هۆشداری لەدۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دەدرێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تیمی پارێزەران و داکۆکیکاران لەکەیسی لالەزار ڕایدەگەیەنن، لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی دیکە وەک بارمتەی سیاسی ڕاگیراون و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەشیان لەڕێڕەوی یاسایی خۆی لادراوە، هۆشداریشیاندا ئەگەر دۆخەکە بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، لەداهاتودا هەڵوێستی دیکەی توندتریان دەبێت.


سابیر عەبدولڕەحمان، تیمی داکۆکیکار لەکەیسی لالەزار ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبونی نزیکەی 11 مانگ لەدەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و براكەی و هاوڕێکانی، کە لەڕێگەی پلانێکی داڕێژراوەوە هێرش کرایە سەر لالەزار و ماڵی لاهوور تاڵەبانی، لە ئێستادا سەرجەم ڕێوشوێنە یاساییەکان لەو کەیسەدا پەکخراون و ڕاگیراون، جەختیان لەوەشکردەوە کە سیستەمی دادوەری لەم دۆسیەیەدا لەژێر هەژمونی حزبی دەرنەچوەو هۆشداریشیاندا ئەگەر دۆخەکە بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، لەداهاتودا هەڵوێستی دیکەی توندتریان دەبێت.

تیمەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بەتەواوی لەڕێڕەوە سەرەکییەکەی لادراوەو بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەڵێت، ئەوان پێیان وایە لاهور شێخ جەنگی و تەواوی گیراوانی دیکەی ئەم کەیسە، وەک بارمتەی سیاسی ڕاگیراون نەک گیراوی یاسایی و دادگاکان هیچ ڕۆڵ و سەربەخۆییەکیان لەم کەیسەدا لێ نابینرێت.

سەبارەت بەدۆخی ناوخۆیی زیندانییان، تیمی داکۆکیکار ڕونیان کردەوە کە دۆخی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار جێگیرەو مانیان نەگرتوە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ماوەی مانگێکە دادگا بەتەواوی پەکخراوەو کارەکانیان ڕایی ناکرێت. 

لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕاشیانگەیاند، داواکارییان ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری، لایەنە پەیوەندیدارەکان و کونسوڵخانە دەرەکییەکان دەكەن کە کۆتایی بەهەر دۆخێک بهێنرێت کە گومانی دەستێوەردانی نایاسایی لەپرۆسەی دادگاییکردندا دروست دەکات، تاوەکو هەنگاوە یاساییەکان بەشێوازێکی بێلایەنانەو شەفاف جێبەجێ بکرێن و پارێزگاری لەسەربەخۆیی دادگاکان بکرێت.