ئێران: متمانەمان بەئەمریکا نییە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوانیان، ئێران جەخت لەوەدەکاتەوە کە متمانەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە، لەوبارەیەشەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە بێ متمانەیی گەلی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا هێندە قووڵە کە پێویستیبە ڕێگایەکی درێژ هەیە بۆ بەدەستهێنانەوەی.

 بەقائی هۆشداریی دا کە پابەند نەبوونی واشنتۆن بەبەڵێنەکانی، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی هاوشێوە لەلایەن تارانەوە.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ سوڵتان شینی عومان و وڵاتانی دیکە، ڕێوشوێنی پێویست بۆدەستەبەرکردنی هاتوچۆی ئارام بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بەپێی پابەندبوونەکانی ئەمریکا دەگرێتەبەر.

هەروەک، هۆشداریشی دا کە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووەکەدا پارێزراوە و لە داهاتوودا کرێ لەبەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان وەردەگیرێت.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە کە لە دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا باسی وردەکاریی دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە، بەڵکو ڕێککەوتن کراوە کە لە ماوەی 60 ڕۆژدا دوای واژۆکردنی، دیالۆگ لە نێوان هەردوولادا لەسەر ئەوبابەتە و بەرامبەر بە لادانی سزاکان ئەنجام بدرێت. 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بەڵێنی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران و دانی قەرەبووی زیانەکانی شەڕی داوە، کە ئەمانە دوو خاڵی سەرەکین لەو ڕێککەوتنەی بڕیارە ڕۆژی هەینی لە جنێف واژۆ بکرێت.

پەیوەست بە لوبنانەوە، بەقایی ڕایگەیاند کەبەشێکی دانەبڕاوە لە ڕێککەوتنەکە و ناوی 3 جار لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە بۆ داواکردنی کۆتایی هێنانبە شەڕ لە هەموو بەرەکان و ڕێزگرتن لە سەروەریی ئەو وڵاتە. 

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانسی جێگری ڕایانگەیاندووە کەپێشبینی دەکەن گەرووی هورمز بەبێ هیچ کۆتوبەندێک یان وەرگرتنی کرێ بە کراوەیی بمێنێتەوە. 

ئەم جیاوازییە لە بۆچوونەکاندا وایکردووە چاودێران مەترسی ئەوەیان هەبێت ببێتە هۆی تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لە کاتێکدا بڕیارە ئەم هەفتەیەک كۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لە دەوحە وەک ئامادەکارییەک بۆ واژۆکردنی کۆتایی بەڕێوەبچێت.