شارپرێس:
وەرچەرخانێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی نێوان میسر و تورکیادا بەدی دەکرێت کە چاودێران پێیان وایە ئەمە تەنیا ئاشتەوایییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هەرێمییەکانە لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا.
دوای چەندین ساڵ لە گرژیی سیاسیی توند، قاهیرە و ئەنقەرە ئێستا نزیکترن لە گرتنەبەری دیدگایەکی پراگماتی بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان، ئەمەش لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە خێراکانی وەک جەنگی غەززە، گرژییەکانی دەریای سوور، و قەیرانەکانی لیبیا، سودان، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا.
ئەم لێک نزیکبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچەکە خەریکی پێداچوونەوەن بە هاوپەیمانێتییەکانیاندا بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی زیاتر، قاهیرە و ئەنقەرەش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دابڕانی سیاسیی زیانی بە ئاسایشی نەتەوەیی هەردوولا گەیاندووە، بەتایبەت لە دۆسیەکانی لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
بۆیە پەیوەندییە نوێیەکەیان زیاتر لە "نزیکبوونەوەی ناچاری" دەچێت نەک هاوپەیمانییەکی تەواو، چونکە هێشتا جیاوازی لە ڕاکاندا هەیە، بەڵام هەوڵ دەدەن ناکۆکییەکان بەڕێوە ببەن نەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی کراوە بڕۆن.
میسر وەک یاریزانێکی بەهێزی سەربازی و ئابووری سەیری تورکیا دەکات، و تورکیاش دەزانێت میسر سەنگێکی گەورەی عەرەبی و ئەفریقی هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
لایەنی ئابووری یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئەم کرانەوەیە، چونکە تورکیا پێویستی بە بازاڕی دەرەکی هەیە و میسریش دەیەوێت وەبەرهێنانی نوێ ڕابکێشێت.
پێشبینی دەکرێت پەیوەندییە ئابوورییەکانیان گەشەیەکی گەورە بەخۆوە ببینێت، بەتایبەت لە ڕێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنان و پیشەسازیی هاوبەشەوە کە بازاڕی میسر دەکاتە دەروازەیەک بۆ جیهانی عەرەبی و ئەفریقا.
سەبارەت بە دۆسیەی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دوورکەوتنەوەی پێشووی قاهیرە و ئەنقەرە دەرفەتی زیاتری دابووە لایەنەکانی وەک یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی هەژموونیان، ئەمەش وای کردووە ئێستا هەردوو وڵات بەدوای فۆرمۆلەی نەرمتردا بگەڕێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە، هەرچەندە تێڕوانینەکان بەهۆی ئاڵۆزیی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە هێشتا سنووردارن.
ئەم نزیکبوونەوەیە لایەنی بەرگریشی گرتۆتەوە؛ هەردوو وڵات دوای پچڕانی زیاتر لە 13 ساڵ، مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەست پێکردۆتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میسر گرنگییەکی زۆر بە پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا دەدات، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی موشەکی، و تەنانەت باس لە بەشداریکردنی میسر لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی تورکی "KAAN" دەکرێت، ئەمەش ڕەنگە کاردانی لەسەر هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا هەبێت.
ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی نیگەرانی لە واشنتۆن و تەلئەبیب، چونکە ئەمریکا بە وریاییەوە سەیری دروستبوونی جەمسەرێکی هەرێمیی سەربەخۆ دەکات و ئیسرائیلیش لە کەمبوونەوەی ئەو دەرفەتانە دەترسێت کە لە کاتی ناکۆکیی نێوان ئەم دوو هێزەدا هەیبوو.
بەڵام شیكەرەوان پێیان وایە ئەم لێک نزیکبوونەوەیە نابێتە میحوەرێکی دژ بە ئەمریکا یان ئیسرائیل، چونکە هەردوو وڵات پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ واشنتۆن هەیە.
لە کۆتاییدا، ئەم پەیوەندییە هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانن ئەم نزیکبوونەوەیە بکەنە هاوبەشییەکی ستراتیژیی بەردەوام، یان فشاری دەرەکیی و میراتی ڕابردوو لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی بە ئاگادا دەیهێڵێتەوە.