان، بۆیە زۆرێك لە ڕووداوی ئەو سەردەمە كە نووسەر خۆی تیایدا بەشدار نەبووە باسی نەكردووەو نەیویستووە لە زمانی ئەوانیترەوە باسیان بكات. لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، نووسەر بۆ بەشێک لە چیرۆکەکان بەڵگەنامەی سەلماندنی ڕاستی گێڕانەوەکانی خستووەتەڕوو. خاڵێکی سەرنجڕاكێش لەم بیرەوەریانە ئەوەیە، بە وردی باس لە ناوەڕۆكی ئەو گفتوگۆیانە دەكات، کە لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رژێمی ئەوكاتی عێراق لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ئەنجامدراوە، ئاماژە بە وردەکارییەکانی بەشێك لە گفتوگۆكانی نێوان شاندی كوردی و حكومەتی عێراق دەکات.
نووسەر لە بیرەوەرییەكانیدا باس لە چۆنێتی دامەراندنی یەكیتی، ڕۆڵی مام جەلال و پشتیوانی حكومەتی سوریا و لیبیا دەكات، هەوڵدەدات ئەو خاڵە ڕۆشن بكاتەوە، كە تا ڕادەیەك لەناو سەركردە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیدا مشتومڕی گەرمی لەسەرە و تا ئێستاش بەردەوامە، وەک بابەتی دەستەی دامەزرێنەر و دامەزرێنەرانی یەكێتی. د.خدر بڕوای وایە، سەدان كەس لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیدا بەشداربوون، بەڵام دەستەی دامەزرێنەر وەك مەكتەب سیاسی بەشێوەیەکی کاتی ڕۆڵیان پێدراوە.
ئەمە وێڕای ئەوەی باس لە مشتومڕی نێوان لایەنەكان، ناكۆكییە نێوخۆییەکانی یەكێتی، توڕەبوون و پێشكەشكردنی دەستلەکاركێشانەوەی تاڵەبانی كراوە لەگەڵ دەقی نوسینەكانی دەستلەكاركێشانەوەكان.
سەبارەت بە پارتە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، باسی ڕۆڵی دكتۆر قاسملو لە نێوەندگیری و گفتوگۆی نێوان یەكێتی و حكومەتی ئەوكاتی عیراق دەکات، كە لەبەشێك لە دانیشتنەكان بەتایبەتی لەنێوان سەدام حسێن و شاندی كورد، ئەویش بەشداربووە.
بەشێكی تری بیرەوەرییەكان، باسی ڕۆڵی پزیشکانی نێو شۆڕشی نوێ دەكات، كە چ كاریگەرییەکیان لە چارەسەرکردنی نەخۆش، تیمارکردنی برینداران و پرسی تەندروستی بەگشتیدا بینیوە.
بە بڕوای ئێمە، ئەم بیرەوەرییانە، جگە لەوەی هەندێ لایەنی نەوتراوی شۆڕشی نوێی ڕوونکردووەتەوە، توانیویەتی لە هەندێ جێگەشدا، بە خستنەڕووی بەڵگەنامە تیشک بخاتەسەر بەشێک لە ڕووداو و گێڕانەوەی چیرۆکەکانی شۆڕش، کە بێگومان ئەمەش بۆ خۆی دەبێتە لایەنێکی دیکەی متمانەدان بە بەشێک لە گێڕانەوەکان و ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە.
ئەم کتێبە، بە تیراژی ٥٠٠ دانە، ساڵی ٢٠٢٦، لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.