شارپرێس:
لە کاتێکدا هێشتا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەلایەن ئیسرائیلەوە نەدراوە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی قووڵ لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بڵاوبووەتەوە. تەنانەت بەرلە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی سەرەتاییش، زۆرێک لە سیاسییە ئیسرائیلییەکان ئەم هەنگاوەیان بە خراپ وەسف کرد.
هۆکاری سەرەکی ئەم ناڕەزایەتییە ئەوەیە کە بەڵگەنامەکە باسی لە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران نەکردووە، کە تەلئەبیب وەک هەڕەشەیەکی بوونیادیی سەیری دەکات. هەروەها دۆسیەی پشتیوانیکردنی تاران لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس لە غەززە و حوسییەکان لە یەمەن، پشتگوێ خراوە.
شارەزایانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی ئەم بابەتە گرنگانە لە دەقەکەدا نین.
یەعقوب ناگل، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کردووە کە موشەکە بالیستییەکان و دۆسیەی گرووپە هاوپەیمانەکان تەنانەت لە گفتوگۆکانیشدا نەبوون. هاوکات ڕێککەوتنەکە بە واتای ڕاگرتنی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل دێت دژ بە حزبوڵڵا.
بەرپرسێکی ئیسرائیلییش کە نەویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، کێشە سەرەکییەکانی لەم خاڵانەدا کورت کردۆتەوە: نەبوونی وەڵامی ڕوون بۆ پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، نەبوونی سنووردارکردنی توند بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکە، گەڕانەوەی پارە بۆ ڕژێمی ئێران لەجیاتی هاندانی ڕووخانی، نەبوونی میکانیزمێک بۆ ڕاگرتنی پاڵپشتییە ناوچەییەکانی تاران و ڕاگرتنی هێرشەکانی لوبنان.
لەلایەکی دیکەوە، نەیارانی نەتانیاهۆ ڕەخنەی توندیان گرتووە و ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووتری بەرگری، ئەم لێکتێگەیشتنەی بە کارەسات ناوزەد کرد، هەروەک یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنیش ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕاپۆرتەکان ڕاست بن، ئەوا ئەمە گەورەترین شکستی سیاسی و ئاسایشی ئیسرائیلە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومەت لە ترسی تووڕەکردنی دۆناڵد ترەمپ، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.